لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠١٤دا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەستا بە فراوانکردنی دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لەپێناو یارمەتیدانی ئەو دەیان هەزار ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەرانەی کە لەدەست داعش هەڵهاتبوون. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داوای لە کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت کرد لە هەرێمی کوردستان هاوکار بن چونکە سەرباری یارمەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەمی سەرچاوەکانیدا بۆ ئاوارەکان، ناتوانێت بە تەنیا رووبەڕووی ئەم ئەرکە گەورەیە ببێتەوە. لێرەدا دەتوانیت لەبارەی یارمەتی و هاوکاریە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتیەکان بخوێنیتەوە.

تێبینی: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرس نیە لەو زانیاریانەی خوارەوە کە لەلایەن ئاژانس و رێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیاکانی نەوتەوە بۆ ناوەرۆکی ئەم لاپەڕەیە دەستەبەرکراوە

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکار تۆنی هایوەرد : کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی بڕیاری داوە هەمان کۆمەکی دارایی دابین بکات کە کۆمەککەرانی دی دەیبەخشنە رێکخراوی ئای ئاڕ سی بۆ ئەنجامدانی کاری فریاگوزاری کتوپڕ لە کوردستاندا

لە ١١/١٣ دا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی تۆنی هایوەرد ئەم پەیامەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:

"هەرێمی کوردستانی عێراق پەناگەی بۆ 1.6 ملیۆن ئاوارە دابینکردووە بەڵام پێویستی زۆری بە هاوکاری هەیە بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکان بۆ ئاوارەکان بۆ رووبەڕوبوونەوەی وەرزی زستان."

گەنەل ئێنەرجی چەندین پرۆژەی ئەنجامداوە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان، و ئێستاش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی هەمان بڕی کۆمەک کە ئەوانی دەیبەخشنە رێکخراوی ئای ئاڕ سی لە کوردستان.

خەڵکانێکی زۆر بە پێ هەڵهاتوون و تەنها ئەو کەلوپەلانەیان هێناوە کە توانیویانە هەڵی گرن. وەک خۆم بەرچاوم کەوت، پێداویستیەکانیان زۆر سەرەتایین و بریتین لە: پەناگە و جلوبەرگی گەرم و خواردن و ئاو و شوێنێک بۆ شوشتن و خەوتن و پاراستنی ئەو منداڵانەی کە لە خێزانەکانیان دابڕاون. ژمارەیەکی زۆر لەم ئاوارەنە تووشی زەبری دەروونی بوون و پێدویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە.

رێکخراوی ئای ئاڕ سی رێکخراوێکی یەکجار کاریگەر و عەمەلیە و لە مەیداندا کار دەکات بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ رزگار کردنی ژیانی ئاوارەکان لە مەترسی لە هەرێمی کوردستان بەم رێگایانەی خوارەوە:


دابەشکردنی کەلوپەلی خەوتن و تەندروستی و کەلوپەلی ژنان و منداڵان.
دابینکردنی ئاو و لایەنی خاوێنی و تەندروستی وەک دابینکردنی ئاوی پاک لە رێی تانکەرەوە و پشکنینی ئاو و گیراوەی دابینکردنەوەی هایدرۆجین لەرێی دەمەوە بۆ بەرگرتن لە ووشکبوونەوەی لەش.
دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک فشاری خوێن و شەکرە.
دابینکردنی زانیاری سەرەکی لەسەر ماف و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان و دەستڕاگەیشتن پێیان.
پاراستنی ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیان دابڕاون و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری گونجاو بۆیان.

تکایە کلیك لێرە بکە بۆ دابینکردنی کۆمەک دارایی بۆ رێکخراوی ئای ئاڕ سی و کۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجیش هەڵدەستێت بە دابینکردنی هەمان بڕی کۆمەک کە ئێوە دابینی دەکەن هەتاوەکو ٢٠١٤/١٢/١٠.

