نوفمبر 2016

جامعیەى عەرەبى کورسى خوێندن بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان دابیندەکات

ئەمرۆ 11/1/2010 کاتژمێر 11ى بەیانى ، پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، لە دیوانى وەزارەت  پێشوازى لە سەفیرى وڵاتانى جامیعەى عەرەبى بۆ عێڕاق د.ناجى ئەحمەد ئەلشەلغەمى  کرد و سەبارەت بە  بوارى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و عێراق و بیرواڕایان گۆڕیوە.

سەرەتا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لەو پێشکەوتنە کرد ، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گشت بوارەکان و بە تایبەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردویەتى و روونیکردەوە، کە حکومەتى هەرێم وەکو دەروازیەک بووە بۆ گۆڕانکاییە ئیجابییەکان و هەوڵیشدراوە ئەم ئەزموونە بۆ تەواوى عێڕاق بگوێزرێتەوە، گوتیشى " نامەنەوێت لە دورەوە بیبیستن، بەڵکو حەزدەکەین بێن بەچاوى خۆتان ، ئەو پێشکەوتنانە ببین،ئینجا دڵنیابن".

وەزیرى خوێندنى باڵا ستراتیژیەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بوارى خوێندنى باڵا بۆ سەفیرى نابراو روونکردەوەو جەختى لە دوو خاڵى سەرەکى کردەوە، کە سەربەخۆیى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى کوالیتى زانستى بوو، هەروەک ئاماژەشى پێدا ،کە حکومەتى هەرێم هەنگاوى باشى لە پڕاکتیزەکردنى ستراتیژیەتەکە بڕیوە و پێویستە جامعەى عەرەبى هاوکار بێت بۆ بەشدار بێت لەسەرکەوتنى ستراتیژەکە "تاکو لەسەرجەم عێراق ئەم بەرنامەیە بگیرێتە بەر".

لە بەرامبەردا باڵیۆزى جامعەى عەرەبى، خۆشحاڵى خۆى بەو پێشکەوتنانە دەربڕى، کە لە هەرێمى کوردستان بەچاوى خۆیان بینیویانە و بۆیە هەوڵدەدەن وەبەرهێنەرەکانى عەرەب بێنە کوردستان. هەروەک گوتیشى " پێمانخۆشە ئاڵوگۆڕى کورسى خوێندنى باڵا لە نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتانى عەرەبى هەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆى تێکەڵاو بوونى زیاترى بوارى زانستى لە نێوان هەردوو لادا".

د.ناجى ئەحمەد داواى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد، کە لە داهاتوودا لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى خوێندنى باڵاى جامیعەى عەرەبى ئامادە بێت،بۆ ئەوەى پەیوەندییەکان توندو تۆَلتر بێت و داواشى کرد ، کە بە نوسراوێک،پێویستیەکان بوارى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێم بدرێتە بالوێزى جامیعەى عەرەبى. جەختیشى لەوە کردەوە، هاوکارى تەواو بۆ دابینکردنى پێداویستییەکان دەکەن.