کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان (٤٥%) کەمکرایەوە

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د. ئارام محمد قادر بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێژەى (٤٥%)، هەروەک مەرج و ڕێنمایی نوێى ماستەرو دکتۆراى تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن و ئامادەبونى سەرۆک زانکۆ حکومییەکان کۆبونەوەى ژمارە (٥) ساڵى ٢٠١٩ى ئەنجامدا و چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى ڕەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى د.مەهاباد كامل عەبدوڵاى کرد بۆ ناو ئەنجومەنى وەزارەت کە وەک سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە دەستبەکاربوەو هیواى سەرکەوتنى لەم ئەرکە زانستى و گرنگە بۆ خواست.

بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت:

  • کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پاڕاڵێڵ و ئێواران لە زانکۆ حکومیەکان: سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکاندا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئامانجى وەزارەتەکەمان بۆ کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانە بۆ پەرەپێدانى بەهرەکانیان، ئەویش بە ڕەچاوکردنى پاراستنى کوالێتى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا. بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى (٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوەو بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.
  • کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا: سەبارەت بە خاڵێکى دیکەى کۆبونەوە کە تایبەت بو بە کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان، لەلایەن لێژنەى باڵاى وەرگرتن پوختەى ڕێنمایى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) خرایەڕو و لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت تێبینى و بۆچونى جیا جیا بۆ دەوڵەمەندکردنى ڕێنماییەکان خرایەڕو.
  • ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران پەسەندکرا: لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەداتاو ئامار بەپێى پلانى زانکۆکان بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت لەڕێگەى داتاشۆ خرایەڕو، دواى خستنەڕوى ئەنجامى وەرگرتن و بۆچون و پێشنیازى ئامادەبوان ئەنجومەنى وەزارەت ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) پەسەندکرد، کە وابڕیارە لە چەند رۆژى داهاتو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامى وەرگرتن ڕابگەیەنرێت.
  • کۆنووسى کۆبوونەوەى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى  سێنتەرەکانى زمان:  لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان لەلایەن سەرۆکى لێژنە خرایەڕو و لەلایەن ئامادەبوانیشەوە بە بۆچون و تێبینى لەبارەى ئەرک و رۆڵ و کارەکان کۆنوسەکە تاوتوێکرا.

هەر لە کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى پەیوەست بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.