وەزیرى خوێندنى باڵا: لەناوەندەکانى خوێندن ڕێژەى (٥٢%)ى خوێندکاران و (٣٥%)ى مامۆستایان لە خانمانن

به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زاستى ڕایگەیاند: گرنگە لە سیستمى پەروەردەیماندا جەخت لەسەر پرۆسەى مرۆڤسازى بکەین، بەو مانایەى بە هاو پرەنسیپەکانى مرۆڤ بون و مرۆڤایەتى بکەینە چەقى پرۆسەى پەروەردەییمان، بە جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیەش دەگەینە ئەنجام.

ئەم وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٢/١٢/٢٠١٩) لەهۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە میانى گفتوگۆیەکى کراوەدا هات لە چوارچێوەى هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى کە بەبەشدارى نوێنەرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى لیژنەى داکۆکى کردن لەمافى ژنان لە پەرلەمان و د. نەزەند بەگیخانی، پرۆفیسۆری میوان لە سیانس پۆ، پاریس و راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و جێندەرى و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرى سێنتەرکانى جێندەرناسى لەزانکۆکانى کوردستان، بەناونیشانى خوێندنی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان بەڕێوەچو.

 لەمیانەى پێشکەش کردنى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەپاڵ دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بە بەشدارى کردنى لەم سیمینارە کەتایبەت بو بە پرۆگرامی خوێندنی بابەتی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان، سوپاسى ئامادەبوانى کردو وتى: پرسی جێندەر یەکێکە لە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگەکەمان، کە بەداخەوە  کۆمەڵگەی ئێمەو کلتورەکەشى بەدەر نین لە تێڕوانینى هەڵەو لێکدانەوەى نا زانستى و تەنانەت زۆر جاریش بە کەم بینین و کەمکردنەوە لە تواناو لێهاتویەکانى خانمان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئێمە دەبێت لە ڕوی ئابوری و پەروەردەیی و کلتورییەوە  زەمینەی بەشداری ڕاستەقینەی خانما ن برەخسێنین .

د.ئارام محەمەد قادر وتیشى: وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەنگاوەکانی یەکەمماندا لەسەر ئاستی وەزارەت لێژنەی تایبەتمان بۆ پرسی یەکسانی جێندەرى پێکهێناوە، هەروەها لەهەمو زانکۆکانی کوردستان سێنتەری  جێندەناسیمان دامەزراندوە، ڕونیشى کردەوە کە هەرچەندە پرسی خوێندنی بابەتی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنی و پڕبایەخە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەمان لە پێش  چاو بێت کە  بەهاو نۆرم و بنەماکانی یەکسانی جێندەر دەبێت بەوردی لە تەواوی سیستمی پەروەردەی و پێداگۆجی هەرێمەکەماندا ڕەنگبداتەوە. وتیشى:  کۆمەڵێک ئاماژەی پۆزەتیڤ هەن دەربارەی ڕۆڵ و ئامادەیی خانمان لە کەرتى خوێندنى باڵا، بۆ نمونە کچان ڕێژەى (٥٢%)ى خوێندکارانی قۆناخی بەکالۆریۆس پێکدەهێنن، لە نێو مامۆستایانیشدا ڕێژەى خانمان (٣٥%)ە. و لە نێو سەرکردە ئەکادیمیەکانیشدا ژنان ڕێژەی (٨%) یان هەیە.

لەلایەن خۆشیەوە لەنجە دزەیى سەرۆکى لیژنەى داکۆکى کردن لەمافى ژنان لەپەرلەمانى کوردستان وتارى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستانى خوێندەوەو تیایدا ئاماژەى بۆ پرسى جێندەر و کارو هەنگاوەکانى پەرلەمانى کوردستان لەو چوارچێوەیەدا کردو گرنگترین ئەو یاسایانەى ڕونکردەوە کە ئێستا لەهەرێمى کوردستان بۆ پاراستنى مافى ژنان بەرکارن و وتى: هەوڵ بۆ هەموارکردنى هەندێ یاساش هەن هەر لەچوارچێوەى پاراستنى مافى ژنان لەکۆمەلگەى کوردى، لەنجە دزەیى دڵخۆشى خۆشى بەخوێندنى بابەتى جێندەر لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى و هیواى خواست لەناوەندەکانى خوێندنى بنەڕەتیش بابەتى جێندەر بخوێندرێت.

لیژنەى جێندەر لە وەزارەتى خوێندنى باڵا  توێژینەوەى زانستى چەپکە گوڵى یەکسانى جێندەریان پێشکەش بە هەریەک لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى لیژنەى جێندەر لەدیوانى وەزارەت کرد.

لەمیانى پێشکەشکردنى سیمینارێکیشدا لەژێر ناوى (خوێندنی جێندەر: کۆنسێپت و تیۆر و مێتۆدۆلۆژی) د. نەزەند بەگیخانی، پرۆفیسۆری میوان لە سیانس پۆ، پاریس و راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و جێندەرى، ئاماژەى بە گرنگى خوێندنى جێندەر لەناوەندەکانى خوێندندا کرد بەتایبەت لە ناوەندەکانى خوێندنى بنەڕەتى و چەمکى جێندەرى لەڕووى بنیادى کۆمەڵایەتى بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە، هاوکات تیشکى خستەسەر ئەزموونى وڵاتان لەروى دابین کردنى مافى ژنان لەناوەندەکانى بریاڕدان و بایەخدان بەدۆزى ژن لەچوارچێوەى یاسا و بنەما کلتوری و کۆمەڵایەتییەکان.