نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ کۆنسڵى گشتى ئاڵمانیاى فیدراڵ کۆبوەوە

IMG_1560.JPG

 کونسڵى گشتى ئاڵمانیاى فیدراڵ لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند: پشتیوانى ئێستامان بۆ گەلى کوردستان بریتیە لە هاوکاریى و کۆمەکردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بەڵام بەپشتیوانیکردنمان بۆ بوارى پەروەردەو خوێندن وەبەرهێنان لە ئایندەى کوردستان دەکەین و هاریکارتان دەبین.

ئەو ڕاگەیاندنەى (مارک ئایشهۆڕن) کۆنسڵى گشتى ئاڵمانیا، لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١١/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

لەو دیدارەدا کە بەئامادەبونى د. ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، دیدار داودى نوێنەرى نوسینگەى ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى لە هەولێر ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى چۆنییەتى زیاترى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئاڵمانیاى فیدراڵ کرا.

لەسەرەتایى دیدارەکەدا، کۆنسڵى ئاڵمانیا ئامانجى سەردانەکەى خستەڕو و ڕایگەیاند: هاتوین تا زیاتر پەرە بە بوارى پەیوەندییە ئاکادیمى و زانستیەکانى نێوان دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و ئاڵمانیا بدەین.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕاگەیاند: لە زۆر بوارى زانستیدا پەیوەندیمان لەگەڵ ئاڵمانیاى فیدراڵ هەیەو توانراوە سود لەو پەیوەندیانە بەخزمەتکردنى بوارى زانست و ئەکادیمیا سودى لێ وەربگرین، هەماهەنگیمان لەگەڵ ڕێکخراوى (داد)ى ئاڵمانى نمونەیەکى سەرکەوتوى ئەو پەیوەندیانەیە، بەڵام ئەخوازین زیاتر پەرە بەو پەیوەندیانەمان بدەین، وتیشیى لە ئێستا کاردەکەین بۆ دامەزراندنى ئەنجومەنى باڵاى توێژینەوەى زانستى، ئەم ئەنجومەنە کار دەکات بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى لە کوردستان و دانانى نەخشە ڕێى کارکردن لەو بوارەدا، بەڵام بۆ بەهێزکردنى ئەو ئەنجومەنە پێویستمان بەهاریکارى و پشتیوانى نێودەوڵەتى و بەتایبەت ئێوە هەیە.

هەر لە میانەى قسەکانیدا وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیشنیازیکرد گروپێکى لێکۆلەرى هاوبەشى کوردى ئاڵمانى دابمەزرێ، نەک تەنها بایەخ بە بوارى توێژینەوەى زانستى بدەن، بەڵکو توێژینەوە لەبارەى مەترسیەکانى داعش، دۆخى ئەمنى کوردستان، کۆچى هاوڵاتیان و بابەتە سیاسی و ئابورییەکان بکات، رونیشیکردەوە توێژینەوەکردن لە بوارانە خزمەت بەئاڵمانیا و هەرێمى کوردستانیش دەکات، داواشیکرد میکانزمێک بۆ پێکهێنانى گروپیکى لەو شێوەیە دابڕێژن.

بۆ ئەوەش کۆنسڵى ئاڵمانیا ڕاگەیاند: لە ئاڵمانیا جگە لە زانکۆکان، لە دەرەوەى زانکۆکانیش کۆمەلێک مەڵبەندى ئەکادیمى هەن کە کار لەو بوارانە دەکەن، ڕونیشیکردەوە لە ئیستادا لە ئاڵمانیا روانگەیەک بۆ توێژینەوەکردن لەو بوارانە هەیە و، پشتگیرى ماددى لەو جۆرە پڕۆژانەش بەئاسانى پەیدا دەبێ، بۆیە دواى بەهەند وەرگرتنى پیشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: پڕۆپۆزەڵێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى ئاڵمانیا گفتوگۆى لەبارەوە بکەم، هەروەک گەشبینیى خۆشى پیشاندا کە پڕۆژەکە سەردەگرێت و حکومەتى ئاڵمانیا پشتگیرى پڕۆژەیەکى لەو شێوەیە دەکات، وتیشى جێبەجیکردنى ئەم پڕۆژانە داهاتومان گەشترو ڕوناکتر دەکاتەوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: پشتیوانى ئێستامان بۆ گەلى کوردستان بریتیە لە هاوکاریى و کۆمەکردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بەڵام بەپشتیوانیکردنمان بۆ بوارى پەروەردەو خوێندن وەبەرهێنان لە ئایندەى کوردستان دەکەیت و هاریکارتان دەبین.

 

لە کۆتایشدا د.یوسف گۆران: سوپاسى گەل و حکومەتى ئاڵمانیایى کرد بۆ پشتیوانیە بەردەوامەکانیان لە ئیستاو داهاتوى کوردستان، وتیشى تەنها بە ڕێگەى زانست و مەعریفە دەتوانین وەبەرهێنان لە ئیاندە بکەین، چونکە ئەوەى ڕیگە ڕاستمانە، هەروەک بەڵێنیشیدا لە ئایندەیەکى نزیکدا پڕۆپۆزەڵێک بۆ پێکهێنانى ئەو گروپە هاوبەشە ئامادە بکەن تا بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدەن.