Nov 2016

هیوادارین بە خوێندنى ئەلیکترۆنى پاڵپشتیکار بتوانین ئەو بەشە کەمەى پرۆگرامى خوێندنى ئەمساڵ کە نەخوێندراوە لە فەوتان بپارێزین"

وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی پاڕله‌مان ده‌كات

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه ڕێکەوتى (2020/5/6)، به‌سه‌رۆكایه‌تی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بونى جێگر و سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (3)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى کوردستان بەڕێوەچو کە تایبەت بو بە ‌خستنه‌ڕو و گفتوگۆكردنی پلانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ‌سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانی په‌تای (كۆڕۆنا) له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵی (2019 ـ 2020).

لە کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  پلان و ڕێککارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگەكان بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕو و دوپاتى کردەوە بۆ تەواوکردنى ئەو بەشە کەمەى خوێندنى ئەمساڵ وەزارەتەکەمان چەندین بژاردەو پلانى لەبەردەستدایە، بۆ ئەمەش دڵنیایى دایە خوێندکاران و قوتابیان و کەسوکاریان کە پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵیان بەهیچ شێوەیەک نافەوتێت و پارێزراوەو لە ئێستاشدا پرۆسەى خوێندنى ئەلیکترۆنى (پاڵپشتیکار) بەردەوامە، بۆ ئەمەش وتى: هیوادارم بەم میکانیزمە ناچارییە بتوانین ئەو بەشە کەمەى پرۆگرامى خوێندنى ئەمساڵى خوێندکاران و قوتابیان کە نەخوێندراوە لە فەوتان بپارێزین.

هه‌ر لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردنەوەو بەرچاوڕونی دایە پەرلەمانتاران کە ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان و تاقیگه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێم لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا لە‌ خزمه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و دەزگا تەندروستییەکان بونە، هەروەها ژماره‌یه‌ك تاقیگه‌ش بۆ پشكنینی ڤایرۆسى کۆرۆنا خرانە خزمەتى سێکتەرى تەندروستى لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاى پەرلەمان و هەریەک لە پەرلەمانتاران پرسیارو سەرنجى خۆیان ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو لەلایەن د. ئارام محمد قادر وەڵامى سەرجەم پرسیارەکان درانەوە.