وەزیرى خوێندنى باڵا، پرۆسەى وەرگرتنى خوێندکارانى لە تۆمارى گشتى زانکۆ و پەیمانگەکان بەسەر کردەوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌ددین و هه‌ولێری پۆلیته‌كنیكی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

د.ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند: خەڵکى کوردستان لەساڵانى ڕابردو دەردو مەینەتى زۆریان چەشت، بۆیە ئەرکمانە پاداشتى ماندوبونەکانیان بدەینەوە، وەک وەزارەتى خوێندنى باڵاش لەخزمەت نەوەکانمان دا دەبین و، لەنێو کار و داواکارى و داخوازیەکانیان دەبین و، لەچوارچێوەى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان دەرفەتى خوێندنیان بۆ دەڕەخسێنین.

ئەو وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى سەردانیکردنى هەردو زانکۆى سەڵاحەددین و پۆلیتەکنیکى هەولێر هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/١٠/٢٠١٩) بەیاوەرى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەسەریکردنەوە.

لەسه‌ره‌تادا، وەزیرى خوێندنى باڵا سەردانى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددینى کرد و، بەیاوەرى سەرۆکى زانکۆ د. ئەحمەد دزەیى تۆمارى گشتى زانکۆى بەسەر کردەوە و، لەنزیکەوە لەکێشە و کەموکوڕیەکانى خوێندکارانى پرسى و مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى بۆ کەسوکارى خوێندکاران ڕونکردەوە، هاوکات وتیشى ئێمە هاتووین بۆ ئەوەى بپرسین و بزانین پرۆسەى وەرگرتنى خوێندکاران چۆنە و، شێواز و پێشوازى و چۆنیەتى بەرێوەچونى مامەڵەکانیان لە چ ئاستێکدایە.

پاشان، د.ئارام محەمەد قادر سەردانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد، هاوڕێ لەگەڵ د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر تۆمارى گشتى زانکۆ و پەیمانگەى تەکنیکى هەولێرى بەسەرکردەوە و، لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆى کرد و، لەکەموکوڕى و کێشەکانى پرسى، هاوکات لەگەڵ ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانى پەیمانگەى تەکنیکى كارگێڕی هەولێر گفتوگۆى کرد و، گوێى لە داوا و پێشنیاز و سەرنجەکانیان گرت.

بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و، لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە کارى بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا کرد، لەو چوارچێوەیەشدا (٤١٨٣٣) خوێندکار وەرگیراون، کە دەکاتە ڕێژەى (%٩٦) دەرچوان، ئەمەش بۆتە جێگه‌ى دەستخۆشى دەرچوان و کەسوکارەکانیان، کە بەرنامەى وەزاراتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە جۆرێکە بتوانرێت زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بڕەخسێندرێت.