نوفمبر 2016

پێشوازىکردن لە نوێنەرى هەرێم لە ئەمریکا

لە سەردانێکیدا نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرسى بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستییەکانى زانکۆکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستانیان تاوتوێکرد.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/2/2011 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نووسینگەى تایبەتى خۆى لە هەولێرى پایتەخت، پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانى نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا.

لە دانیشتنێکدا وێڕاى بەخێرهێنانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پرسى بەهێزکردنى پردى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى نێوان زانکۆکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستانیان تاوتوێکرد، و تیشک خرایە سەر ئەو کار و بەرنامانەى وەزارەت کە لە پڕۆسەى بەئەنجام گەیاندندایە، بەتایبەت بەرنامەى تواناسازى لاوان بۆ ناردنە دەرەوەى خوێندکاران، و هەروەها پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکانى ئەو خوێندکارانەى کە لە دەرەوە ماستەر و دکتۆرایان تەواو کردووە. بۆ ئەم مەبەستە وەزارى خوێندنى باڵا داواى لە نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرد کە هاوکار و رێنیشاندەرى ئەو خوێندکارانەبن کە پاڵێوراوى بەرنامەى تواناسازین بۆ خوێندن لە ئەمریکا، کەوا بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا لە بە هاوکارى رێکخراوى (ئای ئای ئی و ئەمیدیست)ەوە بۆ خوێندن بنیڕدرێنە ئەمریکا.

لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرى حکوومەتى هەرێم بەخۆشحاڵیەوە داواکارییەکەى وەزیرى خوێندنى باڵاى بەهەند وەرگرتوو، و بەڵێنى پاڵپشتى کار و چالاکییەکانى وەزارەت و سەرخستنى بەرنامەکانى بۆ دوپاتکردەوە.

لە تەوەرێکى تردا باس لە گەشەپێدانى تواناى مامۆستایان و خوێندکاران کرا بەتایبەت لە وڵاتى ئەمریکا و سەنتەرەکانى راهێنان، خاوەنى ئەزموون و شارەزاییەکى زۆرن، لەوڕوانگەیەوە نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئاماژەیەکدا جەختى کردەوە کە پێویستە سوود لە لاوانى کوردى دانیشتووى ئەمریکا ببینرێت لەسەر بنەماى توانا و لێهاتوویى و پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەى کە بازاڕى کارى هەرێم پێویستییەتى، لەوچوارچێوەیەشدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر رەخساندنى هەلى گونجاو بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى راهێنانى پیشەیى و سەردانى زانستى، بەخاترى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و لێهاتوویى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

راگەاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى