نوفمبر 2016

ڕوونکردنەوەیەک بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی

12502539-flag-of-kurdistan-close-up.jpg

 دەربارەی ئەو کاندیدانەی کە لە کۆرسەکانی زمان لە ناوەوەی وڵات بەشدارن، وەزارەتمان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەکاتەوە:

1. هەموو ئەو کاندیدانەی بەرنامەی تواناسازی کە لە ئێستادا لە کۆرسەکانی زمان لە ناوەوەی وڵات دەخوێنن، لە دوای تەواوکردنی کۆرسەکانیان هەموو سێنتەرەکانی زمانی ئینگلیزی ڕاپۆرتی زانستی دەربارەی بەرەوپیشچوونی توانستی زمانی هەر یەک لە کاندیدەکان پێشکەش بە وەزارەت دەکەن. ڕاپۆرتی بەرەوپیشچوونی توانستی زمان هەموو وردەکارییەکانی پابەند بوون بە کۆرسەکان و بەرەوپیشچوونی توانستی زمان و بەشداری کاندیدەکان لە چالاکییە زانستیەکان و هەوڵ و خۆماندووکردنیان لە کۆرسەکان لەخۆ دەگرێت، هاوکات ئەم هەڵسەنگاندنانە بەراورد دەکرێت لەگەڵ ئەنجامی تاقیکردنەوە ستانداردەکانی زمان. ئەو کاندیدانەی کە ئەنجامی ڕاپۆرتی بەرەوپیشچوونی ئاستی توانستی زمانیان پۆزەتیڤ بێت ئەوا مامەڵەی سەفەرکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجام دەدرێت تەنانەت ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەی ستانداردی زمانی ئینگلیزیان نەگەیشتبێتە ئاستی دیاریکراو، لەو کاتەدا کۆرسەکانی زمان لە ناوەوەی وڵات وەک کۆرسی (Pre-sessional) ئەژمار دەکرێت بۆ ئامادەکردنی کاندیدەکان بەر لە سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات.

2. دوای ئەوەی ڕاپۆرتی بەرەوپیشچوونی توانستی زانستیی و ئەنجامی تاقیکردنەوە ستانداردەکانی زمانی ئینگلیزی دەگاتە وەزارەتمان بۆ هەر کاندیدێک کاتێک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی لەلایەن تیمی وەزارەتمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام برێت و بڕیار لەسەر کەیسەکەی بدرێت.

3. بەپێی ڕێنماییە داراییەکانی بەرنامەی تواناسازی کاندیدەکان دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ماوەی (٦ مانگ) لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندنی کۆرسی زمان بدەن و بۆ ئەو ماوەیەش بۆ هەر کاندیدێک بڕی (١٠٠٠٠ دەهەزار دۆلاری ئەمەریکی) وەک کرێی خوێندنی کۆرسی زمان لەدەرەوەی وڵات بۆ خەرج دەکرێت. هەر کاندیدێک ماوەی زیاتری بۆ کۆرسی زمان پێویست بێت ئەوا بۆی هەیە تا سێ مانگ ماوەی کۆرسی زمان درێژ بکاتەوە بەڵام ئەو ماوەیە بێ دەرماڵە و کرێی خوێندن دەبێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی