د. ئارام محمد: زانکۆی سۆران لە ڕیزبەندی نیشتیمانی و نێودەوڵەتییدا، لە گروپە پێشەنگەکان بوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا زانكۆی سۆران به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەشداریکردنى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سۆران ڕایگەیاند: لانیکەمی پاداشتی حکومەتەکەی خۆمان بۆ ئەو ھەمو قوربانی و شەھید و تێکۆشانەی خەڵکی سەربەرز و قارەمانی دەڤەری (سۆران و مێرگەسور و چۆمان و رواندز) لەمێژوی دورو نزیکی گەلەکەماندا، ئەم دامەزراوە ئەکادیمیە باڵایەیە، کە ئێستا لە ڕیزی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان و عێراقیشدایە.

ئەو وتانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەر لەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سۆران، کە بەیاوەرى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت زانکۆى سۆرانى بەسەرکردەوە.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. موسلیح مستەفا سەرۆکى زانکۆى سۆران دواى بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەندامانى وەزارەت، كورته‌باسێکى لەبارەى مێژو و پێکهاتەى زانکۆى سۆران و بەش و کۆلێژەکان پێشکەشکرد و، ڕایگەیاند: دروستبونى زانکۆى سۆران پێویستییەکى گرنگ و جدى بو بۆ ناوچەکە، بۆیە لەسەرەتاى دروستبونەوە تا ئێستا زانکۆکە خاوەن دەیان پڕۆژەى زانستى و ئەکادیمى پێویست بوە و، ئاستى زانکۆکە قۆناخ دواى قۆناخ و بەپێى پڕۆژەکان بەرەو پێش هەنگاوی ناوە.

لەبەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا سوپاسى و دەستخۆشى ئاراستەى سەرۆک و ستافى زانکۆى سۆران کرد بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنى زانکۆکەیان لەڕوى توێژینەوە و پێگەیاندنى ئەکادیمیست و ڕۆڵەى هەرێمەکەمان، هەروەک وتیشى هیوادارم لەماوەى چوار ساڵى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا بتوانین باشتر خزمەت بە بارودۆخی خوێندنى باڵا لە کوردستان و زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان بکەین، بۆ زانکۆى سۆرانیش وتى: لانیکەمی پاداشتی حکومەتەکەی خۆمان بۆ ئەو ھەمو قوربانی و شەھید و تێکۆشانەی خەڵکی سەربەرز و قارەمانی دەڤەری (سۆران و مێرگەسور و چۆمان و رواندز)، لەمێژوی دورو نزیکی گەلەکەماندا، ئەم دامەزراوە ئەکادیمیە باڵایە، کە ئێستا لە ڕیزی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان و عێراقیشدایە.

لەبارەى هاوکارییەکانى وەزارەت بۆ زانکۆ و دامەزراوەکان، د. ئارام محمد قادر وتى هاوکارى زانکۆکەتان دەبین بۆ سەرخستن و پێشکەوتنى زیاترى ئاستى زانکۆ لە بوارى ئەکادیمى و زانستیدا، بۆ ئەمەش هیوادارم ماندونەناسانەتر و شلگێرانەتر کاربکەن و بەردەوام بن لەم ئەرکە زانستیە پیرۆزەدا.

هەر لە وتەکەیدا لەبەرامبەر ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى سۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەک وەزارەت هەمو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاستى زانکۆکانى کوردستان پێشبخەین و بیانخەینە سەر ڕێچکەو ڕەهەندى نێودەوڵەتى، بۆ ئەمەش وەک یەک گروپ و تیم هاوکارى زانكۆکان دەکەین بۆ ئەوەى دامەزراوەکانمان لە ناوچەکەدا پێگەو ڕۆڵى خۆیان ببینن.

لەبەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى سۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە فاکەڵتیەکانى زانکۆ و سێنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆى بەسەركرده‌وه‌ و، لە شێواز و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کاروبارەکانى پرسى و گوێى لەسەرنج و پێشنیازەکان گرت، هەروەک لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیانیش لەپاڵ ڕێنماییکردنیان و هاندانیان بۆ برەودانى زیاترى پێشکەوتن، تەواوى پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ دوپاتکردنەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا لە کافتریاى زانکۆش لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان لەکەشێکى زانستیدا گفتوگۆی له‌باره‌ی پڕۆگرامەکانى خوێندن و ئاستى زانستى زانکۆ و بەشەکان كرد.