نوفمبر 2016

یاداشتێكى لێك تێگه‌یشتن لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و حکوومەتى ئەڵمانى به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی فێركردن واژۆ ده‌كرێت

كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژى یەکشەممە 2/5/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازیکرد لە ئۆلیڤەر شناکن بێرگ کۆنسوڵگەرى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان و کۆڵین لیجمان بەرپرسى تیمى سەر بە حکوومەتى ئەڵمانى بۆ راهێنانى تەکنیکى و پیشەیى و بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە عێراق و شاندێكی هاوڕێی.

دوای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین تیشکى خستەسەر قۆناغى دواى دەست بەکاربوونى لێژنەکانى تایبەت بە پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمى کوردستان و چاودێریکردنى وردى بەڕێوەچوونی پرۆسه‌كه‌ و شۆڕکردنەوەى بۆ نێو کۆمەڵگەى ئەکادیمى و زانستى.

له‌به‌رامبه‌ردا شاندى میوان، ویڕاى ستایشکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان، جه‌ختیان لەسه‌ر گرنگی جێبه‌جێكردنی ئەم پلانە درێژخایەنە کردەوە تاوەکو لە ئایندەدا نەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڵکو تەواوى زانکۆکانى عێراقیش سوود لەم ئەزموونە وەربگرن.

هەر لەمیانى دیداره‌كه‌دا بە چاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵا و کۆنسوڵگەرى ئەڵمانى و بەرپرسى تیمى سەر بە حکومەتى ئەڵمانى بۆ راهێنانى تەکنیکى و پیشەیى و بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە عێراق، یاداشتێكى لێك تێگه‌یشتنیان بەمەبەستى پەرەپێدانى دەستەکانى فێرکردنى تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان واژۆ کرد.

سەبارەت بە ناوەڕۆکى یاداشته‌كه‌ ، بەرپرسى تیمى سەر بە حکوومەتى ئەڵمانى بۆ راهێنانى تەکنیکى و پیشەیى و بەدواداچوونى ڕاستییەکان لە عێراق  رایگەیاند: حکومەتى ئەڵمانى بە هه‌ماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کەرتى تایبەت و پەیمانگاکانى تەکنیکى ئەڵمانى، نەخشەڕێى پلانى ستراتیژى پەرەپێدانى دەستەى تەکنیکى و سەرجەم پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان دادەڕێژین و هەوڵى سەرلەنوێ ئامادەکردنەوەى ئیدارەى دەستە و پەیمانگەکان دەدەین، هەروەها لەرێگەى ئەنجامدانى ڕووپێو و کردنەوەى وۆرکشۆپ و خولى جۆراوجۆره‌وە هەوڵى پێگەیاندنى کادرى پێشکەوتوو و تایبەت بە پەرەپێدانى تواناکانیان دەدەین، تا لەئایندەدا بەشێویەکى باش بۆ بازاڕى کار ئامادەبن و لەرێگەى ئەو هونەرەى کە فێرى دەبن، خزمەت بە ئەزموونى وڵاتەکەیان بکەن.