ئاگادارییەک بۆ پێشکەشکارانی هەردوو پرۆژەی تواناسازی و زانکۆ-لاین

 پێشکەشکارانی خۆشەیستی هەردوو پرۆژەی تواناسازی و زانکۆلاین ئاگادار دەکەین کە دوامۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ هەردوو پرۆژەی ناوبراو درێژکرایەوە بۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩/١٠/٢٠١١.

شایەنی باسە هەردوو پرۆژەی تواناسازی و زانکۆلاین بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە تا ئێستا (٢٨٧٠٢) قوتابی بەسەرکەوتوویی خۆیان لە سیستەمی زانکۆلاین تۆمار کردووە، کاتی پێویستیش لە بەردەستە بۆ ئەوەی تەوای دەرچوانی ئامادەیی بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن و فۆرمەکانیان پڕ بکەنەوە. زانکۆلاین هەنگاوێکی گرنگە بۆ کارئاسانی و پشتیوانیکردنی دەرچوانی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەش و کۆلێجانە هەڵبژێرن کە لەگەڵ کۆنمرەو خواست و ئارەزووەکانیان دەگونجێت، لە سیستەمی کۆندا بە هەزاران قوتابی و خویندکار لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکاندا دووچاری هەڵە دەبوون، ئەو هەڵانەش کاریگەری گەورەیان لەسەر چارەنووسیان دەبوو، بەڵام لە کاتی خۆیدا هەستیان پێ نەدەکرد، ساڵانی پێشوو هەمیشە گرفتی گەورەی قوتابیان بریتی بوو لە یەکنەگرتنەوەی کۆنمرە و خواست و ئارەزووەکانیان بۆ ئەو بوارەی کە تیایدا دەخوینن، بەڵام ئێستا لە ڕێگای پرۆژەی زانکۆلاینەوە پێشوەخت هەڵەکان دەستنیشان دەکرێت و کەم دەکرێنەوە، لەم پرۆژەیەدا قوتابیان بەجۆرێک هاوکاری دەکرێن کە هیچ هەڵبژاردنێکیان بەفیڕۆ نەروات، لەکاتێکدا لە سیستەمی کۆندا بە هەزاران قوتابی هەڵەکانیان تێپەر دەبوون و هەڵبژاردنەکانیشیان بەفیڕۆ دەچوون.