Nov 2016

د.یوسف گۆران: دەمانەوێ زانکۆکان پشت بەداهاتى خۆیان ببەستن

didari werzir o konsli almanye

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەوڵەکانى وەزارەت بەردەوامە بۆ سەربەخۆى دارایى زانکۆکان و، پشت بەستنى زانکۆکان بەداهاتى زانکۆکان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانیان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکى نێوان لەگەڵ (مارک ئایشهۆن) کونسڵى کۆنسڵگەرى گشتى ئاڵمانیاى فیدراڵ و، خاتو (ئیلیزابێت پلیستەر) لە ڕێکخراوى (UNHCR) هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، (د.لارس کێنتەر) لێپرسراوى سیاسى و کاروبارى مرۆیى لە کۆنسڵگەرى ئاڵمانیا لە هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/١٢/٢٠١٦) بەڕێوەچو، بارودۆخى خوێندنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان تاوتوێکرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا کونسڵى گشتى ئاڵمانیا ئامانجى سەردانەکەى بۆ وەزارەت خستەڕو و وتى: ئێمە هاتوین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیەکى هاوبەشى نێوان ئاڵمانیا و ڕێکخراوى (UNHCR)، کە تایبەتە بە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانى ئاوارە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان. وتیشى ئەم بەرنامەیە ئامادەکارى زۆر بۆ کراوە، بۆیە خوازیارین بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى زانکۆکان و قەیرانى دارایى هەرێمى کوردستان هاریکارمان بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژە بۆ ئەوەى خوێندکارانى ئاوارە سود وەرگرتن و بتوانن خوێنن تەواو بکەن.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەر لەسەرهەڵدانى قەیرانى دارایى هاوکارى زۆرى ئاوارەکانمان کردو، دەرفەتى خوێندمان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ڕەخساندوە، بەڵام لە وەتەى هەرێمى کوردستان ڕوبەڕوى قەیرانى دارایى بۆتەوە بارى دارایى زانکۆکان-یش قورس بوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا داوام لە هیچ ڕێکخراو و حکومەتێک نەکردوە هاوکاریمان بکەن، بەڵکو لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى (هەنگاو بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان)، زانکۆکانى کوردستان پشت بەداهاتى خۆیان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانیان ببەستن، بۆیە پێشوازى لەو پڕۆژەیەى ئێوە دەکەین بۆ هاوکاریکردنى خوێندکارانى ئاوارە لە هەرێمى کوردستان، چونکە بەهەمان شێوە دەبێتە پاڵپشتیەکى دارایى بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.