زانكۆی دهۆك دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كشتوكاڵی بەڕێوەبرد

z (9).JPG

 بە چاودێری سەرۆكی زانكۆی دهۆك و ئامادەبوونی د. كەریم ساڵح عەبدول نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و راگری كۆلێژ و مامۆستا و پرۆفیسۆر و شارەزایانی كشتوكاڵی ناوخۆ و دەرەوە، دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كشتوكاڵ لەلایەن كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی دهۆك لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆی دهۆك بەڕێوەچوو.

د. كەریم ساڵح عەبدول نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەوتەكەیدا رایگەیاند گومان لەوەدا نیە كشتوكاڵ سەرچاوەیەكی هەرە سەرەكی یە بۆ هەر وڵاتێك و یەكێكە لە بنەما سەرەكیەكانی ئاسایشی نەتەوەیی، گرنگی دان بە كشتوكاڵ گرنگی دانە بە ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەیی، ئێمە لە هەرێمی كوردستان خاكێكی زۆر و بەپیت و بەرەكەت و سەرچاوەی زۆری ئاومان هەیە و لەڕووی ژینگەییەوە وەرزەكانی ساڵ بۆ بەرهەمێنانی كشتوكاڵی جۆراوجۆرە و بەسوودە.

بەڵام لە ڕووی كادیری پسپۆرییەوە بەداخەوە لە ئاستی پێویستدا نیەو بەرهەمە خوماڵییەكانمان لە بازاڕ زۆر كەمن بەراورد بە بەرهەمە هاوردەكان، وتیشی  ئەم قەیرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە دەكرا كاریگەریەكەی سوكتر بوایە ئەگەر هاتوو رێژەیەك لە داهاتمان لە كشتوكاڵ و گەشت و گوزار و بازرگانی و بەشەكانی تری داهاتەوە بەدەست هاتبایە لەپاڵ داهاتی نەوت.

راشیگەیاند لە ئێستادا دەرفەتمان هەیە نەخشە رێگایەك و ستراتیژیەك دابنێن بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ، خۆشبەختانە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەم ساڵەدا یاداشنامەیەكی هەماهەنگی زانستیان ئیمزا كرد، كە ناوەرۆكی یاداشتەكە بریتیە لە گرنگی دان بە توێژینەوەی زانستی و ڕاهێنان و مەشقی جووتیاران و خوێندكارانی بەشەكانی كولێژو پەیمانگەكان، وتیشی دوای رازەمەندی ئەنجومەنی وەزیران ئەو یاداشتنامەیە گشتاندنی پێكراوە بۆ گشت زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. واتە دەكرێت هەموو فەرماگەكانی كشتوكاڵ لە سەرجەم پارێزگاكان و شارەكان داوای هەماهەنگی لە زانكۆكان بكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی توژینەوەی زانستی و هەر پرسێكی دیكەی پێویستە.

لەبەشێكی تری مەراسیمەكەدا لەلایەن سەرۆكی زانكۆی دهۆك و راگری كۆلێژی كشتوكاڵ وتەی جیا جیا پێشكەش كراو چەندین تویژینەوەش گفتوگۆی لەبارەوە كرا.