نوفمبر 2016

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا: بۆ ساڵى نوێى خوێندن (٣٨) بەشى نوێمان لە زانکۆکان کردۆتەوە

zanko-sul.jpg

 بەئامانجى پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى بازارو سود وەرگرتن لە توانا ناوخۆییەکان, وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر کردنەوەى (٣٨) بەشى زانستى نوێ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى ئەوەى زانکۆکان پڕۆپۆزەڵیان پێشکەشکرد بۆ کردنەوەى بەشى نوێ، وەزارەتەکەمان لە ڕێگەى فەرمانگەى پشکنین و دڵنیایى جۆرى هەڵسەنگاندنى بۆ پڕۆپۆزەڵەکان کرد، دواتر لەبەر ڕۆشنایى بڕیار و ڕێنماییەکانى وەزارەت و هەڵسەنگاندنى پڕۆپۆزەڵەکان و, بەڕچاوکردنى پێداویستیە هەنوکەییەکانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتەکەمان ڕەزامەندى ڕەزامەندى نیشاندا لەسەرکردنەوەى (٣٨) بەشى زانستى نوێ لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕایگەیاند: کردنەوەى ئەو بەشانە دەرفەتى وەرگرتن بۆ ژمارەیەکى زیاتر لە دەرچوانى پۆلى دوانزەیەمى ئامادەیى دەڕەخسێنێت.

هەر لەو لێدوانە تایبەتەیدا عەباس ئەکرەم ڕاگەیاند: لەو (٣٨) زانستییە نوێیە، دوو بەشیان (کارگێڕى گشتى و ژمێریارى) بۆ یەکەمینجارە لە دەرەوەى سنورى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە، ڕونیشیکردەوە ئەو دوو بەشە سەر بە زانکۆى چەرموو-ن و لە قەرەهەنجیر کراونەتەوە. مەبەست لەکردنەوەى ئەو دوو بەشەش ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنە بۆ ئەو خویندکارانەى کە ئامادەییەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم تەواو دەکەن.

لە کۆتایى لێدوانەکەیدا وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ساڵانە لەلایەن زانکۆکانەوە پڕۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەى بەشى نوێ پێشکەش دەکرێت، بەڵام هەندێک لەو بەشانە لەلایەن لێژنەى دڵنیایى جۆرى لە ناو دیوانى وەزارەت، بەهۆى بونى کەموکوڕى لە پرپۆپۆزەڵەکان ڕەتدەکرێنەوە، بۆیە ئەمساڵێش لە کۆى ئەو داواکاریانەى کە لەلایەن زانکۆکانەوە پێشکەشکرابون، وەزارەتەکەمان ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى ئەو (٣٨) بەشە نیشانداوە کە لەگەڵ بڕیار و ڕێنمایى و ستراتیژى وەزارەتەکەمان و تواناى زانکۆکان ئەگونجێن، ئاشکراشیکرد کە زۆربەى ئەم بەشانە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٥ ٢٠١٦ خوێندکار/ قوتابى وەردەگرن.

بڕوانە  بەشە زانستیە نوێیەکان لە زانکۆکان...