شێڤرۆن ٥٠٠،٠٠٠ دۆلار دەبەخشێت بە منداڵپارێزی نێودەوڵەتی و ١٥٠،٠٠٠ دۆلاریش دەدات بە ئای ئاڕ سی

وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی بۆ پشتگیریکردن لە دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە راگەیەنرا، کۆمپانیای شێڤرۆن لە ئەیلولی ٢٠١٤ دا بڕی ٥٠٠،٠٠٠ دۆلاری بەخشی بە رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی لێشاوی ئاوارە ناوخۆییەکان کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. مەبەستی شێڤرۆن لە کۆمەکە داراییەکەیان بۆ منداڵپارێزی نێودەوڵەتی دابینکردنی پێداویستیە مرۆییە سەرەکیەکانە وەک خواردن و ئاو و کەلوپەلی پاراستنی منداڵان بۆ ئاوارەکان.

هەروەها، کۆمپانیای شێڤرۆن بڕی ١٥٠،٠٠٠ دۆلاری تری وەک کۆمەکی دارایی بەخشی بە رێکخراوی ئینتەرناشناڵ رێسکیو کۆمیتی (ئای ئاڕ سی) بۆ ئەوەی هاوکاری دابینکردنی کەلوپەل و کەرەستەی خوێندن بکات بۆ دوو قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان.

هێس ٢٥٠،٠٠٠ دۆلار دەبەخشێت بە هەردوو رێکخراوی ئای ئاڕ سی و ئینتێرنەڵ مێدیکەڵ کۆر

لە پێناو پشتگیریکردن لە هەوڵە فریاگوزاریەکان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان، کۆمپانیای هێس بڕی ٢٥٠،٠٠٠ دۆلاری بەخشی بە هەردوو رێکخراوی ئای ئاڕ سی و ئینتێرنەڵ مێدیکەڵ کۆر (ئای ئێم سی) بۆ بە دەنگەوەچوونی ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەرە نیشتەجێکانی کوردستان.

کاتێك دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان بۆ یەکەمجار لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە راگەیەنرا بۆ هاوکاری پەنابەرانی سووریا، کۆمپانیای هێس کۆمەکی دارایی بەخشی بە رێکخراوی ئای ئاڕ سی، و پاشان کە زانیان کۆمەکی پێشوویان بە شێوەیەکی کاریگەر و گونجاو بەکارهێنراوە، کۆمپانیای هێس بڕیاری دا کە دووبارە کۆمەکی دارایی ببەخشێت بە ئای ئاڕ سی بۆ پشتگیریکردن لە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها بۆ برەودان بە بەها و تێڕوانینی کۆمپانیاکەیان لە پشتگیریکردنی دەستپێشخەری چاودێری تەندروستیدا، کۆمپانیای هێس بڕێکی تر لە کۆمەکی دارایی بەخشیە ئینتێرنەڵ مێدیکەڵ کۆر کە رێکخراوێکی بە ئەزموونە و لەگەڵ پەنابەرە سووری و ئاوارە ناوخۆییەکانی نیشتەجێی کوردستاندا کاری کردووە.

لە لایەکی ترەوە، کارمەندانی کۆمپانیای هێس بە دەستپێشخەری خۆیان هەستان بە دابینکردنی هاوکاری بۆ ٣٠٠ خێزانی ئاوارەی ئێزدی نیشتەجێی گوندی ئێسیان لە نزیک شێخان لە پارێزگای دهۆک کە بووەتە پەناگەی زۆرترین ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی هەڵهاتووی دەست هێرشەکانی داعش. کەلوپەلی سەرەکی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشکرا. هەروەها کارمەندانی کۆمپانیای هێس هەستان بە کڕینی چەندین جۆری شمەکی جیاجیا و لە جانتادا ئامادەیان کرد و راستەوخۆ دابەشیان کرد بەسەر ئاوارەکانی گوندی ئێسیاندا. کەلوپەلەکان بریتی بوون لە خۆراک و شمەک بۆ منداڵان و دایکانیان.

