نوفمبر 2016

دیداری وەزیرى خوێندنى باڵا لە گەڵ خوێندکارانى زانکۆى شاهانە

لە دیدارێکى وەزیرى خوێندنى باڵا لە گەڵ خوێندکارانى زانکۆى شاهانەى بەریتانى " ئایندەى قوتابیان بەلاى ئێمەوە گرنگە و بڕیارەکانى وەزارەتیش لە سودى ئێوەدایە".

ڕۆژى 25-1-2011 وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆِفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین، پێشوازى لە نوێنەرى قوتابیانى قۆناغى یەکى زانکۆى شاهانەى بەڕیتانى کرد و لە دانیشتەنەکەدا، بڕیار و ڕێنماییەکانى وەزارەتى بۆ قوتابییان شیکردەوە و جەختى لەسەر پاراستنى بەرژەوەندى خوێندکاران کردەوە.

لەکۆبونەوەکەدا ، کە د.سەڵاحەدین کاکۆ بەڕێوەبەرى گشتى دڵنیایى جۆرى بۆ زانکۆ ئەهلییەکان ئامادە ببوو، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەو ڕێنماییانە کرد، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بەزانکۆى شاهانەى بەریتانى دەریکردووە، هەروەک بۆى رونکردنەوە،کە ڕێنمایى و بڕیارەکان بە سودى خوێندکارانى قۆناغى یەکەمى زانکۆ تەواو دەبێت " چونکە دەوامکردنیان لەم زانکۆیە، بەبێ گۆڕینى ناوى زانکۆکە و جێبەجێکردنى بڕیارەکانى ترى وەزارەت، ئایندەى قوتابیان دەخاتە مەترسى و ڕەنگە کێشە بۆ بڕوانەمەکانیان دروست ببێت".

خوێندکاران ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئیدارەى زانکۆ هەموو ئەو ڕێنماییانەى وەزارەتیان لە قوتابییان شاردۆتەوە و نەیانزانیوە،  هیچ زانکۆیەک بە ناوى شاهانە لەبەریتانیا نییە " بەڵکو کۆلیژێک بەو ناوە هەیە، کە بڕوانەمەکانى زیاتر وه‌ك ديپلۆم وايه‌ بۆ ڕاهێنانی پسپۆڕيی بواری پزيشكی‌". قوتابییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە تەنانەت ئەوەشیان نەزانیوە، کە ئەم کۆلیژە لقێک نییە، لە کۆلیژەکەى بەریتانیا و باسیان لەوە کرد،کە  زانکۆى ناوبراو بەو ناوە پارەى لێوەرگرتون.

لە کۆتایى دانیشتنەکەدا قوتابییەکان پشتگیرى خۆیان بۆ بڕیارەکانى وەزارەت دوپاتکردەوە، لە بەرامبەریشدا وەزیرى خوێندنى باڵا قوتابیانى دڵنییا کردەوە بەوەى، کە پێویستە بە هەموو لایەک ،کار بۆ سەرخستنى بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکەن،چونکە " بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران لە ئەولەویەتى بەرنامەى وەزارەتە و ڕێگە بە هیچ جۆرە چەواشەکردنێک نادات، کە بەرامبەر خوێنکاران بکرێت".

جێگەى باسە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، چەندین جار بە نوسراوى فەرمى زانکۆى شاهانەى بەریتانى ئاگادار کردۆتەوە، کە دەبێت ناوەکەى بگۆڕێت و بەهیچ جۆرێک بۆى نییە لەدەرەوەى فەرمانى وزارى و پلانى وەرگرتنى قوتابییان خوێندکاران بۆ ئەمساڵ وەربگرێت و " هەر دەوامکردنێکى قوتابیان نایاساییە"، بەڵام زانکۆى ناوبراو ئەم بڕیارانەى لە قوتابیان شاردۆتەوەو لەدەروەى ڕینماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا مامەڵەى لەگەڵ پڕۆسەى وەرگرتنى قوتابیان کردووە.