زانکۆى چەرموو یەکەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە سروشتیەکانى دەستپێکرد

IMG_0002.JPG

بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان و، ئەندامانى پاڕلەمانى کوردستان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ و شارەزاییان و پسپۆڕان و توێژەران زانکۆى چەرموو یەکەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە سروشتیەکان لە شارى سلێمانى دەستپێکرد.

لەو کۆنفرانسەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١١/٧/٢٠١٦) لە هۆتیل رۆیال لە شارى سلێمانى دەستى بەکارەکانیکرد،  لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتارێک پێشکەشکرا.

لە سەرەتادا لەلایەن د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو وتارێک پێشکەش کرا لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، تیشکى خستە سەر ئامانج و ناوەڕۆکى کۆنفرانسەکەو ڕاگەیاند: زانکۆى چەرموو لەسەردەمى قەیرانى دارایى  لە پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە دایک بوە، بەڵام لە ماوەیەکى کورتدا توانیوەیەتى چەندین کارى گرنگ ئەنجام بدات، بەتایبەت لەو بوارە گرنگانەى کە پێویستن بۆ بازارى ئەمڕۆى کوردستان و ژیانى کۆمەڵایەتى ناوچەکە، هەر لە وتەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى زانکۆ کرد لە گەشەپیدانى بوارى زانستى و پێشخستنى کۆمەڵگە، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێ زانکۆکانى هەنگاوى زیاتر بەرەو سەرەبەخۆى کارگێڕى و دارایى بنێین بۆ ئەوەى بتوانن بەتەواوەتى بکەونە سەرپێى خۆیان و کۆمەڵگە بەرەو پێشبەرن، بۆ ئەوەش سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد کە پشتگیرى تەواوى زانکۆکەیانى کردوە تا هەنگاوى زیاتر بەرەوپێشەوە بچن.

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا دواى ئەوەى دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى کۆنفرانسەکە کرد، بەخێرهێنانى میوانانى کرد و وتى: جیگەى خۆشحاڵیە کە ئەمڕۆ زانکۆى چەرموو توانیوەیەتى ژمارەیەک لە توێژەرانى نێودەوڵەتى لە (١١) وڵاتى جیاوە بانگهێشتى ئەم کۆنفرانسە بکات.

هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵ و پێگەى زانکۆى چەرموو کرد و وتى: زانکۆى چەرموو لەگەڵ ئەوەى زانکۆیەکى نوێیە، بەڵام توانیوەیەتى ناسنامەو تایبەتمەندى خۆى وەربگرێ، بۆیە گرنگى زانکۆى چەرموو لەوەدایە کە توانیوەیەتى ناسنامەى خۆى وەربگرێ، د.یوسف گۆران ئەوەش ڕاگەیاند: کە ئێستا لە دنیادا مۆدێلى زانکۆى گشتگیر نەماوە، چونکە زانستەکان ئەوەندە تێکەڵ بون ئەستەمە زانکۆیەک بتوانێ لە هەموو بوارێک سەرکەوتوو بێ، بۆیە ئێستا کاتى ئەوە هاتوە زانکۆکانى کوردستان ناسنامەى خۆیان دەستنیشان بکەن و بزانن بایەخ بەکام بوارى زانستى دەدەن و، واز لە نمونە کۆنەکانى زانکۆکان بێنن، کە زیاتر گشتگیر بون، چونکە زۆر ئەستەمە لەم سەرەمەدا زانکۆ هەبێ و بتوانێ لەسەرجەم بوارەکانى زانست سەرکەوتوو بێ.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەدا د.یوسف گۆران باسىى لە ئەرکى سەرکى ئێستاى زانکۆکان کرد و ڕایگەیاند: لەسەدەکانى کۆن و ناوەڕاست ئەرکى زانکۆ بریتی بوو لە بەرهەمهێنتانى فکرى زانستى، لەو قۆناغەشدا زانکۆ توانى سەرکەوتوو بێ و هزرى زانستى بۆ کۆمەڵگە بەرهەم بهێنێ، بەشێوەیەک تا ئێستا بەرهەمهێنانى هزرى زانستى لەو سەردەمەدا بۆ کۆمەڵگەى ئێمە لەم سەردەمەدا گرنگى خۆیان لە دەست نەداوە، بەڵام قۆناغى ئێستاو ئەرکى زانکۆکان لەم سەردەمەدا جیاوازە، بۆیە پێویستە زانکۆکان لانکەى داکۆکیکردن لە ڕاستیە زانستیەکان بن و، ناوەندى قەڵاچوکردنى بیرى خورافى و نازانستیانە بن

.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخان کرد بۆ گرنگى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە سەردەمى گلۆباڵزیشندا پڕۆسەى بەرهەمهێنانى مەعریفە پڕۆسەیەکى ئاڵۆزەو، لە وڵاتانى پێشکەوتودا زانایان و توێژەران تیمى زانستى پێک دەهێنن و ڕوبەرى زانستەکان دەبنەوە بۆ بەرهەمهێنان و داهێنانى نوێ لە بوارە جیاکانى زانستدا، د.یوسف گۆران وتیشیى توێژران ئێستا لە هەموو کات و سەردەمێکدا زیاتر دەرفەتى گەڕان و بەدەستهێنانى زانیارییان لە وڵاتان هەیە، بۆیە هیواخوازین ئەم کۆنفرانسە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى سود لە ئەزمونى ئەکادیمى نێودەوڵەتى وەربگیرێ و، ئەزمونەکانیان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى ئەمڕۆى کوردستان بەکاربهێنن، هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد، کە لە ساڵى ئایندەوە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا بەجدى کار لەسەر دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى دەکەین، وتیشیى ئامانجمان لە دامەزراندنى ئەو ئەنجومەنە بۆ هاندان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستیە لە کوردستان، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕون کردەوە، کە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانى پێشتر لە داڕشتنەوەى سیستمى خوێندنى ماستەرو دکتۆرادا بایەخى زۆریان بە توێژینەوەى زانستى داوە.

هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە سیاسەتى وەزارەتەکەى کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: سیاسەتى زانستى هەرێمەکەمان بریتییە لە بەستنەوەى بازارەکانى کوردستان بەپڕۆگرامەکانى خوێندن و، بایەخدان بەخوێندنى پیشەیى، وتیشى ئامانجى وەزارەت لە جێبەجێکردنى ئەو سیاسەتە بۆ ئەوەیە تا بتوانین ئەو خوێندکارانەى دێنە ناو خوێندنى باڵا بەشێوەیەک زانست وەربگرن و ڕاهێنانیان پێ بکرێ کە زانکۆیان تەواو کرد بتوانن لە بازارى کارى کوردستان پێشبڕکى بکەن و، کاریان دەست بکەوێ، واتا لە یەک کاتدا بتوانن بازارى کارى کوردستان بەرەو پێش بەرن و ئاستى زانکۆکانیش بەپێشبڕکێى زانستى بەرەو پێشەوەبچێ، ئاشکراشیکرد لە جێبەجێیکردنى ئەو کارەشدا پێویستە وەزارەتەکانى پلاندانان و کاروکاروبارى کۆمەلایەتى و، پەروەردە هەماهەنگ بن تا پێکەوە سیستمێک بۆ ئەو بوارە دابڕیژین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتەکەى ئێمە لەو بوارەدا بەرچاوى ڕونەو، هیواشى خوسات بتوانین کارى جدى لەو بوارە بکەین. لە کۆتایشدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کارو بەرنامەکانى کۆنفرانسەکە خواست.