د. ئارام محمد: بە گرنگیەوە لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى کەنەدا دەڕوانین

كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی كه‌نه‌دی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: بەگرنگیەوە سەیرى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانمان دەکەین لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى کەنەدا.

ئەو وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانەى پێشوازیکردنى لە مەجید دەللە ڕاوێژکارى بازرگانى کونسوڵخانەى کەنەداو خضر صبیحات بەرپرسى بەشى بازرگانى کونسوڵخانەى کەنەدا هات، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەى بون.

لە دیدارەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە کە وەزارەتەکەمان خوازیارى پەیوەندى بەرفراوانە لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى کەنەدا، بەتایبەت لە بوارى ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و ئەنجامدانى توێژینەوەو پرۆژەى هاوبەش لە بوارەکانى وزەو سامانە سروشتیەکان و دیراساتى جینۆساید و توێژینەوەى کشتوکاڵى و بوارە پزیشکییەکان، هەروەها ڕەخساندنى دەرفەتى راهێنانى پیشەیى لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ مامۆستایانى زانکۆ.

هەر لە دیدارەکەدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە ئەو کەسانەى لە وڵاتى کەنەداوە دەیانەوێت لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، ئێمە بەخۆشحاڵیەوە هاوکارو پشتیوانیان دەبین، بۆ ئەمەش زانکۆکانمان هەمو هاوکارى و کارئاسانیەکیان پێشکەش دەکەن. بەتایبەت ئەوانەى توێژینەوە لە بوارەکانى پەیوەندار بە مێژو و کەلەپورى کوردو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەنجامدەدەن. وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: هیوادارین وڵاتى کەنەدا دەرفەتى ڕاهێنانى پرۆفیشاناڵ بۆ مامۆستایانمان لە زانکۆکانى کەنەدا بڕەخسێنن، بەتایبەت لەبوارە تەکنیکیەکان و بوارە جیاجیاکان.

لەلایەن خۆشیەوە ڕاوێژکارى بازرگانى کونسوڵخانەى کەنەدا لەپاڵ دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بەم دیدارە، ئاماژەى بە هاوکارى وڵاتەکەى کرد بەمەبەستى هەماهەنگى نێودەوڵەتى بەتایبەت لەبوارى توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەمەش بەبایەخەوە باسى لە گرنگى هاوکارى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد.