د. ئارام محمد: زۆربەى کۆلێژەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکان کوردستان سیستمى بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی ئه‌ندازیاری

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراى کرد لەکۆى حەوت کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆکانى کوردستان، پێنج کۆلێژ سیستمى بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن، بۆ ساڵى داهاتووش دو کۆلێژەکەى دیکەش دەچنە ناو پڕۆسەکە، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەى دەرچوان هەلى کاریان لەچوارچێوەى بڕوانامەکەیان دەستبکەوێت.

ئەم لێدوانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢/١٢/٢٠١٩) لەمیانى بەشدارى کردنى هات لەکۆبونەوەى لێژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە تیایدا ڕاوێژکارو سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکە ئامادەیبون.

لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ گەشەى ئابورى جیهان ناوەرۆکى خوێندنمان لەگەڵ بازاڕى کار بگونجێنین، ئەو بەشانەى بازاڕ پێویستى پێیەتى بایەخى زیاتریان پێبدرێت، وتیشى: ئەو گۆڕانکاریانەى بۆ خوێندنى ئەندازیارى بڕیارى لێوەدەدرێت دەبێ لەسەرخۆ و لەگەڵ واقیعى کۆمەڵگەکەمان هاوتابن، چونکە جێبەجێ کردنى هەر سیستم و فەلسەفەیەکى زانستى دونیا دەبێت لەگەڵ هەلومەرج و واقیعى کۆمەلگەکە بگونجێت.

د.ئارام محەمەد بەئەندامانى لێژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستانى ڕاگەیاند: وەزارەت بەرنامەیەکى وردى لەبارەى جێبەجێ کردنى هەنگاوەکانى بۆڵۆنیا پڕۆسێس هەیە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: وابڕیارە کۆنفرانسێکى فراوان لەوبارەیەوە ئەنجام بدەین و لەڕێگەى دروستکردنى بۆردێکى تایبەتیش لەهەنگاوەکانى جێبەجێکردن و بەدواداچونى بۆلۆنیا پرۆسێس بکۆڵێنەوە.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا د. داود سلێمان ئەتروشى سەرۆکى لێژنەى باڵاى پێداچوونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەپاڵ دەربڕینى سوپاس گوزارى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا لەبەشدارى کردنى کۆبونەوەى لیژنەکەیان و بایەخدانیان بە خوێندنى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم پوختەى کارەکانى لیژنەکەى ڕون کردەوە، بەتایبەت لەبارەى جێبەجێ کردنى پرۆسەى بۆلۆنیاو متمانە بەخشین و ماوەى خوێندن و پێداگۆجى و تاقیگەکانى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم.

لەکۆتایى کۆبوونەوەکەشدا ئەندامانى لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان سەرنج و پێشنیازەکانیان لەبارەى پێشخستنى زیاترى خوێندنى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە کارەکانى بەردەوامەو ئەندامانى لیژنەکە جگە لە ڕاگرى کۆلێژە ئەندازیاریەکان لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستانیش تێیدا ئەندامن.