نوفمبر 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵا و شاندێكی ئێران

newsitem-1239-18.01.2012-ku-01.JPG

 بۆ مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنابوون و پێشوازیكردن له‌ شاندێكی پسۆڕی پزیشكی ئێرانی، رۆژی 18/1/2012 پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌ددین وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ یاوه‌ری د.گۆڤه‌ند حسێن شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبیرییه‌كان و د.ئامانج عه‌بدوڵا راوێژكاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی زانكۆی كۆیه‌یان كرد. له‌وێدا به‌یاوه‌ری د.خدر مه‌عسوم سه‌رۆكی زانكۆی كۆیه له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ،‌ پێشوازییان كرد له‌ شاندێكی پسپۆڕی پزیشكی زانكۆی تاران، كه‌وا د.باخار لاریجانی سه‌رۆكی زانكۆی تاران و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راوێژكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، سه‌ركردایه‌تی شانده‌كه‌ی ده‌كرد.

له‌ سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا،‌ وێڕای خێرهێنانی ته‌واوی شانده‌كه‌، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوای لێبوردنی لێكردن كه‌وا نه‌یانتوانییوه‌ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازی له‌‌ شاندی ناوبراو بكه‌ن و هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه‌وا‌ ئه‌م دانیشتنه‌یان ببێته‌ مایه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری و ئه‌زموون و كاری یه‌كتر، و هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی پردی په‌یوه‌ندییه‌كان له ‌نێوان هه‌رێم و ئێرانی هه‌میشه‌ دراوسێ. له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆكی زانكۆی پزیشكی تاران كه‌ گه‌وره‌ترین زانكۆیه‌ له‌ وڵاتی ئێران، خۆشحاڵی خۆیان پێشاندا به‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ په‌یامی پیرۆزبایی شانده‌كه‌ و وڵاتی ئێرانی پێڕاگه‌یاندن.

له‌ میانی دانیشتنه‌كه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا تیشكی خسته‌ سه‌ر كار و ریفۆرمه‌كانی 2 ساڵی رابردووی سه‌ر سیسته‌می خوێندن له‌ هه‌رێم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ئاماژه‌یه‌كیدا گوتی یه‌كێك له‌و ته‌وه‌ره‌ گرنگانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ت و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگی ده‌زانێت، ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمی و زانستییه‌ له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌رووی ناردنی مامۆستایان و خوێندكاران بۆ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌  بۆ ئه‌نجامدانی خولی راهێنان و ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا. هه‌روه‌ها گوتیشی چاومان له‌وه‌یه‌ كه‌وا‌ وڵاتی ئێران له‌م ڕوانگه‌وه‌ هاوكارمان بن، به‌ له‌خۆگرتنی خوێندكاران و ئه‌كادمیستان، بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و بینینی خولی راهێنان، به‌تایبه‌ت له‌ رووی زانسته‌ پزیشكییه‌كان.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ د.باخار لاریجانی سه‌رۆكی زانكۆی تاران گوتی ئێمه‌ هاتووین كه‌ گرنگی بده‌ین به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵی فه‌رهه‌نگی به‌یه‌كه‌وه‌‌ ده‌مانبه‌ستێته‌وه‌. ئومێده‌واریشم كه‌وا ئه‌م دانیشتنه‌مان ببێته‌ هه‌وێنی زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كتر و مۆركردنی یاداشتناممه‌ی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولامان.