ئاگادارییەک لە پرۆژەی زانکۆلاینەوە

وەک ئاگادارن پرۆژەی زانکۆلاین یەکێکە لە دەستپێشخەرییە گرنگەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مەبەست لە داهێنانی ئەم پرۆژەیە بریتییە لە خزمەت کردنی نەوەی نوی و ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و شێوازی سەردەمییانە لە ژیانی خوێندن و فێرکردندا، خۆشبەختانە دەرچوانی ئامادەیی بەسەرکەوتوویی توانیان مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەن و بەکارایی فێری بەکارهێنانی ببن و دا‌هێنانی تێدا بکەن، شایەنی باسە ژمارەی ئەو پێشکەشکارانەی تا ئێستا ناویان لە زانکۆلاین تۆمار کردووە لە (٣٠٠٠٠) کەس تێپەڕیوە، هەر وەک ژمارەی ئەوانەی بەتەواوەتی فۆرمەکانیان پڕکردۆتەوە و ناردویانە لە (٢٠٠٠٠) کەس تێپەڕیوە. ئەم ژمارانە نیشانەی سەرکەوتنی پرۆژەکە و هۆشیاری پێشکەشکارانە . هاوکارانمان لە مەڵبەند و سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری زانکۆ و دەستەکان و ناوەندی وەرگرتن ماندوو نەناس و پشوودرێژ بوون و هەوڵی زۆریان دا بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە بۆیە سوپاسیان دەکەین و دەستخۆشیان لێدەکەین بۆ هەوڵ و ماندووبونەکانیان.

هەر بۆ دڵنایی و هاوتەریبی لە نێوان (زانکۆلاین) و شێوازی پێشکەشکردن بە (فۆرمی نووسەک) ، لە ڕۆژی دووشەممە ٣/١٠/٢٠١١ –وە فۆرمی نووسەک و ڕێبەر بە شێوازی پار ساڵ دابەش دەکرێت، داوا لە قوتابیانی ئازیز دەکەین کە بە زووترین کات سەردانی قوتابخانەکانیان بکەن و فۆرمی نوسەک و ڕێبەر وەربگرن و هەوتەریب لەگەڵ زانکۆلاین لە ماوەی هەفتەیەکدا پڕی بکەنەوە بەگویرەی ئەم ڕێنماییانەی لای خوارەوە:

  1. ئەوانەی فۆرمی (زانکۆلاین) یان بەتەواوەتی پڕکردۆتەوە و (سەبمیتیان کردووە)، یەکسەر دەتوانن فۆرمی نووسەک پڕبکەنەوە، زۆر گرنگە کە ناوی بەکارهێنەر و (پین نەمبەر) ی زانکۆ لاین لەسەر فۆرمی نووسەک  وەک خۆی تۆمار بکەن. هەروەها دەبێت هەڵبژاردنەکانیان دەقاودەق وەک هەڵبژاردنەکانی نێو (پی دی ئێف)ی زانکۆلاین بێت. پاش پڕکردنەوەی فۆرمی نوسەک دەبێت لەگەڵ (پی دی ئێف)ی زانکۆلاین هاوپێچی بکەن و پێشکەشی قوتابخانەکانیانی بکەن. 
  2. ئەوانەی سەردانی زانکۆلاینیان کردووە بەڵام هێشتا فۆرمەکەیان تەواو نەکردووە ، ئەوا دەبێت بەزووترین کات تەواوی بکەن، دوای ئەوەی (پی دی ئێف)ی فۆرمی زانکۆلاین وەردەگرن بەهەمان شێوازی خاڵی یەکەم فۆرمی نووسەک پڕ دەکەنەوە و  و (پی دی ئێف) ی زانکۆلاینی لەگەڵ هاوپێچ دەکەن دەیگەڕێننەوە بۆ قوتابخانەکانیان. 
  3. ئەوانەی تا ئێستا دەرفەتیان نەبووە سەردانی زانکۆلاین بکەن، ئەوا پێویستە فۆرمی نووسەک وەربگرن. بەر لە پڕکردنەوەی فۆرمی نووسەک پێویستە بە زووترین کات فۆرمی زانکۆلاین پڕ بکەنەوە و تەوای بکەن دواتر فۆرمی نوسەک پڕ بکەنەوە بە هەمان هەنگاوەکانی خاڵی یەکەم و دووەم کە لە سەرەوە ڕوونکراوەتەوە. 
  4. بەڕێوەبەرێتی قوتابخانەکان دەبێت ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە کارئاسانی و ڕێنماییکردنی دەرچووان و هاوکاریکردنیان لە پرۆسەی پێشکەشکردندا. هەروەها پێویستە بەرێوەبەریتی قوتابخانەکان وردبینی تەواوی فۆرمەکان بکەن بەتایبەت  دڵنیا بن لەوەی کە ناوی بەکارهێنەر و (پین نەمبەر) ی زانکۆلاین لەسەر فۆۆرمی نووسەک تۆمار کرابێت، هەروەها تەئکید بکەنەوە کە هەڵبژاردنەکانی نێو فۆرمی زانکۆلاین و فۆرمی نووسەک دەقاودەق وەک یەکن، چونکە ئەو زانیاریانە پەیوەندیان بە چارەنووسی قوتابیانەوە هەیە.
  5. مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیار و سکاڵا و گازەندەیەک ، ڕێنمایی تەواو پێشکەش بە قوتابیان دەکەن و هاوکاریان دەبن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکان.
  6. گەر هەرگرفتێک لەلایەن مەڵبەندەکانی  ڕاویژکارییەوە نەتوانرا چارەسەر بکرێت ئەوا بە پشتگری مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری لە ڕێگای فۆرمی (گازەندە) وە بەرز دەکرێتەوە بۆ بەرپرسانی تەکنیکی زانکۆلاین. پێویستە کۆپییەک لە فۆرمی گازەندە لای قوتابی بپاریزرێت . گازەندەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی تەکنیکی زانکۆلاینەوە وەڵام دەدرێنەوە.