نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: دەمانەوێ هەماهەنگى نێوان وەزارەتەکان بۆ خزمەتکردنى خەڵک پتەوتر بکەین

11111.jpg

 د.یوسف گۆران: دەمانەوێ هەماهەنگى نێوان وەزارەتەکان بۆ خزمەتکردنى خەڵک پتەوتر بکەین

محمد هاودیانى: ڕێژەى تاوان لەناو ئەو کەسانە زۆرترە کە نەخوێندەوارن

بۆ تاوتوێکردنى چەند بابەتێکى هاوبەش, بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و, محمد قادر هاودیانى وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى، کۆبونەوەیەک لە نێوان هەردوو وەزارەتى (خوێندنى باڵا و کاروبارى کۆمەڵایەتى) بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەئامادەبونى ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى هەردوو وەزارەت لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وتەیەکى پێشکەش کرد.

لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لەو جۆرە کۆبونەوانە کرد، بەتایبەت لەگەڵ ئەو وەزارەتانەى کە خاڵى هاوبەشیان هەیە، بۆ ئەوەى لە ڕێگەیەوە کارى باشتر بکەن و، زوتر ڕێگەچارەى گونجاو بۆ کیشەکان بدۆزنەوەو، نەخشەى ڕێى کارى داهاتویان دابڕێژن.

د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: پەیوەندى نێوان وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەبێت لە جاران بەهێزتر بکرێ، چونکە لە زۆربەى ئاست و بوارەکاندا خاڵى هاوبەشمان زۆرە، بۆ نمونە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کادیر بۆ وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى و دامەزراوەکانى دیکەو بازارى کار پێ دەگەێنێ، لەهەمان کاتدا وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیش وردتر لە وەزارەتەکانى دیکە ئاگادارى تواناو کێشەو گرفتەکانى توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە، بۆیە بەسود وەرگرن لە باشکردنى پەیوەندییەکان دەتوانین باشتر ئاگادارى کێشەو گرفتەکانى کۆمەڵگە بین و, ئێمەش لە وەزارەت پڕۆگرامەکانى خوێندن بەپێى پێداویستیەکانى بازارو چارەکردنى کێشەکانى کۆمەڵگە دابڕێژینەوە، بۆ ئەوەش ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە دیدارو کۆبونەوانە تا دەگەن بەخاڵى هاوبەش بۆ ئەوەى لە داهاتودا کارى لەسەر بکەن.

لە بەرامبەردا محمد هاودیانى وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى دواى ئەوەى سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ئەو دەستپێشخەریەو ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوەیە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و کارى هاوبەش، ستایشى کاروچالاکیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کرد و بەکارو پڕۆژەى گرنگ بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە وەسفى کرد.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بەخاڵە هاوبەشکانى نێوان هەردوو وەزارەت کرد و ڕاگەیاند: هەردوو وەزارەت بەیاەخ بەتوێژێک دەدەن کە پێیان دەوترێت کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و کێشەى تەندروستیان هەیە، جگە لەوەش لە ڕوى دامەزراندنەوە خۆشبەختانە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هاوشانى سێنتەرەکانى ڕاهێنان لە وەزارەتەکەمان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بایەخ بە سینتەرى هەلى کار دەدات، بەهەمان شێوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانى چاکسازى پێویستیان بەتویژەرى کۆمەلایەتى و دەرونى هەیە, کە ئەوانیش لە بەشەکانى (کۆمەڵناسى، دەرونزانى، کارى کۆمەڵایەتى) خوێندن تەواو دەکەن، بۆ ئەوەش داواى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد هاریکاریان بکەن لە هەموارکردنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى (کۆمەڵناسى و دەرونزانى) بەشێوەیەک بتوانن لە بەڕێوەبەرایەتیەکانى چاکسازى خزمەتى زیاتر پێشکەش بکەن، هەروەک داواشیکرد وەزارەتى خوێندنى باڵا مەرجى تەمەن بۆ ئەو قوتابیانە لابدات کە لە قوتابخانەکانى چاکسازى دەخوێنن بۆ ئەوەى پاڵپشتى بەرنامەى چاکسازى بکەن و ئەوانیش بتوانن خوێندن تەواو بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا محمد هاودیانى ڕاگەیاند: بەپیى ئامارێک ڕێژەى زۆربەى ئەوانەى تاوانیان ئەنجامداوەو ئێستا لە گرتوخانە و چاکسازییەکانى هەرێمى کوردستانن نەخوێندەوارن، یاخود لە قۆناغى سەرەتایى خوێندنیان بەجێهێشتوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى هەردوو وەزارەت گفتوگۆ لەبارەى کارنامەى کۆبونەوەکە بەوردى کرا بەتایبەت دەرچوانى زانکۆکاتنى هەرێمى کوردستان و شێوەى کارکردنیان لە وەزارەتى کار، لەهەمان کاتدا گفتوگۆ لەبارەى پڕۆگرامەکانى خوێندن لەو بەشانەى کە پەیوەندییان بەکارى تویژەرى کۆمەڵایەتى و دەرونی و شوێنى کارکردنیانەوە هەیە کرا، هەروەک هەماهەنگى سێنتەرەکانى ڕاهێنان لە وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى و سێنتەرەکانى هەلى کار بۆ دەرچوانى زانکۆکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى تاوتوێکران و بیوڕاى جیاوازیان لەبارەوە خرایەڕوو، لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەشدا هەماهەنگى نێوان هەردوو وەزارەت سەبارەت بەهەڵگرانى بڕوانامەى (ماستەر و دکتۆرا) لە وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى هاوبەش درا، بۆ ئەوەى لە ماوەى مانگیکدا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن ئامادە بکەن، تا بڕیارى لەسەر بدەن بۆ دیاریکردنى ئەو خاڵانەى کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت.