Nov 2016

د.یوسف گۆران: ئەرکى خوێندنى باڵا لە پاڵ گەیاندنى پەیامى زانستى, دروستکردنى تواناى بۆ گەنجانيشه‌

DSC_0050.jpg

 د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ توێژێکى هەستیار وه‌ك گه‌نج مامەڵە دەکات, ئەوەش وادەکات کە ئەرکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڵ گەیاندنى پەیامى زانستى و دروستکردنى توانا بۆ ئەو بوارانەى گەنجان هەڵیدەبژیرن، دەبێ ڕەچاوى ئەوەش بکەین چەندە دەتوانین ئارەزوى گەنجان بەدى بێنین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەمیانەى دیدارێکیدا لەگەڵ هاڤر مێرا سەرۆکى لاوانى دیموکراتى ئەوروپا و فەلاح حەسەن جێگرى سەرۆکى لاوانى جیهان هات، کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠١٦) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد.

لەو دیدارەدا کە د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ئامادەیبوو, گفتوگۆ لەبارەى دۆخى گەنجان و بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان کرا، لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران کورتەیەکى لەبارەى پێگەى گەنجان لە ناوەندەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە وەفدى میوان کرد و وتى:  خوێندکاران توێژێکى بزێوى کۆمەڵگەن, لە کوردستان جیاواز لە وڵاتانى دیکە مامەڵە لەگەڵ خوێندکاران دەکەین, هەر بۆ نمونە چەندە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سەرۆکى زانکۆکان و مامۆستایان هەیە, بەهەمان شێوە پەیوەندییەمان لەگەڵ نوێنەرى خوێندکارانیش پتەوە، بۆ وەفدى میوان ڕونیشیکردەوە لە کوردستان جگە لەوەى خوێندنى زانکۆيى توانا زانستیەکانى گەنجان بەهێز دەکات، لەهەمان کاتدا لە ڕوى کۆمەڵایەتیشەوە خوێندن له‌ زانكۆ گرنگى خۆى هەیەو, ئەوانەى خاوەن بڕوانامەى زانکۆیین پێگەى کۆمەڵایەتیان گۆڕانکارى بەسەردا دێ, وتیشى هەر ئەوە وایکردوە کە بەدەنگەوەهاتنێکى زۆر بۆ خوێندن هەبێ و فشارێکى زۆريش بكه‌وێته‌ سەر زانکۆکانمان.

لە بەرامبەردا وەفدى میوان دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردان و ڕونکردنەوانە وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی دەربڕى ، ئەوەشیان ڕونکردنەوە لەم سەردانەیاندا بۆ هەرێمى کوردستان سەردانى وەزارەتەکانى (خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى, پەروەردە، ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن) دەکەن، له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا سەرۆکى لاوانى دیموکراتى ئەوروپا وتی: لەم سەردانەماندا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا ده‌مانه‌وێ یارمەتیەکانمان بۆ وەزارەتەکەتان دوپات بکەینەوە, هەروەک دەمانەوێ لە ڕێگەى لاوانى ئەوروپاوە ببینە پردى پەیوەندى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پاڕلەمانى ئەوروپا و دامەزراوە پەیوەندارەکان لە یەکێتيى ئەوروپا، سەرۆکى لاوانى دیموکراتى ئەوروپا ئامادەیى ڕێکخراوەکەشیانى پیشاندا کە ئۆفیسى ڕێکخراوەکەیان بخەنە خزمەتى وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ ئەوەى وەک ناوەندێکى لۆبیکردن بۆ وەزارەت لە ئەوروپا بەکار بهێنن و پانێڵى جیایى لێ ڕێکبخەن بۆ گه‌ياندنی په‌يامی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ناوه‌نده‌ جياكان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا.