نوفمبر 2016

وانەی گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە گۆڕانکارى تێدا دەکرێت

work sho2.JPG

 د. ئامانج سەعید ڕایگەیاند: زۆر گرنگە نەوەی نوێ نەوەیەکی ڕەخنەگربێت، هیچ تێکست و دۆکیومێنتێک بە موتڵەق و حاشاهەڵنەگر سەیر نەکات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات لە وۆرکشۆپێکى زانکۆى سەڵاحەددین, کە تایبەت کرابوو بە (وانەی گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە).

لەو وۆرک شۆپەدا کە د.ئامانج سەعید کە بەنوێنەرایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشداریکردبوو، وتارێکى پێشکەش کرد.

لە سەرەتایى وتارەکەیدا بەناوی وەزارەتەوە دەست خۆشی لە زانکۆی سەڵاحەددین کرد بەوەی کە هەمیشە پێشەنگ بوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی وەزارەت, وتیشى کارەکانتان بۆتە بنەمایەک بۆ زانکۆکانی دیکە، هەروەک پیرۆزبایی لە زانکۆی سەڵاحەددین کرد بەوەی لە هەڵسەنگاندنی ڕریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان یەکێک بووە لە گروپى زانکۆ پێشەنگەکانى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بەگرنیگەوە ئاماژەى بە (وانەی گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە) کرد و وتى: لە ناو بابەتەکانی وۆرکشۆپەکەتاندا کۆمەڵێک تەوەری زۆر گرنگ و کاریگەر دەخرێنە بەر باس بەتایبەت: (Argument, Persuasion  , Poster presentation and design, Referencing and bibliographic management , Plagiarism )، وتیشیى هەموو ئەو بابەتانە زامنی ڕاهێنانی نەوەی نوێیە لەسەر بەشداری ڕاستەقینە لە دروستکردنی دیبەیت و ئارگیومێنتی ئەکادیمی و ڕێزگرتن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و, مافی خاوەندارێتی هزری و ئاماژەکردن بە سەرچاوەکان و بەشداری ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفە.

 هەر لە وتارەکەیدا ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە مێژودا زۆر تێکست و تیوریمان بینی لەبەر ڕۆشنایی گەشەکردنی تەکنۆلۆجیاو مێتودە نوێیەکانی توێژینەوە پێچەوانەکەیان سەلمێنرا، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەمان هەمیشە لە پێش چاو بێت، کە ڕەخنە دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگە و دۆکیومێنت و داتای زانستی بنیاد بنرێت، ڕەخنە و دیبەیتی ئەکادیمی دەنێت لەسەر بنەمای لۆجیک و ڕێزگرتنی ڕای بەرامبەر بێت، دیبەیت دەبێت کۆنستراکتیڤ بێت.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: مەبەستی سەرەکی دیبەیت و ئارگیومێنت بریتی نییە لە بردنەوە و دۆڕاندن، بەڵکو بریتییە لە گەشەکردن و بەرەوپیشچون، دیبەیت و ڕای جیاواز و ئارگیومێنت مێژوو وکەلتورمان دەوڵەمەندتر دەکات, وتیشیى جیاوازی بیرورا زۆر گرنگە نەک تەنها لە بواری زانست، بەڵکو لەبوارەکانی (سیاسی, کۆمەڵایەتی و کەلتوری)، هەروەک باشترین بڕیار ئەو بڕیارانەن کە لە ئەنجامی جیاوازی بیروڕاو ئارگیومێنت و دیبەیت درست دەبن.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: لە دوای جێبەجێکردن و کۆکردنەوەی ئەزموونێکی دەوڵەمەند دەربارەی ئەو پرۆژەیە، خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەم وۆرکشۆپەدا دوبارە بەشێوازێکی زانستی لە بەر ڕۆشنایی داتا و زانیاری و، لە چوارچێوەی توێژێنەوەی زانستیدا پرۆسەکە هەڵدەسەنگێنن و هەوڵی پەرەپێدانی زیاتری دەدەن.

لەو وۆرک شۆپەدا کە لە  سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆى سەڵاحەددین، بە ئامادەبونی دکتۆر ئامانج سەعید نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و, دکتۆر هەرزانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پشکنین و دڵنیایی جۆریی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى و راگرانی کۆلێژەکان و مامۆستایانی وانەی گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە لەسەر ئاستی کۆلێژەکان بەڕێوەچوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان لە زانکۆی سەڵاحەددینەوە ڕێکخرابوو .

 وۆرکشۆپەکە کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام بوو, تایبەت بوو بە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی بابەتی گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە کە لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژەکان دەخوێنرێت.

لە مەراسیمی کردنەوەی ۆرکشۆپەکەشدا د.ئیبراهیم حەمەڕەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وتەیەکی پێشکەش, لە وتەکەیدا تیشکی خستەسەر کارەکانی لێژنەی پێداچونەوە بەو پڕۆگرامەو چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە زانکۆکانی وڵاتانی پێشکەوتوو تا ئاستی زانستی خوێندکاران/قوتابیانى زانکۆی سەڵاحەددین هاوشانی زانکۆ جیهانییەکان بێت.

لە بەشێکى دیکەى وۆرک شۆپەکەدا د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین دیاری بەخشیە ئەو مامۆستایانەى کە لە دوو رۆژی ۆورکشۆپەکەدا سمینار پێشکەش دەکەن.

بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژى وۆرک شۆپەکەدا بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی زانکۆی ئەپەڵاچن ستەیت لە ئەمەریکا، گۆڕانکاری لە پڕۆگرامى (گفتوگۆی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە) بکرێت تا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.