لەسەر ڕاسپاردەی وەزیرى خوێندنى باڵا، سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکان گرنگی زیاتریان پێدەدرێت

كۆبونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌سێنته‌ره‌كانی زمان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان پشتگیر و پاڵپشتى تەواوی سێنتەرەکان دەبین و کار بۆ وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ سێنتەرەکانى زمان دەکەین.

لەو چوارچێوەیەشدا لەبەر رۆشنایى لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سێنتەرەکانی زمان، دوا بەدوای فەرمانی وەزاری ژمارە (١٤٧٠) لە (١٥/٩/٢٠١٩) ، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٩/٢٠١٩) بەئامادەبونی د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سێنتەرەکانی زمان و، سەرجەم ئەندامان دووەمین کووبونەوەی لێژنە بەڕێوەچو.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم بابەتە زانستی و کارگێڕیەکانی سێنتەرەکان خرانە بەر باس و گفتوگۆ بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو، بۆ ئەمەش سەرۆکی لێژنە پەیوەندی کردوە بە کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزمون لە بواری سێنتەرەکانی زمان، لە یەکەم دەرفەتدا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفراسەوە خاتوو (Jessica Ashe) لە زانکۆى میامى لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاو پسپۆڕ لە بواری خولەکانی فێربوونی زمان، باسێکی کورتی سەبارەت بە گرنگی وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچونی سێنتەرەکانی زمان پێشکەش کرد، پاشان بە پرسیار و کۆمێنتی بەشداربوان گفتوگۆکە دەوڵەمەندتر کرا.

لە وتەیەکیشدا د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دواى دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنە، بەڵێنیدا پشتگیری تەواوی سێنتەرەکان بکات. لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا پشتگیری لە بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتى سێنتەرەکان کرد بۆ وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی. هەروەها بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا، د. ئارام محمد تەئکیدی کردەوە سێنتەرەکان بە زووترین کات خولەکانی زمانی ئینگلیزی بە ڕێوشوێنی نوێ بکەنەوە کە گرنگی زیاتر بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە کوالێتیەکى بەرزتر بدات.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا لێژنە درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات بەمەبەستی ڕێکخستی کارەکانی سێنتەرەکان و باشترکردنی کوالێتی خولەکانی ئیستاو داهاتوو لە سێنتەرەکانی زمان.