ئەنجامى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى لە زانکۆکان ڕاگەیندرا

wezaret12

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرەنجامى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕادەگەیەنێت، کە لەکۆیى (٢٦٧٧٠) خوێندکار کە داواکارییان پێشکەش کردوە (١٨٤٢٧) خوێندکار وەرگیراون.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشت،  بۆ ئەوەش دواى ئەوەى ساڵى ڕابردو بەسەرکەوتوى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى دا و، بۆ ئەمساڵى خوێندن (٣٧٧) بەش بەسیستمى وەرگرتنى ڕاستەخۆى زانکۆیى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگرت.

عەباس ئەکرەم وتیشى: لەوەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش یان کۆلێژە بوو، هەروەک ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار کراوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: کەمترین کۆنمرەى پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%) بوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند، بۆ وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى (٢٦٧٧٠) خوێندکار داواکارییان پێشکەش کرد، لە ئەنجامدا (١٨٤٢٧) خوێندکار بەم شێوەیە وەرگیران:

  • (١٠٠٥٣) خوێندکار یەک هەڵبژاردنیان هەبووەو وەرگرتنەکەیان کۆتاییەو چەسپێنراوە.
  • (8374) خوێندکار زیاتر لە هەڵبژاردنێکیان هەبووە پێویستە لەماوەى (٥) رۆژدا سەردانى شوێنى وەرگرتنیان بکەن و داواکارییەکانیان بۆ یەک شوێن بچەسپێنن، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەو ماوەیەدا سەردانى شوێنى وەرگرتن نەکەن کاندیدکراوى یەدەگ شوێنیان دەگرێتەوە.

 

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند ئەو خوێندکارانەى بە شێوازى سیستمى راستەوخۆیى زانکۆیى ناویان لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دەرچووە، مافیان لە وەرگرتنى (زانکۆلاین) نامێنێت، وتیشى لە ئێستاوە خوێندکاران دەتوانن لە ڕێگەى وێب سایتى زانکۆلاین (https://regayzanko.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە، هیواشى خواست ئەو بابەتە بێتە جێگەى ڕەزامەندى خوێندکاران چونکە لەم وەرگرتنەدا بەڕێژەیەکى زۆر ئارەزوى خوێندکاران لە وەرگرتنیان ڕەچاوکراوە.