نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: تەنها ئاستى زانستى پێوەرە بۆ دەستنیشانکردنى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان

IMG_0001.jpg

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ یاسین عەوز ئیسماعیل کونسڵگەرى گشتى سودان لە هەرێمى کوردستان، لە دیدارێکدا پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردولا تاوتوێکرد.

لەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٩/٧/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو. لەسەرەتادا کونسڵى گشتى سودان خوشحاڵى خۆى بەو سەردان و پێشوازییە دەربڕى و، دواتر کورتەیەکى لەبارەى دۆخى سیاسى و ئەمنى و مێژوى سودان خستەڕو. هەر لە میانەى قسەکانیدا کونسڵى گشتى سودان لە هەرێمى کوردستان وتى: هەرێمى کوردستان ڕۆڵى گرنگى لە ناوچەکە هەیە و، خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە هەرێمى کوردستان بەتایبەت ڕۆى چۆنایەتیەوە لە بوارى خوێندنى باڵا گەشەکردنى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە، کونسڵى گشتى سودان کورتەیەکى لەبارەى دۆخى خوێندنى باڵاو زانکۆکانى وڵاتەکەى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد، ئەوەشى ڕونکردەوە کە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارى نێودەوڵەتى لە زانکۆکانیان دەخوێنن بەتایبەت مالیزى و نەیجیرى...هیواشى خواست وەزارەتى خوێندنى باڵا لە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا چاو بەزانکۆکاندا بخشێنێتەوە بەتایبەت بەزانکۆکانى سودان.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسڵى گشتى سودان، ئاماژەى بەسیاسەت و ستراتیژى وەزارەتەکەى کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: سیاسەتى وەزارەت بەرامبەر بەزانکۆکانى جیهان بەتایبەت لە ڕاگەیاندنى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان تەنها بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرایە، چونکە زۆرێک ئەوانەى لە دەرەوە دەیانخوێند لە ئاستە چاوەڕانیەکانى ئێمەدا نەبون، بۆیە ئێمە دەمانەوێ لە ڕێگەى ئەو سیاسەتەى گرتومانەتە بەر ئاستى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا بەرز بکەینەوە، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕونکردەوە وەک چۆن لەسەر ئاستى دەرەکى کارمان کردوە، بەهەمان شێوە لەسەر ئاستى ناوخۆى خۆمانیشدا چەندین ڕێگەمان گرتۆتە بەر بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕونکردەوە، کە لیستى زانکۆکان باوەڕپێکراوەکان بەپێى ڕیزبەندى باشترین زانکۆکانى جیهان دانراوە، بۆیە دانانى زانکۆکان لەو لیستە پەیوەندى بەهیچ وڵاتێکەوە نیە، بەڵکو سودمان لە ڕیزبەندییە نیشتمیانیەکان وەرگرتوەو (١٥٠٠) زانکۆمان داناوە، ئەوەشى ڕونکردەوە ئامانجمان لەو کارەیە بۆ ئەوەیە تا خوێندکاران ئاراستەى ئەو زانکۆیانە بکەین کە ڕانکینگیان بەرزە جا لە هەر دەوڵەتێک بن لە خەرتوم بێ یاخود لە بەریتانیا، یا هەر وڵاتێکى دیکە، ڕونیشیکردەوە ئەوە سیاسەت و ستراتیژى وەزارەتەکەمانە بۆ ئایندە، بۆیە هەموو ساڵیکیش بەو لیستەدا دەچینەوەو هەر زانکۆیەک ئاستى باشتر بوو ناوى دێتە ناو لیستەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەشى خراپتر بێ لە لیستەکە ناوى دەردەهێنرێ، بۆیە تەنها ئاستى زانستى پێوەرە بۆ دەستنیشانکردنى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان.