ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی (22) زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو

ئاهه‌نگی ده‌رچونی زانكۆی پۆلیته‌كینكی هه‌ولێر

نوێنه‌ری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان هەوڵمان داوە کە بەشێوازێکی زانستی کارلێکی نێوان پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕێکبخەینەوە، وتیشی لە دونياى مۆدێريندا بازاڕى كار وەك فاكتەرێكى گرينگ سەير دەكرێت بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى پێشكەوتنى وڵاتان.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری له‌ میانه‌ی پیشكه‌شكردنی وتارێكیدا هات، كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی خولی (22)ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێری كرد.

 

دەستپێکى ئاهەنگەکە

له‌و ئاهه‌نگه‌دا، كه‌ ئێواره‌ی یه‌ك شه‌ممه‌، رێكه‌وتی (14/10/2018) له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌دروشمی (خۆڕاگری) به‌ڕێوه‌چو، ئاهه‌نگه‌ به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه ‌و مامۆستایانی زانكۆكه‌ بۆ ناو یاریگاكه‌ ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند وته‌یه‌ك پێشكه‌شكرا.

ستایشی كاره‌كانی وه‌زاره‌ت كرا

له‌و ئاهه‌نگه‌دا، كه‌ به‌چاودێری نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، سه‌فین دزه‌یی به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت و، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری و، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایان و كه‌سوكاری ده‌رچوان ئاماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا، وتاری لێژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری ئاهه‌نگ خوێندرایه‌وه‌، به‌دوایدا، سه‌فین دزه‌یی وتاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خوێنده‌وه‌، له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رباری پیرۆزبایكردن له‌ ده‌رچوان و كه‌سوكاریان، خۆشحاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی به‌پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ربڕی و، جه‌ختی له‌سه‌ر ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانیش كرده‌وه‌ له‌ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌كانی دوا ڕۆژ، هه‌روه‌ك ستایشی كاروپڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ستافی وه‌زاره‌ت كرد له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌، هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌گرنگیه‌وه‌ باس له‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت كرا بۆ بایه‌خدان به‌خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی كرد.

پیرۆزبایی له‌ ده‌رچوان كرا

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌دا، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری و نوێنه‌ری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی خوێنده‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تایی وتاره‌كه‌یدا، د.محمد حسین، به‌ناوی د. يوسف گۆران، وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، خۆشحاڵی خۆی پیشاندا بۆ بەشداربون لە ئاهەنگى دەرچوانى خولى ٢٢-ى زانكۆكە و، بەم بۆنەيشەوە پيرۆزبايى گەرمی لە ستاف و دەرچووانى سەرجەم كۆليژ و پەيمانگەكانى سەر بە زانكۆكه‌ كرد، هه‌روه‌ك سوپاسى زانكۆكەشی كرد، كە سەرەڕاى هەبوونى ئاستەنگە داراييەكان، به‌ڵام توانيان بۆ ئەمساڵيش پۆلێك لە دەرچوان ئامادە بكەن بۆ بازاڕى كارى كوردستان.

خوێندنی پیشه‌یی ڕۆڵ و بایه‌خی خۆی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی نوێنه‌ری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیدا ڕوو له‌ ده‌رچوان كرا و تییدا هاتبو"وەك چۆن ئێوە لە بوارى تيۆرى و پڕاكتيكى لە ناو زانكۆدا نموونەى دەرچووى سەركەوتوو بوون وەها لە ژيانى پيشەيى خۆتاندا پێشەنگ و كارمەندى نموونەيى بن، هەڵبەت ڕۆڵى ئێوە بايەخ و تايبەتى خۆى هەيە لە ناو كۆمەڵگەدا، چونكە پيشەى هەر يەكێكتان ڕاستەوخۆ پەيوەندە بە سێكتەرە جياكانى بازاڕى كارى وڵاتەكەمان، لە دونياى مۆدێريندا بازاڕى كار وەك فاكتەرێكى گرينگ سەير دەكرێت بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى پێشكەوتنى وڵاتان، كە ئێوەش وەك كارمەندى پۆليتەكنيكى لە بوارە جۆراو جۆرەكان بڕبڕەى پشتى بازاڕى كارن، بەو مانايەى ئەگەر ئێمە خاوەنى پۆلێك لە كارمەندى پيشەيى دەوڵەمەند بە زانست بين دەتوانين بگەين بە ئاستى وڵاتە پێشكەوتووەكان".

