نوفمبر 2016

ئاستی متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌دامه‌زراوه‌كان به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌ ده‌ِروات

newsitem-1799-10.09.2014-ku.jpg

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (10/9/2014) له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانسی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕێكخراوی پرێس میدیا له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژیه‌كدا, سمینارێكی به‌ناونیشانی (پێكه‌وه‌ بۆ داڕشتنی نیشتیمانی بۆ بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی) بۆ د.عبدلحه‌كیم خه‌سرۆ مامۆستای زانكۆ ڕێكخست.

له‌سه‌ره‌تایی سمیناره‌كه‌دا د.گۆڤه‌ند شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نێردراوان و  په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوان سوپاسی ڕێكخراوه‌كه‌ی كرد بۆ ڕێكخستنی سیمیناره‌كه‌یان له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت.

پاشان نوێنه‌ری ڕێكخراوی پرێس میدیا كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی كاروچالاكی ڕێكخراوه‌كه‌یان و مه‌به‌ست له‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌كه‌یان خسته‌ڕو, ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئاماده‌كردنی ئه‌م سمیناره‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانیدا دێت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سمیناره‌كه‌دا، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماده‌یبون د.عبدلحه‌كیم خه‌سرۆ سمینارێكی به‌ناونیشانی (گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر متمانه‌ی سیاسی) پێشكه‌ش كرد, له‌ سمیناره‌كه‌یدا دوای پێناسه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و متمانه‌، ئاماژه‌ی به‌ جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ دیموكراسیه‌ نوێیه‌كان كرد, بۆ ئه‌وه‌ش ووتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی تازه‌ هه‌نگاوه‌ به‌ره‌و دیموكراسی ده‌نێن دامه‌زراوه‌كانیان نوێیه‌و تاڕاده‌یه‌ك لاوازن, بۆیه‌ گه‌نده‌ڵی تێیاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات, هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچونی پڕۆسه‌ی دیموكراسیش متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌سیاسیه‌كان به‌رده‌وام به‌ره‌و دابه‌زین ده‌ڕوات, ئه‌وه‌ش به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین سیسته‌م، كه‌ دواجار به‌هۆی پیاده‌كردن و گۆڕینی سیسته‌مه‌كان هاوڵاتیان بێزار ده‌بن و توانای تاقیكردنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كانیان نامێنێت, به‌وه‌ش متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان و دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌, بۆ ئه‌وه‌ش د.عبدلحه‌كیم خه‌سرۆ نمونه‌ی به‌كوردستان هێنایه‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و ڕاپرسیانه‌ی كراوه‌ جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ (65%) هاوڵاتیان متمانه‌یان پێیان هه‌یه‌، ئاستی متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ له‌ خوار (50%)ه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌مان ده‌رئه‌نجامه‌ كه‌ ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی تازه‌ دیموكراسی هه‌یه‌.

 سیمناره‌كه‌ به‌ پرسیارو خستنه‌ڕوی بۆچونی ئاماده‌بوان كۆتایی پێهات.