ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى دەستپێکردنەوەى خولەکانى پێداگۆجى و ڕاوندى دوەمى خولى پێداگۆجى ڕادەگەیەنرێت

وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا- لۆگۆی وه‌زاره‌ت6

  لە چوارچێوەى چاکسازى و ڕیفۆرمەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سێکتەرە جیاکانى خوێندن, ساڵى ڕابردو یەکەم ڕاوندى مامۆستایان، کە ژمارەیان (٣٣) مامۆستا بوو ڕەوانەى وڵاتى فنلاند کران و بۆ ماوەى (١٠) هەفتە بەشدارییان لە خولى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە)کرد و، بەسەرکەوتوى خولەکەیان تەواوکرد، ئێستا وەزارەتەکەمان ڕاوندى دوەمى مامۆستایان لە چوارچێوەى هەمان بەرنامە ڕەوانەى وڵاتى فنلاند دەکات.

بۆ ئەو مەبەستە ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆک زانکۆکانى کوردستان ڕادەسپێرێ ئامادەکارى بکەن بۆ کاندیدکردنى نوێنەرى زانکۆکەیان بۆ ڕاوندى دوەمى هەمان پرۆگرام (ڕێگەکانى وانەوتنەوە)، چونکە لە ئێستادا وەزارەتەکەمان لەگەڵ زانکۆى (HAMK) لە وڵاتى فنلاند لە قۆناخەکانى کۆتایى ئامادەکارییەکانى دەستپێکردنى ڕاوندى دوەمى (پێداگۆجى)یە.

لە ڕاوندى دوەمدا (٢٥) مامۆستا لە بوارەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیاى زانیارى، ئەندازیارى، زانستە مرۆییەکان، زانستە سروشتى و تەتبیقییەکان) دەنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە بەمەبەستى تەواوکردنى کۆرسەکانى پێداگۆجى.

بۆ ئەم مەبەستە ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى مەرجەکانى پێشکەشکردن بۆ ڕاوندى دوەمى پێداگۆجى ڕادەگەیەنێت کە بریتین لە:

  1. هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر یان دکتۆرا بێت.
  2. ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لانى کەم (٥)ى ئایڵتس یان هاوتاکەى بێت یاخود بڕوانامەى (ئینتەرمیدیەت)ى لەسێنتەرەکانى زمان بە سەرکەوتوى بەدەستهێنابێت کە بەسەرپەرشتى رێکخراوى ئیمیدیست بەڕێوەدەچێ.
  3. میلاکى یەکێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بێـت.

دواین کات بۆ پێشکەشکردنى ناوەکان لەلایەن زانکۆکان بۆ وەزارەتەکەمان تا ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠١٩) دەبێت.

 

لەو چوارچێوەیەداو دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهاریکارى پارتنەرە نێودەوڵەتیەکان گۆڕانکارى بنەڕەتى لە شێوازى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کردو، دەستەیەکى نوێى بۆ سەرپەرشتیکردنى بەڕێوەبەرایەتیەکانى فێرکردنى بەردەوام بەزانست و زانیارى سەردەمیانە پێگەیاند، جارێکى دیکە و بەسیستمێکى نوێ کۆرسەکانى پێداگۆجى دەست پێ دەکاتەوە.

لە ئێستاشدا خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ئاگادار دەکەینەوە، کە لە هەفتەى یەکەمى مانگى چوارى ئەمساڵ کۆرسەکانى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) لە سێنتەرەکانى ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى لە شارەکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان) دەکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین، سلێمانى، دهۆک و گەرمیان) دەکەین ئامادەکارى تەواو بکەن بۆ دەستپێکردنەوەى خولەکان.

مەرج و ڕێنماییەکانى بەشداریکردن لە کۆرسەکانى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) بریتین لە:

  • هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر یان دکتۆرا بێت لە یەکێک لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان.
  • میلاکى یەکێک لە دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یان زانکۆ تایبەتەکان یاخود وەزارەتى پەروەردە بێت.
  • ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لانى کەم (٥)ى ئایڵتس یان هاوتاکەى بێت یاخود بڕوانامەى (ئینتەرمیدیەت)ى لەسێنتەرەکانى زمان بە سەرکەوتوى بەدەستهێنابێت کە بەسەرپەرشتى رێکخراوى ئیمیدیست بەڕێوەدەچێ.
  • پێویستە خوازیار لە سێنتەرەکانى ئینستیوتى پەرەپێدانى ئەکادیمى لە شارەکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان) ناوى خۆى تۆماربکات.