د.یوسف گۆران: هەڵوێستى فەرەنسا لە ڕوى ئەکادیمى و سیاسى و سەربازى بەرز دەنرخێنین

1_0.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: وەڵاتى فەرەنسا بۆ ئێمەى کورد لە ڕوى سیاسى و ئەکادیمى و سەربازى و کەلتورى تایبەتمەندى خۆى هەیە و، ڕۆڵى ئەو وڵاتە بەرز دەنرخێنین کە لە هەموو کاتێکدا پشتگیرى دۆزى ڕەواى گەلەکەمانیان کردوە، بۆیە ئەخوازین بازنەى پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ سەرکونسڵگەرى گشتى فەرەنسا لە هەولێر هات, کە ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێکەوتى (٢٦/٨/٢٠١٥) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردبوو.

لەو دیدارەدا, کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان ڕاگەیاند: فەرەنسا تایبەتمەندى خۆى بۆ ئێمەى کورد هەیە، هیوادارم لەسەر ئاستى وەزارەت و لەسەر ئاستى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بازنەى پەیوەندییەکانمان لەگەڵتان فراوانتر بکەین.

لە بەرامبەردا (ئالان گێپغات) سەرکونسڵى گشتى فەرەنسا لە هەولێر، دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکى کونسڵگەرییەکەیان كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردو له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیانداوه‌ خستەڕوو، هه‌روه‌ك باسى لە پڕۆسەى سیاسى لە کوردستان و شەڕى دژ بەداعش-یش کرد ووتى: دەستخۆشى لە هێزى پیشمەرگەى کوردستان دەکەم کە بەشێوەیەکى سەرەسامانە بەرگرى لە کوردستان دەکەن، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانه‌ کە پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان هێزى پێشمەرگەو هێزەکانى فەرەنسادا هەیە، هەروەک پیرۆزباى ئەو سەرکەوتنانەى هێزى پیشمەرگەشى کرد، کە ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە کەرکوک بەدەستیان هێناوە.

سەبارەت بەدۆخى سیاسى هەرێمى کوردستانیش، (ئالان گێپغات) ڕاگەیاند: ئەو گفتوگۆیانەى کە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دەکرێت, گفتوگۆى دیموکراسین و، هەروەک وەزارەتى دەرەوەى فەرەنساش لە ڕێگەى وتەبێژەکەیەوە هیواى خواست بە ڕێگەى گفتوگۆ کیشە سیاسیەکان لە کوردستان یەکلاى بکرێنەوە، ڕاشگەیاند: سەقامگیرى کوردستان بەلاى ئێمەوە گرنگ و جێى بایەخپێدانمانە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: خۆشبەختانە لایەنە سیاسیەکان ڕەچاوى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان دەکەن و ڕێگەش نەدراوە گفتوگۆ سیاسیەکان کاریگەریان لەسەر بوارى سەربازى هەبێت، بۆ نمونە ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەکان لە کۆبونەوەن، خۆشبەختانە هێزى پێشمەرگە لە شەڕى دژ بەداعش له‌ میحوه‌ری داقوق- كه‌ركوك سەرکەوتن تۆمار دەکات و پێشڕەوى دەکەن، بۆیه‌ خۆشبه‌ختانه‌ گفتوگۆكان گفتوگۆی دیموكراسی و مه‌ده‌نین.

بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمیەکانى فەرەنسا پتەو بکەین و زیاتر بەرەو پیشى ببەین، هەروەک نامانەوێت پەیوەندییەکان تەنها لە چوارچێوەى ڕەوانەکردنى خوێندکار قەتیس بکرێت، بەڵکو دەخوازین پەل بهاوێژێ بۆ ئاڵوگۆڕى توێژەرەکانمان، لەهەمان کاتدا فەرەنسا دەتوانێت لەو بوارانەى کە بۆ ئەمڕۆى کوردستان پێویستن هاوکاریمان بکات، هیواشى خواست کونسڵگەرى فەرەنسا لە هەولێر بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگیڕێت بەتایبەت کە ئیستا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کار لەسەر چونە نێو پڕۆسەى بۆلۆنیا و ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەکات.

لەلایەکى دیکەوە، (ئالان گێپغات) سەرکونسڵى گشتى فەرەنسا لە هەولێر، باسى لە پێویستى کردنەوەى زانکۆیەکى فەرەنسى لە هەرێمى کوردستان کرد، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌پڕۆژه‌یه‌كی دامەزراوەى (ئیکۆلى ئى پیتا)ى فەرەنسی كرد، كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌ناوبانگ و گرنگە له‌ فه‌ره‌نسا و، به‌نیازن زانكۆیه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌، وتیشى ئامانج لەم پڕۆژەیە پێگەیاندنى ئەندازیارى کۆمپیوتەرە لە کوردستان، هیواشى خواست لە ڕێگەى ئەو جۆرە پڕۆژانەوە دەرەفتیان بۆ بڕخسێت بۆ ئەوەى بتوانن وه‌ك فه‌ره‌نسا بەشدارى لە پڕۆسەى بونیادانەوەو ئاوەدانکردنەوەى کوردستان بکەن.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بۆ کردنەوەى هەر دامەزراوەیەکى خوێندنى باڵا لە کوردستان، ئێمە وەک وەزارەت کۆمەڵێک پێوەرەمان هەیە، بەتایبەت لە بوارى کواڵێت و پێداویستى بازارو ڕانکى زانکۆکەو شوێنى زانکۆکەو ستافى بەڕێوەبردن و مامۆستاو...ئەگەر دامەزراوەکە لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنانه‌ى وەزارەت یەکبگرێتەوە ئێمە پیشوازى لە کردنەوەى دەکەین و هاوكاریش ده‌بێت.