نوفمبر 2016

ڕاگەیاندنێک دەربارەی پرۆژەی ڕێزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان

newsitem-1914-27.01.2015.jpg

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە پلان و تێڕوانینی نوێوە پرۆسەی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین لە سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستاندا سەرلەنوێ ڕێکدەخاتەوە، لەبەر ڕۆشنایی پێوەرو ستاندارد و میکانیزمی زانستی نوێدا، هەر وەک بەشێک لەم پرۆژەگەورەیەش یەش لەمساڵەوە پرۆژەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، مەبەست لەم پرۆژەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستیانەی زانکۆکانی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستیی و ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخستنی پیشبڕکێ لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەیەکی زانستیدا ساڵانە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام دەدرێت و بەپێی پێوەرە زانستییەکان ڕیزبەند دەکرێن.

لە قۆناغی یەکەم دا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەشنووسی پرۆژەکە و لایەنە تەکنیکی و زانستی و ئەکادیمییەکانی داڕشتووە، جێبەجێکردنی پرۆژەکەش بە کۆمیتەیەکی پسپۆڕی زانستی و تەکنیکی دەسپێردرێت بە هاوکاری و هەماهەنگی فەرمانگەی پشکنین و دڵنیایی جۆری لە دیوانی وەزارەت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی داوا لە شارەزایان و ئەکادیمیان دەکات ئەوانەی کە ئارەزومەندن لە داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان بە زووترین کات سی ڤییەکانی خۆیان لە ڕێگای ئیمەیلی فەرمی (national.ranking@mhe-krg.org) ڕەوانەی وەزارەت بکەن، دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی سی ڤییەکان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی (٢٦/٢/ ٢٠١٥) یە.

پێشکەشکردن بۆ ئەندامێتی لە لێژنەی باڵای پرۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان پێویستی بە شارەزایی لە بواری دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و هەڵسەنگاندنی دامەزراوە ئەکادیمییەکان یان شارەزایی لە بواری پرۆگرامینگ و (IT) هەیە.