ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

خوێندنی ئه‌لیكترۆنی جێبه‌جێ ده‌كرێ

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٨/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن، کۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بە ناردنی درود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهدانی دوێنێی میحوەری کوڵەجۆ و هەمو شەهیدانی رێگای ڕزگاری کوردستان و دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان دەستی پێکرد و هیوای چاکبونەوەی بۆ بریندارەکانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە خواست.

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریگریکردن لەبڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕو، هەروەها پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت دوپاتکردەوە.

هاوکات د. ئارام محمد قادر سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی هەموو زانکۆکانی کوردستان کرد بۆ بەشداری و پشتگیریان لە سەرخستنی ڕێکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوبەروبونەوەی ئەم پەتایە، هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی ئەو زانکۆیانە کرد کە لەڕێگای بنیاتنانی تاقیگەو بەشداری لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەو دابینکردنی مادەی پێویست بۆ تێستەکان و پێکهێنانی تیمەکانی ڕاوێژکاری و هۆشیاری تەندروستی پشتیوانی دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی بون. هەروەها داوای بەردەوامی و چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکانی لێکردن بۆ پشتیوانی کەرتی تەندروستی وڵاتەکەمان.

 هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا ستایشی پشتیوانی و خۆڕاگری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی کرد لە پابەند بونیان بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە دیراسەکردنی بژاردەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠، بۆ ئەم مەبەستە هەمو زانکۆ حکومییەکان و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕاپۆرتی وردیان دەربارەی ئامادەکاریەکان پیشکەش بە ئەنجومەنی وەزارەت کرد، دوای هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و دوای گفتوگۆیەکی وردو زانستی، ئەنجومەنی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی دەرکرد:

  1. ئەنجومەنی وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەمو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و کەسوکاریان کە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ڕێکاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن.
  2. زانکۆکان بەردوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠٢٠) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس دەستپێبکاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێنراوە.
  3. لە حاڵەتی پیادەکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەکادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ ئەوەی  سەربەست بن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنێک کە لەگەڵ تایبەتمەندێتی زانکۆکانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ناوبراو.
  4. وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاری زانکۆکان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
  5.  ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێشتر دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم/ ماستەر/ دکتۆرا) کردووە و لە قۆناغەکانی (کۆرسات، توێژینەوە، گفتوگۆی نامە)-دان ئەوا بە هەمان ‌شێوازی خوێندنی ئەلکترۆنی درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێویستیان بە بەکارهێنانی تاقیگەی هەبێت، دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، هاوکاری دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان لە تاقیگەکان ئەنجام بدەن بەمەرجی پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان.
  6. زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش بەهەمان شێوازی زانکۆ حکومییەکان پێویستە پاپەندبن بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی سەرەوە.
  7. (دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری) و (فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی بەدواداچوونی بەردەوام دەکەن بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی.
  8. وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات کە لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بکرێت کە پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان بەشێوەیەک کە خێرایی و نرخەکەی گونجاو بێت و ئەڕکی سەرشانییان کەم بکاتەوە.
  9. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و داراییانەی کە دێنە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.

 

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

٨/٤/٢٠٢٠