به‌هێزكردنی خوێندنی پیشه‌یی ده‌بێته‌ هۆی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.محمد حسین به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ خوێندنی ته‌كنیكی كرد و ڕایگه‌یاند: وڵاتە پێشەنگەكان زوو هەستيان بەوە كرد كە پێويستە بازاڕى كار بە ئەكاديمى و زانستى بكرێت، بۆيە پسپۆڕانى بوارى خوێندنى تەكنيكى بايەخێكى زۆريان بەو زانستەدا و لە ڕێگەى توێژينەوە و ديراسەتكردنى خوێندنى پيشەييەوە توانيان چوار چێوەيەكى زانستى بۆ دابڕێژن و دواتر ببێـت بە بنەمايەك بۆ پێگەياندنى كاديرى بە توانا و دەوڵەمەند بە مەعريفە و كارامەيى لە بوارە جۆرار و جۆرە پيشييەكان بۆيە توانيويانە بگەن بەو ئاستە پێشكەوتووە، كە دەرئەنجام بوون بە خاوەنى ئابووريەكى بەهێز و كۆمەڵگه‌يەكى پێشكەوتوو لە ڕووى پێشكەشكردنى خزمەتگوازى بە كواڵيتيەكى بەرز.

ڕیفۆرمی خوێندنی ته‌كنیكی چۆته‌ بواری جیبه‌جێكردنه‌وه‌

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، نوێنه‌ری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كرد بۆ بایه‌خدان به‌خوێندنی ته‌كنیكی بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: وەزارەته‌كه‌مان لە ڕوانگەى هەستكردن بە گرينگى خوێندنى تەكنيكى و نزيكبوونەوە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە ڕوى خوێندنى تەكنيكى بە شێوەيەكى زانستى و گرينگيدان بەم زانكۆيانە هاوشێوەى زانكۆ ئەكاديمەكان، بۆیه‌ له‌ كوردستان ئه‌و خوێندنه‌مان لە ژێر چەترى سێ زانكۆى پۆليتەكنيكى لە هەر يەكێك لە پارێزگاكانى هەولێر و سلێمانى و دهۆك یه‌كخست، وتیشی بە سوود وەرگرتن بە پسپۆڕانى ناوەخۆ و پسپۆڕى ئەو وڵاتانەى كە پێشەنگن لەم بوارە بە تايبەت وڵاتى فينلەندا، ڕيفۆڕمى خوێندنى تەكنيكيمان ڕاگەياند كە بۆ ئەم ساڵى خوێندن چوه‌ بوارى جێبەجێكردن، ئه‌وه‌ش ڕونكرایه‌وه‌ كه‌ پێويستى ڕيفۆڕمكردن لە بوارى خوێندنى تەكينكى لەم سۆنگەيەوە هات كە لە ئێستادا وڵاتان بۆ گەيشتن بە ئابووريەكى بەهێز پشت بەم سێكتەرە دەبەستن، ئەمە جگە لەوەى كە حكومەتى هەرێمى كوردستان پێويستيەكى زۆرى بە كارمەندى كارامە هەيە لە بوارە جۆرا و جۆرەكان.

لە كۆتايی وتاره‌كه‌شیدا، جارێكی دیكه‌ پيرۆزبايى گەرم ئاڕاستەى مامۆستايان و دەرچوان كرد.

بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرایە دەرچوان

هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی خولی (22)ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر كه‌ به‌چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، د.كاوه‌ شێروانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر وتارێكی پێشکەش کرد، لە وتارەکەدا سەربارى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و کەس و کاریان، دەستخۆشى لە زانکۆكه‌ی كرد، کە توانیویانە ئەو پولە گەنجە بۆ کۆمەلگەى کوردى پێ بگەێنن، لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەدا وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ك دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له‌ سه‌ر داواكاری ڕاگری كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان له‌لایه‌ن د. كاوه‌ شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیته‌كینكی هه‌ولێر بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و دبلۆم به‌خشرایه‌ ده‌رچوان، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌كه‌ هات.