جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامەى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران لە بوارى خوێندنى باڵا دەستى پێکرد

IMG_5508.JPG

 بەئامانجى جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیەى کە لە ڕێکەوتنى (٢٠١٦.٣.١) لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و, وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە شارى هەولێر ئیمزا کرا, وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گەیشتە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران.

ڕۆژى دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٤.٤.٢٠١٦) وەفدەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کە لە (د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین, د. سەڵاحەددین سەعید سەرۆکى زانکۆى سلێمانى و د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى) پێکهاتون، لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا لە دیوانى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیا بەگەرمى لەلایەن د.سالار ئامولى بریکارى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەیەکدا کە بەئامادەبونى سەرۆکى ژمارەیەکى زۆر لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئامادەیبون, گفتوگۆ لەسەر نەخشە ڕێى جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامەکەى هەولێر کرا.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا د.سالار ئامولى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران, خۆشحاڵى دەربرى کە بەشدارە لە داڕشتنى پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان, بۆ ئەوەش وتى: دواى گەڕانەوەم لە کوردستان ڕاستەخۆ ئەرکى سەرپەرشتیکردنى داڕشتنى بنەماى ئەو پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەم گرتە ئەستۆ, ئەوەشى ڕونکردنەوە کە جۆراو جۆرى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەو ئاماژەیە دەدەن بەدەستەوە کە بتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵتان فراوان و بەهێز بکەین.

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى لێکردن, ئەوەى ڕاگەیاند: سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگرنگیەوە دەڕواننە بەهێزکردنى پەیوەندى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وەزارەت و, زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران. وتیشى ئێمە بۆ درێژەدان و داڕشتنى نەخشە ڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیەى کە ئیمزامان کرد هاتوین بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران, هەروەک جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت ئەو سێ زانکۆیەى کە بەشدارن لە وەفدەکە بەرنامەى تایبەتیان بۆ چۆنیەتى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکە هەیە, هیواشى خواست سەردان و بەسەرکردنەوەى زانکۆکان لەبەر ڕۆشنایى ڕێکەوتنامەکەمان ئەنجامى باش بۆ داهاتوى پەیوەندییەکانمان بەدەست بهێنێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا کە بەنیازن کارى لەسەر بکەن, کارى یەکەمى ئەو نەخشە ڕێگەیەش ڕەوانەکردنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستانە بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا (ماستەر, دکتۆرا) لە کۆمارى ئیسلامى ئێران, بۆ ئەوەش لێپرسراوانى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکەنەلۆجیا ڕایانگەیاند: کە بڕیاریانداوە لە هەر (١٠٠) خوێندکارێک کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێرانى ڕەوانە بکەن (٢٥) خوێندکاریان بە زەمالە (بەخۆڕایى) بێت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا باسى هاوکاریکردنى مامۆستایانى زانکۆ کرا، لەو چوارچێوەشەدا لێپرسراوانى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیا ئەوەیان ڕاگەیاند: کە بڕیاریانداوە مامۆستایان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خولى (٦) مانگى بێنە زانکۆکانى کۆمارى ئیسمى ئێران, لەهەمان کاتدا (٦) مامۆستا دەتوانن لە زانکۆکانى کوردستان بەخۆڕایى لەسەنتەرەکانى توێژینەوە, توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە ڕەوانەکردنى مامۆستاى زمان و ئەدەبى فارسى بۆ زانکۆکانى سڵێمانى و سەڵاحەددین, بەهەمان شێوە لێپرسراوانى وەزارەتى زانست ئەوەیان بەوەفدى میوان ڕاگەیاند: کە بڕیارى ڕەوانەکردنى دوو مامۆستاى زمان و ئەدەبى فارسیان بۆ زانکۆى سەڵاحەددین و زانکۆى سلێمانى داوە, هەروەک زانکۆى نور و کوردستان ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە.

لێپرسراوانى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى ئێرانى لەو کۆبونەوەیەدا باسیان لەوەش کرد کە دوو زانکۆى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەخوازن لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە, هەموو ئەرکێکى کردنەوەى ئەو دوو زانکۆیە خۆیان دەیگیرنە ئەستۆ, بەو مەرجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان  شوێنى پێویستیان بۆ دابین بکات.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا جەخت لەسەر کردنەوەى بەشى ئەندازیارى هاوبەش لە زانکۆى سلێمانى لەگەڵ زانکۆی ئەسفهان کۆمارى ئیسلامى ئێران کرایەوە.

لە بەرامبەردا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان تەئکیدیان لە جێبەجێکردنى ئەو کارو پڕۆژانە لە ئایندەیەکى نزیکدا کردەوە, لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین وتى: ئێمە چوار پڕۆژەمان هەیەو بەهیواین بگەینە ئەنجامى کۆتایى بۆ ئەوەى جێبەجێیان بکەین بەتایبەت گۆڕینەوەى ستافى ئەکادیمى و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و, چۆنێیتى هاوکاریکردنى وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ بەشى فارسى بۆ خوێندنى ماستەر, هەروەک ناوى دوو کاندیدى زانکۆکەشى بۆ خوێندنى دکتۆر لە زمان و ئەدەبى فارسى پێشکەشى بە بریکارى وەزارەت کرد بۆ ئەوەى ڕەزامەندیان لەسەر نیشان بدەن و دەست بەخوێندنى ئەکادیمى خۆیان بکەن,  د.ئەحمەد دزەیى ئامادەى زانکۆکەشى پیشاندا بۆ ئەوەى سەنتەرى زمانى زانکۆى سەڵاحەددین بۆ خولى زمانى فارسى بەکاربهێنن, ڕونیشکردەوە کە زانکۆکەیان بەنیازە بەشى ئەندازیارى نەوت و ئەندازیارى کیمیایى بکاتەوە, هیواشى خواست لەو بوارەشدا هاریکارى زانکۆکەیان بکەن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا د.سەڵاح سەعید ئەوەى ڕاگەیاند: کە لەگەڵ دەستپێکردنى پەیوەندییەکان, زانکۆکەیان پلانێکى تۆکمە و باشیان داڕشت و، خۆشبەختانە بۆ ڕەوانەکردنى خوێندکار بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران توانیویانە بودجەیەکى پێویست دابین بکەین, بۆ ئەوەى سود لەو زەمالەیە وەربگرین کە کۆمارى ئیسلامى ئێران پێشکەشى هەرێمى کوردستان کردوە, سەرۆکى زانکۆى سلێمانى ئەوەشى ڕاگەیاند: کە بەنیازن بەشى زمانى فارسى بکەنەوە, بۆ ئەوەش داواى لێکردن کە دوو مامۆستاى بوارى زمان و ئەدەبیان بۆ دابین بکەن, ئاشکراشیکرد کە ئەو دوو مامۆستایە دەتوانن سەنتەرى زمانى زانکۆکەیان بۆ کردنەوەى خولى زمانى فارسى بەکاربهێنن, داواشى کرد لە دابینکردنى کتێب و سەرچاوەى زانستى بۆ بەشى زمانى فارسى هاوکارییان بکەن, هیواشى خواست دوو کورسى خوێندنى دکتۆرا لە بوارى زمان و ئەدەبى فارسى پێشکەش بەزانکۆى سلێمانى بکەن. سەبارەت بە کردنەوەى کەمپى سێ بەشى ئەندازیارى زانکۆى ئەسفەهانى تەکنیکى لە زانکۆى سلێمانى د.سەڵاحەددین سەعید ڕایگەیاند: کە زانکۆکەیان ئامادەکارى تەواوى کردوەو شوێنى پێویستى دابینکردوە بۆ ئەوەى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) دەستبەکار بێت و خوێندکار وەربگرێت.

بەهەمان شێوە د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وتى: زانکۆکەمان ئامادەیە بۆ ئەوەى بەشێکى کەمپەکەیان لەگەڵ زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى لە بوارى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى پێکەوە کاربکەن و, دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکان بکەن بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران و خوازیاران و پێشکەشکردنى بڕوانامەى هاوبەش و نێودەوڵەتى لە بوارى پیشەیى. سەبارەت وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ ماستەرو دکتۆرا بەشێوازى سپیلتاسیت سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕایگەیاند:  بەم نزیکانە ناوى پاڵێۆراوان ڕەوانەى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن, هەروەک ئاماژەى بەوە کرد هاوکارى زانکۆ تەکنەلۆجیەکان لە بوارى ئەندازیارى نەوت و وزە کە ئێستا زانکۆى پۆلیتەکینکى سلێمانى کارى لەسەر دەکات بۆ ئەوەى خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) وەربگرن.