کۆمپانیای ماراسۆن کۆی ١٠٠،٠٠٠ دۆلار وەک کۆمەک دەبەخشێتە هەرسێ رێکخراوی ئای ئاڕ سی و منداڵپارێزی نێودەوڵەتی و ئاکتد

پاش فراوانکردنی دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە لەو کاتەدا لە هێرشەکانی داعش دەستیان پێکرد، کۆمپانیای ماراسۆن بڕیاری دا بە کۆمەک کردنی هەرسێ رێکخراوی نێودەوڵەتی ر ئای ئاڕ سی و منداڵپارێز و ئاکتد کە بەشدارن لە ئەنجامدانی چالاکی جیاجیادا بۆ ئاوارە ناخۆیی و پەنابەرەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان. کۆمپانیای ماراسۆن کۆی ١٠٠،٠٠٠ دۆلاری بەخشیوە: ٣٥،٠٠٠ دۆلار بۆ منداڵپارێز و ئای ئاڕ سی و ٣٠،٠٠٠ دۆلاریش بۆ ئاکتد.

کۆمپانیای ئەفرن هاوکاری فریاگوزاری و پێداویستی بەسەر ئاوارە ناوخۆییەکانی قەزای بەردە ڕەشدا دابەش دەکات

لە ماوەی راگرتنی کاتیی کارەکانیاندا لە بەردە ڕەش، کۆمپانیای ئەفرن بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت ئامانجەکانی بەرنامە کۆمەڵایەتیەکانی خۆی لە یارمەتیدانی ئەو ئاوارە ناوخۆییانەدا چڕکردەوە کە پەنایان بۆ ناوچەکە هێنا بوو.  

بەپێی ووتەی قایمقامی بەردە ڕەش، کۆی ٦٠،٠٠٠ کەس بەرەو قەزاکە هەڵهاتوون. ئاوارە ناوخۆییەکان زۆربەیان خەڵکی هەردوو قەزای باشیقە و رۆڤیان و لە بینای چۆڵ و قوتابخانەکاندا نیشتەجێ بوون. ئەم ئاوارانە سەر بە کەمایەتیەکانی شەبەک و مەسیحی و یەزیدیەکانن کە گروپی تیرۆریستی داعش کردوونیەتە ئامانج.

کارمەندانی کۆمپانیای ئەفرن لە بەشەکانی بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان و چالاکەیەکان و دارایی و ژینگە و بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی لەگەڵ خۆبەخشی ناوخۆیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی قایمقامی بەردە ڕەشدا تاکو ئێستا ٤٠٠ سێتی پاکوخاوێنیان دابەشکردووە کە هەر سێتێک پێکهاتووە لە ماددەی شوشتن و سابوون و خاولی لەگەڵ شیری ووشکی مناڵاندا. هەروەها ١،٥٠٠ دۆشەک و ١٠ تەن برنج و هەروەها سەلاجە و تەباخی غاز و ساردکەرەوەوی ئاو بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کرا کە زۆرترین پێویستیان پێی بوو.

کۆمپانیای ئەفرن لە نزیکەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆدا کار دەکات و هەڵسەنگاندنی خۆیان ئەنجامداوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە شمەکەکان بەشێوەیەکی کاریگەر دابەش دەکرێن. ئەوانەی زۆرترین پێویستییان هەیە بریتین لە بەساڵاچووان و ئەو خێزانانەی کە ژمارەیەکی زۆر منداڵیان هەیە.

بەم دواییانە بەردە ڕەش بووەتە دەروازەیەک بۆ ئاوارەکانی ناوچە جیاجیاکانی جەنگ، کە نزیکەی ٨،٠٠٠ ئاوارە  لە کۆبانێوە بەم دواییانە گەیشتنە ئەوێ، هەروەها ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی سووریا لە کامپی گەویلانن.

کۆمپانیای ئەفرن لە بەرنامەیدایە بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی دەسەڵاتی ناوخۆییدا لە هەوڵە بەردەوامەکانیاندا بۆ فریاگوزاری مرۆیی. لەگەڵ هاتنی خێرای وەرزی زستاندا و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری خێزانی ئاوارە و منداڵ، کارێکی گرنگە کە فریاگوزاریەکان بەردەوامیان هەبێت بە تایبەتی دابینکردنی پێداویستیەکانی وەک نەوت و جل و بەرگی زستانە.

گەڵف کیستۆن خۆراک بەسەر نزیکەی هەزار خێزانی ئاوارەدا دابەش دەکات

لە مانگی ئابدا، کاتێک ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ترسی هێرشەکانی داعش هەڵهاتن، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن خواردن و شمەکی سەرەکیان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی دەوروبەری ناوچەی کارکردنیان دەستەبەرکرد.

نزیکەی هەزار خێزان خواردن و جلوبەرگ و شمەکی تەندروستیان بە سەردا دابەشکرا لەو ناوچەیەی کە ٢٤ گوندی لە بلۆکی گەڵف کیستۆن لەخۆگرتبوو. ناوچەکانی کارکردنی ئەم کۆمپانیایە لە پارێزگای دهۆکە کە زۆرترین ئاوارەی ناوخۆیی تێدا نیشتەجێ بووە و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٤٦٥،٠٠٠ ئاوارە.

تا ئێستا، گەڵف کیستۆن بڕی ٧١،٠٠٠ دۆلاری خەرج کردووە و لەگەڵ ٨،٠٠٠ دۆلار لە قۆناغێکی تردا و هەروەها کارمەندانی کۆمپانیاکەش شمەکیان دابینکردووە. کۆمپانیای گەڵف کیستۆن هیوادارە بەردەوامی بدات بە دابینکردنی خۆراک و پێداویستی بۆ ئاوارەکان بەشێوەیەکی هەفتانە لەپێناو پشتگیریکردنی ئەم هەوڵە مرۆییەدا.

کۆمپانیای دی کیو ئی نێودەوڵەتی کۆمەکی دارایی دەبەخشێت بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی کامپی بەحرکە

پاش هێرشەکانی داعش، کارمەندانی کۆمپانیای دی کیو ئیی نێودەوڵەتی، کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری بواری هەڵکەندنی نەوتە، سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد بۆ گوزارشت کردن لە ئامادەییان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە ناوخۆییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان. پارێزگای هەولێر داوایان لێکردن کەلوپەلی سەرەکی بۆ کامپی بەحرکە دابین بکەن. لەسەر بنەمای ئەم داواکاریە، کۆمپانیای دی کیو ئی نێودەوڵەتی ١٠٠ ئاگر کوژێنەوە و نزیکەی ١،٥٠٠ قوتوی شیری ووشک و ٨٠٠ کووڵ بۆکسیان بەسەر ئاوارە ناوخۆییەکانی کامپی بەحرکەدا دابەشکرد.

گەنەل ئێنەرجی و تی تی ئۆپکۆ هاوکاری ئاوارە ناوخۆییەکانی سلێمانی و هەولێر دەکەن

بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی ناوخۆیی و رێکخراوە ناحکومیەکاندا، گەنەل ئێنەرجی و تی تی ئۆپکۆ فریاگوزاری کتوپڕیان بۆ ئەو ئاوارە ناوخۆییانە دابین کرد کە پەنایان بۆ سلێمانی و هەولێر هێناوە پاش هەڵهاتنیان لە هێرشەکانی داعش. هەوڵەکانی گەنەل ئێنەرجی و تی تی ئۆپکۆ زیاتر بۆ ئەو ئاوارانە بوو کە لە نزیک شوێنی کارکردنیانەوە پەناگەیان بۆ دروستکرا بوو یان بۆ ئاوارەی ئەو ناوچانەی کە کەمتر سەردانیان کرابوو لە لایەن رێکخراوە ناحکومیەکانەوە.  

