پەیامیک لە زانکۆلاینەوە: با قوتابیان دوودڵ نەبن،

پەیامیک لە زانکۆلاینەوە: با قوتابیان دوودڵ نەبن، چونکە هیچ قوتابییەک نامێنی  فۆرمی پڕکراوەی لێوەرنەگیرابێت. پرۆژەی زانکۆلاین هەنگاوێکی گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییە،  هەوڵێکی جدییە بۆ وەرچەرخان و گۆرینی کەلتوری خوێندن لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای زانیاری بۆ مەبەستی فێربوون و دەستکەوتنی زانیاری و ڕێکخستنی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆو و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکاری تەواوی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە کردووە، پێشبینی هەموو گرفتە تەکنیکییەکان کراوە و  میکانیزمی گونجاویش بۆ چارەسەرکردنیان دارێژراوە، بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەین کە دەرفەتی تەواومان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری تەواوی قوتابیان و خوێندکاران بکەین تاوەکو بتوانن فۆرمی زانکۆلاین بە سەرکەوتوویی پڕبکەنەوە. لە ئێستادا ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پرۆژەی زانکۆلاین درێژکراوەتەوە، ئەگەر پێویستی کرد کاتی زیاتریش دەدەین بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە، بۆیە پێویست ناکات  خوێنکاران و قوتابیان دودڵ بن،چونکە چارەنووسیان پارێزراوە و پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵایان هەیە.

هاوکات  لە سەرەتای هەفتەی ئایندەوە فۆرمی (چاپکراوی تیشکی) بە هاوشێوەی سیستەمی پارساڵ بڵاو دەکەینەوە، واتا ئەم ساڵ هەردو شێوازی زانکۆلاین و فۆرمی چاپکراو پەیڕەو دەکەین.

شایەنی باسە لە مەودای یەک هەفتەی کارکردندا ١٢٠٠٠ پێشکەشکار بە سەرکەوتوویی خۆیان لە پرۆژەی زانکۆلاین تۆمار کردووە، دڵنیاین لە دووهەفتەی ئایندەشدا سەرجەم قوتابیانی تر خۆیان تۆمار دەکەن و فۆرمەکەش بە سەرکەوتوویی پڕ دەکەنەوە، بۆ هاوکاری زیاتری پێشکەشکارانیش وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوەی ئەنجام داوە:

  1. رێنوێنی کردن و هاوکاریکردنی پیشکەشکاران بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و فۆرمی چاپکراوی تیشکی لە ڕێگای مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری و سێنتەری کۆمپیوتەری زانکۆکانەوە. 
  2. هەر هەڵەیەک لە پڕکردنەوەی فۆرمەکاندا ئەنجام درابیت هەمووی لەلایەن تیمی پسپۆرەوە راستدەکرێنەوە. 
  3. ژمارەی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری و ستافەکانیان لە هەموو دەڤەرەکانی کوردستاندا زیاد کراون .
  4. توانای ئەنتەرنێتی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زیادکراوە بۆ ئەوەی کەمترین گرفتی تەکنیکییان هەبێت. 

شایەنی باسە لە سیستەمی کۆندا بە هەزاران قوتابی و خویندکار لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکاندا دووچاری هەڵە دەبوون، ئەو هەڵانەش کاریگەری گەورەیان لەسەر چارەنووسیان دەبوو، بەڵام لە کاتی خۆیدا هەستیان پێ نەدەکرد، ساڵانی پێشوو هەمیشە گرفتی گەورەی قوتابیان بریتی بوو لە یەکنەگرتنەوەی کۆنمرە و خواست و ئارەزووەکانیان بۆ ئەو بوارەی کە تیایدا دەخوینن، بەڵام ئێستا لە ڕێگای پرۆژەی زانکۆلاینەوە پێشوەخت هەڵەکان دەستنیشان دەکرێت و کەم دەکرێنەوە، لەم پرۆژەیەدا قوتابیان بەجۆرێک هاوکاری دەکرێن کە هیچ هەڵبژاردنێکیان بەفیڕۆ نەروات، لەکاتێکدا لە سیستەمی کۆندا بە هەزاران قوتابی هەڵەکانیان تێپەر دەبوون و هەڵبژاردنەکانیشیان بەفیڕۆ دەچوون.

لە کۆیاییدا دوبارە قوتابیان و خوێندکاران دڵنیا دەکەینەوە کە پلان و کاتی پێویست بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە دەستەبەر کراوە، پێویست ناکات هیچ قوتابییەک دوودڵ و نیگەران بیت، چونکە بە پێی پلانی پرۆژەکە، هیچ قوتابییەک نامێنی کە فۆرمی پڕکراوەی لێ وەرنەگیرابێت.