نوفمبر 2016

ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ك بۆ وتارێكی گۆڤاری لڤين

 ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ك سه‌باره‌ت به‌ وتارێكی گۆڤاری لڤين له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی تواناسازيی؛ بەرنامەی تواناسازی یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەت و دامودەزگاکانی تری حکومەت و کەرتی تایبەت هەلی پێشکەشکردن و سوودمەندبوونیان بۆ ڕەخسێنراوە، مەبەستی سەرەکیش لەم بەرنامەیە بریتییە لە وەبەرهێنان لە توانامرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و رەخساندنی هەلی خوێندن بۆ رۆڵەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی دنیادا خوێندنی باڵا تەواو بکەن و بگەڕینەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵاتەکەماندا.

بەرنامەی تواناسازی لە رێگای دوو میکانیزمی هاوتەریبەوە جیبەجێ کراوە:

  • میکانیزمی یەکەم تایبەت بووە بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سیستەمی پێشکەشکردن و پاڵاوتنیش بە پێی پێوەرەکانی وەزارەتی خویندنی باڵا بووە.
  • میکانیزمی دووەم تایبەت بووە بە وەبەرهێنان لە دام و دەزگاکانی تری حکومەت کە لە ڕێگای وەزارەتی پلاندانانەوە ڕێکخراوە،  شایەنی باسە وەزارەتی پلاندانان تەنها رۆلی تەنسییقی هەبووە لە بەڕێوە بردنی پشکی وەزارەتەکان، هەر یەک لە وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی تری حکومەت خۆیان بەرپرسیار بوون لە پاڵاوتنی کاندیدەکانیان و لە بە رۆشنایی ڕێنمایی و مەجە بنەڕەتییەکانی لیژنەی باڵای بەرنامەی تواناسازیدا پرۆسەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە.

جێگای ئاماژە پێکردنە کە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای ژمارە ٢٦ ی ساڵی ٢٠٠٤ بەشێکی دانەبراون لە پێکهاتەکانی حکومەت و دەزگای حکومرانی وڵات، پاشان بە پێی هەردوو یاسای ژمارە (٤ ی ٢٠١١) و یاسای ژمارە (٥ ی ٢٠١١) پێکهاتە و کارو باری ئەم دەزگایانە رێک خراوە.

ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە وەبەرهێنان لە توانامرۆییەکانی ئەم دەزگایانەدا بکات لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان و پەرەپێدانی لایەنی پرۆفێشناڵانە و ئەکادیمیانەی کادرەکانمان. بۆیە کارێکی یاساییە کە ئەو دەزگایانەش لە بەرنامەی تواناسازیدا پشکیان هەبێت.

کاندیدەکانی ئەو دەزگایانە رۆڵەی دڵسۆزی ئەم ووڵاتەن، پێویستە هامان مافی فەرمانبەرانی دامو دەزگاکانی تری حکومەتیان هەبێت، چونکە ئەو کادرانە لە دوای گەڕانەوەیان ئەرکی نێشتیمانی گرنگ ڕادەپەڕێنن.

دەکرا گۆڤاری لڤین گەر تێبینی و ڕەخنەیەکیان هەبێت لە چوارچێوەی پرانسیپە گشتییەکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا هەندیک نمونەیان بەبێ ناوهێنانی هیچ کەسێێک بڵاو بکردایەتەوە ئەو کات ڕەخنەکانیان کاریگەری بنیاتنەرانەی دەبوو. بەڵام هەوڵدان بۆ شکاندنی هەمو سەرەتاکانی عورفی ڕۆژنامەوانی بۆ گەیشتن بە بەڵگەنامەی تایبەت بە وەزارەت و بڵاوکردنەوەی ناوی کاندیدەکان لە بنەما سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەوانی دروستکەر تێدەپەڕێت و ئەم دەرئەنجامانە نێگەتیڤانەی لێ دەکەوێتەوە:

  1. ناوزراندنی کاندیدەکان کە هیچ تاوانێکیان نییە و کەوتونەتە بەر هێرشی ناڕەوا.
  2. ئەو کاندیدانە خۆیان و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی شەخسی دەبنەوە.

ئۆباڵی ئەم مەترسیانەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو ناوانە بڵاو دەکەنەوە، تاکە سوودمەندیش لەم جۆرە بڵاوکراوانە تەنها نەیارەکانی دۆزی کورد و دوژمنانی هەرێمی کوردوستانە.