لە پارێزگای سلێمانی، گەنەل ئێنەرجی نزیکەی ١٥،٠٠٠ دۆلاری بۆ هەڵمەتی فریاگوزاریە کتوپڕەکەیان تەرخان کرد کە لە دەرەوەی بوجەی ساڵانەیان بوو بۆ پرۆژە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم کۆمپانیایە کەلوپەلی سەرەکیان بۆ شوێن و مەڵبەندە ناوخۆییەکانی فریاگوزاری ئاوارەکان دابینکرد کە  پێداویستی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان وەک پێخەو و بەتانی و پانکە و ساردکەرەوە و شیر و دایبی و بتڵی غاز و مەتبەخی کاتی.  

لە شارۆچکەکانی کۆیە و تەق تەق، ٦٦٨ خێزانی ئاوارە، کە زۆربەیان ئێزدی و مەسیحین، لە شوێنی جیاواز پەناگەیان دەستکەوتووە. لە کۆی ٣،٣٥٠ ئاوارەی ناوخۆ لەودوو شارۆچکەیەدا، ٢٥٩ یان منداڵی ژێر تەمەنی ٥ ساڵەوەن. کۆمپانیای تی تی ئۆپکۆ، کە بە هاوبەشی لە لایەن (گەنەل ئێنەرجی) و (ئەداکس پێترۆلیەم)ەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ٢٥،٠٠٠ دۆلاری تەرخان کرد بۆ دابینکردنی پاکێجی خۆراک. بڕی ٥،٠٠٠ دۆلاری تریش تەرخانکرا بۆ دابینکردنی پێداویستیە رۆژانەکانی منداڵان و ژنان وەک دایبی و شیری منداڵان و شمەکی تەندروستی. کارمەندانی تی تی ئۆپکۆ و تیمی پرۆژە کۆمەڵایەتیەکانیان پێکەوە لەگەڵ خۆبەخشانی زانکۆی کۆیە، کەلوپەلەکان و یاری منداڵانەیان بەسەر دوو شوێنی ئاوارەکاندا دابەشکرد لەو دوو شارۆچکەیەدا.

لە پارێزگای هەولێر، کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و رێکخراوە ناحکومیە ناوخۆییەکاندا، هاوکاری ئەو خێزانە ئاوارانەیان کرد کە لە بینای قوتابخانەکان و کڵێسا و کامپەکاندا پەنایان گرتبوو و زۆربەیان سەر بەو کەمینانە بوون کە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرابووە سەر. خۆراک و کەلوپەلی نوستن و پێڵاوی منداڵان و پێداویستیەکانی منداڵی ساوا بۆ ٢٠٠ خێزان دابینکران.

هەروەها گەنەل ئێنەرجی بڕیاری دا هاوکاری بگەیەنێتە شەقڵاوە چونکە بەهۆی دووریەکەیەوە لە شاری هەولێر کە وای کردووە رێکخراوە ناحکومیەکان بە ئاسانی دەستیان پێی رانەگات. ئەوانەی کە لە ناو و لە دەوروبەری شەقڵاوە یارمەتیەکانیان پێگەیشتن یەزیدی و شەبەک و کاکەییەکان بوون لە کامپی باسرمە، و هەروەها ئەو مەسیحیانەی کە پەنایان بۆ کڵێسای شەهیدان بردووە. هەروەها گەنەل ئێنەرجی سێتی فریاگوزاری سەرەتایی بەخشیە یەزیدی و کاکەییەکان لە عەنکاوە و لە قوتابخانە و کامپەکانی تری پارێزگای هەولێر. لە کامپی بەحرکە، کۆمپانیاکە سێتی فریاگوزاری دابەشکرد بەسەر ئاوارەکاندا، لە رێی دەزگای بارزانیەوە، کە یەکێکە لە گەورەترین رێکخراوەکانی فریاگوزاری مرۆیی لە کوردستاندا.

 ئۆریکس پێترۆلیەم کۆمەکی خزمەتگوزاری نۆڕینگەی گەڕۆک بۆ ئاوارەکان دەکات و ئاوی خواردنەوە بۆ کۆمەڵگەکانی نزیک سنووری داعش دابین دەکات

وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاپەندبوونەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆی، کۆمپانیای ئۆریکس پێترۆلیەم وەڵامدەر بووە بۆ قەیرانە مرۆییەکەی ئەم دواییانە لە رێی فراوانکردنی خزمەتگوزاری نۆڕینگەی گەڕۆکی خۆیانەوە بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی زیاتر بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی ناو هەولێر. سەردانەکان لە لایەن ژنە پزیشکانی کوردستانەوە ئەنجام دەدران کە لە شوێنێکەوە بۆ یەکێکی تر دەڕۆن بۆ دابینکردنی چارەسەری پزیشکی زۆر پێویست بۆ کۆمەڵگە بێدەرەتانەکانی وەک کەمینە مەسیحی و کاکەییەکان کە لە دەست داعش لە ماڵەکانی خۆیان هەڵهاتوون. هەر لە سەرەتای ئەم بەرنامەیەوە، کۆی ١،٠٠٦ نەخۆش چارەسەریان بۆ کراوە لەلایەن ئەم نۆڕینگانەوە. ئەم دەستپێشخەریە پێشوازیەکی زۆی لێکرا لەلایەن کۆمەلگەکان و حکومەتیشەوە.   

سەباری سەردانە پزیشکیەکان، کۆمپانیای ئۆریکس هەستا بە دابەشکردنی سێتی پاکوخاوێنی بەسەر ئاوارەکانی هەولێردا لەگەڵ هاوکاری لۆجیستی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیدا.

لە کاتێکا ناجێگری ئەمنی ئەم دواییانە گرفتیان بۆ كار و چالاکی کۆمپانیای ئۆریکس دروستکردبوو، ئۆریکس لە پێشەنگی دابینکردنی فریاگوزاریەکاندا بوو کە لەلایەن حکومەتە ناوخۆییەکانی مەخمور و گوێرە و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە داوا کرابوون.

لە نێوان ٢٧/٧ بۆ ٩/٩/٢٠١٤، کۆمپانیاکە کۆی ١٦ تانکەر ئاوی خواردنەوەی رۆژانە بۆ کۆمەڵگەکانی مەخمور و گوێر دابینکردووە، کە بەمەش بەری گرتووە لە قەیرانێکی تر بۆ ئاوارەکان. کۆی ٩٠،٠٠٠ دۆلار تەنها لەم پرۆژەی ئاوەدا خەرجکراوە.  

ئەمە سەرباری پشتگیری بەردەوامی ئۆریکس پێترۆلیەم بۆ سێ کامپەکەی ئاوارەکانی سووریا و هاوکاری بەردەوام بۆ گوندەکانی سنووری ئیشکردنیان کە کەوتونەتە بەرەکانی پێشەوەی کێشە ئەمنیەکانی ئەم ماوەیە کە رووبەڕووی هەرێمەکە بوونەتەوە.

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن فریاگوزاری بۆ خێزانی ئاوارە مەسیحی و یەزیدیەکان لە هەولێر و دهۆک دابین دەکات

لەسەر داوای نوێنەرانی کۆمەڵگە و قایمقامی ناحیەی چەمەنکێ، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن هاوکاری ٥٠٠ خێزانی ئاوارە کرد کە پەنایان بۆ چەمەنكێ هێناوە. کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن خواردن و جلوبەرگ و سێتی پاکوخاوێنی و بەتانی و دۆشەک و فڕنی گەیاندە ئەو خێزانانە. ئەم هاوکاریەش لەنێوان ١٧/٨ بۆ ٣١/١٠ دا دابینکرا.

هەروەها لە مانگی ئابدا، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن هاوکاری ئەو خێزانانەیان کرد کە پەنایان بۆ کڵێسای مازار بردبوو لە هەولێر لەڕێی دابینکردنی تەوالێتی کاتی و دوو وێستگەی شوشتن و سێتەکانی پاکوخاوێنی. هەروەها خۆراکیان گەیاندە ئاوارەکانی مانگێش و ئەتروش لە پارێزگای دهۆک.