نوفمبر 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزا کرد

IMG_4415.JPG

 بەئامانجى گەشەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لە بواری خوێندن و توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستیی و تەکنۆلۆجی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزا کرد.

ئەمڕۆ سێ شەممە, ڕێکەوتى (١/٣/٢٠١٦)لە سەر بانگهێشتی (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرۆکایەتى (د. سالار ئامولی) بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لەو سەردانەیاندا بۆ هەرێمى کوردستان کە سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ بەناوبانگەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران هاوڕێتیان دەکرد, سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد و, بەگەرمى لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان هەردولا کرا, لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا (د. سالار ئامولی) خۆشحاڵى خۆى بەو مێواندارى و پێشوازییە دەربڕى و وتى: لەم سەردانەماندا بۆ هەرێمى کوردستان سەرۆکى زانکۆ گەورەو بەناوبانگەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران هاوڕێتیمان دەکەن, بۆیە ئەم کۆبونەوەیە بەکۆبونەوەیەکى مێژوى, زانستى گەورە لە هەرێمى کوردستان دەبینم.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا کورتەیەکى لەبارى میژوى زانست و تەکنەلۆژیا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران باس کرد وتى: لەماوەى سێ دەیەى ڕابردودا بوارى زانست و تەکنەلۆژیا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران بەهەورازو نشێوى زۆردا تێپەڕ بووە، بەڵام بەخۆڕاگرى خەڵک و حکومەت توانیمان قەیرانەکان تێبپەڕێنین و هەنگاوى گەورە لە بوارى زانست و تەکنەلۆژیا بنێن، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە بوارى پزیشکى کرد و وتى: ساڵانێک بەهۆى نەبونى داو دەرمان نەخۆش لە نەخۆشخانەکانمان  دەمردن, بەڵام بەهۆى پیتاندنى (٢٠%) یۆرانیۆم توانیمان دەسکەوتى گەورە لە بوارى پزیشکیدا بەدەست بهێنن و ئێستا خۆمان داودەرمان بۆ نەخۆشخانەکانمان بەرهەم دێنین, لە بوارى تەکنەلۆژیادا (١٠) ساڵ لەمەوبەر توانیمان سەتەلایتێک بەرهەم بێنین, بۆیە بەهەوڵى زانکۆ و کەسایەتیە نوخبەکانمان توانیمان کۆمارى ئیسلامى ئێران بگەێننە (١٦) وڵات لە بوارى زانست و تەکنەلۆژیادا.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران وتى: لە ئیستادا زۆرێک لە وڵاتانى جیهان و بەتایبەت ڕۆژئاوا سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن و ئارەزوو دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵماندا پتەو بکەن, کۆمارى ئیسلامى ئێران سەربارى پێشوازیکردن لەو دەستپێشخەریانە, بەڵام ئێمە سیاسەتێکى ناوچەییمان هەیەو، دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە پتەوتر بکەین، عێراق و هەرێمى کوردستانیش لاى ئێمە جێگەو پێگەى دیارى هەیە, خۆشحاڵ دەبین پەیوەندییەکانمان لە بوارى زانست و تەکنەلۆژیا بەهێز بکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا, د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ئەوەى خۆشحاڵى بەو سەردانە دەربڕى و،  وتى دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئیران و هەردوو وەزارەت, بەتایبەت لە دۆخێکدا پەیوەندییە سیاسى و ئابورییەکانى نێوان هەردوولا زۆر پێشکەوتووە, بەهەنگاوێکى دیکەى گرنگى دەزانین، وتیشى ئەگەر لە ڕابردودا پەیوەندییەکان تەنها پاڵپشتیکردن بوبێ لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد و بەدەنگەوهاتنى خەڵکى کوردستان، لە ئێستا بەدواوە پەیوەندییەکانمان پەل دەهاوێژێ بۆ بوارى زانست و ئەکادیمی.

د.یوسف گۆران, خۆشحاڵى خۆشى دەربڕى کە بەرهەمە زانستیەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کەوتۆتە پێش هەندێک لە بەرهەمى وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، وتیشى ئەو دەسکەوتەش خاڵێکى باشى ئەو ئابڵوقەیە بوو کە خرابووە سەر ئێران.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: دەبێ وەک بۆنەیەکى زانستى گرنگ و وێستگەیەکى گرنگى پەیوەندییە زانستیەکانمان لەم ڕۆژە بڕوانین، چونکە لێرە بەدواوە پەیوەندییە زانستیەکان زیاتر فراوان دەبن و چوارچێوەیەکى یاسایش وەردەگرن و، بەشێوەیەکى تۆکمەش ڕێکدەخرێتەوە.

د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە بوارى زانست کرد و ڕایگەیاند: زانست مرۆڤ و میللەتان زۆر لەیەکتر نزیک دەکاتەوە, وتیشیى ئەوەى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوین ڕوەدەن بەتایبەت لە ناجێگیرى سیاسى, ئەگەر پردى پەیوەندى دیکە بەتایبەت لە بوارى زانست و ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاى ئەکادیمى هەبوایە کێشەکان زوتر چارەسەر دەبون, وتیشى وەک هەرێمى کوردستان پیمان خۆشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بکەین کە خاوەن ئەزمونى سەرکەوتون  لە نمونەى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە چۆن لەگەڵ بونى ئابڵۆقەى ئابورى و ئەو شەڕانەى ڕوبەڕویان بوەوە توانى هەنگاوى گەورە لە بوارى زانست بنێت, هیواشى خواست ئەم ڕێکەوتنەى ئیمزا دەکرێت دەرگا بکاتەوە بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى هاوبەش و, توێژینەوەى هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنى مامۆستا و خوێندکار بەئامانجى سودگەیاندنى زیاتر بەهەردوولا.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران باسیان لە بوارو پێگەو کاروچالاکى زانکۆکەیان کرد.

دوابەدواى کۆبونەوەکەش د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و, (د. سالار ئامولی) بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی یاداشتی لێکگەیشتنیان ئیمزا کرد.

دوا بەدواى ئیمزاکردنى یاداشتنامەکەش، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و, (د. سالار ئامولی) بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وردەکارى یاداشتنامەکەیان بە میدیاکاران ڕاگەیاند.

 لەسەرەتایى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەگرنگى یاداشتنامەکە کرد و وتى: لە ڕێگەى ئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەیەوە پەیوەندییەکانمان دەچێتە قۆناغێکى دیکەوە, بۆیە ئەمرۆ بەڕۆژێکى مێژوى زانستى گرنگ دەزانم، چونکە لە ئەمرۆ بەدواوە باشتر دەتوانین ئاڵوگۆڕى زانستى بکەین و ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەردوو وڵات فراوانتر بکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا (د. سالار ئامولی) وتى: خۆشحاڵم کە ئەمرۆ دوو دراوسێ کە خاڵى هاوبەشى زۆر لە بوارى فەرهەنگ و زمان و ئاین لە نێوانماندا هەیە ڕێکەوتنێک ئیمزا دەکەین، وتیشى وەک لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە لێرە بەدواوە دەرگا دەکرێتەوە بە ڕوى ئاڵوگۆڕکردنى مامۆستاو خوێندکارو ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان هەردوولادا, لەهەمان کاتدا ڕێکەوتنەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەى زانکۆکانمان لقیان لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە، وتیشى وا هەست دەکەم کە زانست و تەکنەلۆژیا جیگەى و پێگەى دیارى لە هەرێمى کوردستان هەیە, بۆیە خۆشحالین لەو بوارانەدا پەیوەندییەکانمان پتەو بکەین.

ئەو ڕێکەوتنە کە لەمەودوا بە (ڕێککەوتنی هەولێر) دەناسرێت لە ڕۆژی واژۆکردنییەوە کاری پێدەکرێت بە مەرجی نەبوونی ناکۆکی و ناتەبایی لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکانی هەردوولایەن، و دەبێتە بنەمای کاری هاوبەش لە چەند بوارێکى زانستى بەتایبەت لە پشتیوانی هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان, هەروەک بەپێیى ڕێکەوتنەکە وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە بوار دەڕەخسێنن بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ بەناوبانگ و باوەڕپێکراوەکانی ئێران لە بواری پسپۆڕی جیادا بخوێنن, لەهەمان کاتدا وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان فەراهەم دەکات لە بواری پسپۆڕی جیادا.

هەروەک بەپێیى خاڵێکى دیکەى ڕێکەوتنەکە وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەگەری کردنەوەی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر لە بواری زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی سلێمانی، مامۆستا و کتێب و سەرچاوە و پێداویستیی زانستیی بۆ ئەم پرۆژەیە دەستەبەر دەکات, بەهەمان شێوە لە ئەگەری کردنەوەی خوێندنی ماستەر لە بواری زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی سەلاحەددین، وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران مامۆستا و کتێب و سەرچاوە و پێداویستیی زانستیی بۆ ئەم پرۆژەیە دەستەبەر دەکات. 

بەپێیى یاداشتى لێکتێگەشتنەکە هەردوولا ڕێککەوتن کە کارئاسانی بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران بۆ مەبەستی ئەنجامدانی کاری زانستی و توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزمون و شارازایی, هەروەک هەردوولایەن وێڕای کارکردن بۆ ناساندنی ناوەندەکانی توێژینەوە لە بوارەکانی  زانستی مرۆیی و پیشەیی و پزیشکیی ، هاوکات پشتیوانی کار و پرۆژە و توێژینەوەی هاوبەش دەکەن و, هەوڵ دەدەن گروپی توێژینەوەی هاوبەش دروست بکەن بۆ ئەو پرسە زانستیانەی کە کاریگەری ستراتیجیان بۆ هەردوولا هەیە . لەلایەکى دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان (لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا و خوێندنی تایبەت) هاوکاری کردنەوەی لقی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.