د.یوسف گۆران: دەمانەوێ ئەزمونى زانستى دامەزراوە ئەکادیمیەکانى ئێران بێتە کوردستان

komari eslami eran

بۆ بەدواداچونى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى زاست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران، وەفدێکى کۆنسڵگەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، لە دیدارێکدا دواى تاوتوێکردنى پەیوەندییەکان، گفتوگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتننامەى نێوان هەردولا کرا.

لەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ دو شەممە ڕێکەوتى ٢٧/٢/٢٠١٧ لە نێوان د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدێکى کونسوڵگەرییەکە بەڕێوەچو لایەنە جیاکانى پەیوەندییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، سەرکونسڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران سوپاسى ئەو میواندارییەى کرد و، وتى خۆشحاڵم کە ئاستى پەیوەندییەکان ڕۆژ دواى ڕۆژ بەرەو باشتر دەڕوا.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، نوێنەرى زانکۆى علم و سنعەت دواى ئاماژەکردن بەئاستى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وتیان زانکۆکەمان ڕێککەوتنامەى لەگەڵ زانکۆکانى (سلێمانى، سەڵاحەددین، پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پۆلیتەکنیکى دهۆک و کۆیە)، ئەوەشیان کردەوە کە زانکۆکەیان پڕۆپۆزەڵى کردنەوەى لقێکیان لە هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە بوارى ئەندازیارى تەواو کردوە، بۆ ئەوەش وردەکارى لقەکە و لایەنە جیاکانى پڕۆژەکەى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد.

لەبەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەرگاى وەزارەتەکەمان بەڕوى زانکۆ بەناوبانگ و پێشەنگەکانى دنیا کراوەیە بۆ ئەوەى لقێکى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە، بەهەمان شێوە زانکۆى علم و سەنعەتى کۆمارى ئیسلامى بەیەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانى دنیا دادەنرێ، لە دواین سەردانیشمان بۆ ئەو زانکۆکە ئاستى پێشکەوتوى زانکۆکەمان بینى، جگە لەوەش وەک وەزارەت ئارەزوى زۆرمان هەیە بۆ ئەوەى کە ئەزمونى زانستى کۆمارى ئیسلامى ئێران و بەتایبەت زانکۆى علم و سەنعەتى بێتە کورستان، هیواشى خواست ئەزمونێکى زانستى جیاواز بێنە کوردستان، وتیشى کردنەوەى لقى زانکۆى علم و سەنعەتى وەک چۆن دەبێتە هۆى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەمانکاتدا خزمەتێکە بۆ کوردستان.

زانکۆى زانست و تەکنەلۆژیا (IUST) لە ساڵى (١٩٢٩) وەک یەکەم دامەزراوەیى ئەکادیمى خوێندنى باڵا لە بوارى ئەندازیارى لەو وڵاتە دامەزراوە و، یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى ئاستى جیهان و، لەسەر ئاستى کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش لە ڕیزبەندى پێشەوەى زانکۆکاندایە، تا ئێستا زیاتر لە (٣٢،٠٠٠) هەزار خوێندکار خوێندنى تێدا تەواو کردوە، جگە لەوەش ژمارەیەکى زۆر خوێندکارى لە بوارى خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆراى هەیە و بارەگاى سەرەکى لە باکورى ڕۆژهەڵاتى تارانە و، (١٥) کۆلێژى هەیە کە زۆربەیان لە بوارى ئەندازیاریی و زانستیە.