نوفمبر 2016

ڕونکردنەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەبارەى راگەیەندراوێکى دەستەى دەستپاکى هەرێم

IMG_6009999.jpg

سەبارەت بە ڕاگەیەندراوێکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان لەبارەى بڵاوکردنەوەى ناوى ئەو کەسانەى کە تاێستا فۆڕمى دەستەکەیان نەگەڕاندۆتەوە. وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپێویستى دەزانین چەند ڕاستیەک لەبارەى بڵاوکردنەوەى ناوەکان بۆ راى گشتى بخەینە ڕوو.

1. بۆ هەموو لایەک پشت ڕاستى دەکەینەوە زۆرى ئەو ناوانەى لە لیستەکەى  دەستپاکى بڵاوکراوەتەوە، لەئێستادا ئەو کەسانە لە پۆستەکانیاندا نەماون و هەندێکیشیان لەسەر میلاکى وەزارەت ڕاژەیان گواستۆتەوە بۆ وەزارەتەکانى تر، جگە لەوەش بەشێکیان خانەنشین کراون.

2. بەشێکى دیکەى ئەوانەى ناویان لە لیستەکە دایە، ئەوانەن کە بە وەکالەت لە پۆستەکاندان، بەپێى نوسراوى فەرمى پێشووى دەستەى دەستپاکى کە بۆ وەزارەتەکەمان نێردراوە ئەو کەسانەى بەوەکالەت لە پۆستەکاندان ئەوا فۆڕمى دەستەکە نایانگرێتەوە.

3. بەشێکى کەم لەلیستەکەدا هەیە کە فۆڕمیان نەگەڕاندۆتەوە، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە قۆناغى یەکەمدا دەستەى دەستپاکى ژمارەیەکى کەم فۆڕمى بۆ ناردبوین و، فۆڕمیان بەدەست نەگەیشتبوو، دواتر جارێکى تر دەستەکە فۆڕمى بۆ ناردین بۆ ئەوەش فۆڕمەکانیان بەسەر دابەشکراو لە زووترین کاتدا فۆڕمەکانیان پڕدەکەنەوەو پێشکەشى دەستەکەى دەکەن.

لەکۆتایدا دەمانەوێت ئەوە رابگەیەنین بۆ کارکردن لەسەر ناوەکان و بڵاوکردنەوەى ئەم ڕاگەیەندراوە، دەستەى دەستپاکى پشتى بە لیستى کۆن بەستووە، چونکە زۆربەى ئەوانەى لەو لیستەدا ناویان هاتووە وەک ئاماژەمان بۆى کرد ئەوانەن کە لە پۆستەکانیان نەماون، یان ڕاژەکەیان گواستۆتەوە یا خانەنشین بون، یاخود فۆرمەکەى دەستەى دەستپاکى نایانگرێتەوە، چونکە بە وەکالەت لە پۆستەکانیان دانە.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى