Nov 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا: پەیمانگەى (کوردمارت) باوەڕپێکراو نیە

wezaret23

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت پەیمانگەى بەناو (کوردمارت) لەشارى هەولێر باوەڕپێکراو نیە و، داواى داخستنى نوسینگەى پەیمانگەکەمان لەلایەنى پەیوەندار کردوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کەسانێک بەناوى پەیمانگەى (کوردمارت) ڕیکلام بۆ وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى دەرچوانى پۆلى دوانزە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) دەکەن، لێرەوە بەسەرجەم خوێندکاران و دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەگەیەنین، کە ئەم پەیمانگەیە باوەڕپێکراو نیە و لەپڕۆسەى دڵنیاى جۆرى و متمانەبەخشینى وەزارەتەکەماندا ڕەتکراوەتەوە، بۆیە هیچ مۆڵەتێکى یاسایى نیە، بۆیە داوا لە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکەین خۆیان بەدور بگرن لە تۆمارکردنى ناویان لەم پەیمانگەیەدا و، پارە و ماوەى خۆیان بەهەدەر نەدەن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى ڕاشیگەیاند بەنوسراوى ڕەسمى ژمارە (١٦٥٣٥) لە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠١٧) وەزارەتەکەمان داواى لە پارێزگاى هەولێر کردووە نوسینگەی پەیمانگەکە کە تۆمارى خوێندکاران/قوتابیانى تێدا دەکرێت دابخرێت و، ڕێککارى یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، چونکە ئەو جۆرە کار و ڕەفتارانە دەچێتە خانەى فێڵکردن لە خەڵک، هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى داهاتو لە دادگا ڕێشوێنى یاسایى بەرامبەر بەخاوەندارییەتى پەیمانگە دەگرێتەبەر و سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکات.