نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا سەردانى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى کرد

كاتژمێر 9ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، شەممە 10/4/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى کرد، لەلایەن د.حەمە نەجم جاف سەرۆکی بۆرد و ئه‌ندامانی ئەنجوومەنى باڵاوە بەگەرمى پێشوازى لێکرا.

سەرەتا لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى کورتەیەک لە کارى ئێستاى ئەنجوومەنه‌كه‌یانی پێشکەش کرد و ته‌واوی ئاستەنگ و گرفتەکانى لەڕووى ئیدارى و خزمەتگوزارییەوە بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا خستەڕوو، لەلایەن خۆیانەوە د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین بەڵێنى بەدواداچوون و چارەسەرکردنى گرفتەکانى پێدان.

هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا بیروڕا لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەى کاروبارى ئێستا و ئایندەى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى و ڕاهێنانى زیاتر و گرنگیدان بە بەرزکردنەوەى کوالیتى پیشەى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان، ئه‌مه‌ش له‌پێناو گەڕاندنەوەى هەیبەت بۆ بڕوانەمەکان و بەستنەوەى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى بە دنیاى دەرەوە، لەو ڕوانگەیەوە ئاماژه‌ كرا به‌ ڕۆڵى لەمەودواى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى، کە جگە لەکارى راهێنان بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى و کۆمەڵە و سەندیکاکانى تایبەت بە بوارى پزیشکى، ئەنجوومەنى رێنماییکارى هەرێمى کوردستان پێک بهێنێنن، بەئامانجى دەستنیشانکردنى ماف و ئەرکەکانى پزیشک و نەخۆش و کارمەندانی تەندروستى.

دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دیدى خۆى بۆ پێکهێنانى لێژنەیەکى تایبەت لە ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕایەتییەکانى پزیشکى خسته‌ڕوو، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌رزنرخاندنی ئه‌و هەوڵ و توانا کەسییانەى، کە بۆ پێشخستنی بوارى پزیشکی دەدرێن و بە هاوکارى لەگەڵ وەزارەت سوپاس و هاوکارى و پاڵپشتى ماددى بکرێن