Nov 2016

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

كۆبونه‌وه‌ی هئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت 18-4-2020

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی (١٨/٤/٢٠٢٠) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن، ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی بە شێوەى ئۆنلاین و بەشێوازی ڤیدیۆ کۆنفڕانس ئەنجامدا.

 

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریگریکردن لەبڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕو، هەروەها پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت دوپاتکردەوە.

 

تەوەری سەرەکى کۆبونەوەکە کە تایبەت بو بە دیراسەکردنی بژاردەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی (٢٠١٩/٢٠٢٠)، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی زۆر لە نێوان زانکۆکان لە ڕوی ژێرخان و توانای مرۆیی و ڕاهێنانی مامۆستایان و ژمارەی قوتابییان و خوێندکاران، هەروەها بەهۆی جیاوازی ڕێژەی خوێندراوی پرۆگرامەکانی خوێندن لە نێوان زانکۆکان و بەتایبەت لە نێوان سیستەمی ساڵانە و سیستەمی کۆرسات و سیستەمی بۆڵۆنیا، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:

 

  1. ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت لەسەر بڕیاری پێشوی دەکاتەوە کە ئەگەر تا (٢/٥/٢٠٢٠) ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی نەبۆوە و نەتوانرا دەستبکرێتەوە بە خوێندنی نێوکامپەس ئەوا زانکۆکان دەست دەکەن بە خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) بۆ تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
  2. هەر زانکۆیەک تا ئەو بەروارە نەیتوانی ئامادەکارییەکان تەواو بکات بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار)، ئەوا لە چوارچێوەی ئەو سەربەخۆیی کارگێڕی و ئەکادیمییەی کە زانکۆکان هەیانە بە لەبەرچاوگرتنی سیستمی خوێندن و ئەو تایبەتمەندێتی و جیاوازیانەی کە هەیانە، ئەنجومەنی زانکۆکان دەسەڵاتییان هەیە کە پلانی تایبەت بە زانکۆی خۆیان دابڕێژن بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
  3. هەموو زانکۆکان پێویستە پلانەکانیان بەشێوەیەک دابڕێژن کە پێش (١/٩/٢٠٢٠)  پرۆگرامی ساڵی ئەکادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠)یان تەواوکردبێت بە هەڵسەنگاندن و تاقیکرنەوەکانی خولی یەکەم و دووەمی کۆتایی ساڵیشەوە.
  4. ئەو زانکۆیانەی کە دەست ئەکەن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) ئەوا پێویستە پلانی تایبەتییان هەبێت بۆ خوێندنی وانە پراکتیکییەکان.
  5. هەموو زانکۆکان پێویستە پلان و نەخشەڕێگای ڕوونیان هەبێت بۆ کات و چۆنییەتی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان.
  6. ئەو زانکۆ حکومی و تایبەتانەی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی کە لقی زانکۆیەکی نێودەوڵەتین یاخود مافی یاسایی زانکۆیەکی نێودەوڵەتییان هەیە بە شێوەی (Franchise) یاخود سیستەمێکی تایبەت جێبەجێ ئەکەن، ئەوا پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی زانکۆ نێودەوڵەتییەکە (زانکۆی دایک) بکەن بۆ چۆنییەتی و کاتی دەستپێکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی، واتە ئەگەر زانکۆی دایک دەستی کردوە بە خوێندنی ئەلکترۆنی زانکۆکەی هەرێمیش دەتوانێت دەستپێبکات بە مەرجێک هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردبێت.
  7. سەرجەم زانکۆکان پێویستە بەپێی بڕیارەکانی سەرەوە پلان و نەخشەڕێگای خۆیان دابڕێژن و وێنەیەک بدەن بە وەزارەت بۆ مەبەستی چاودێری کردن و بەدواداچونی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت لە چۆنییەتی جێبەجێکردنی پلانەکەیان.
  8. جەختکردنەوە لەسەر بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزارەت کە لە (٢/٥/٢٠٢٠) زانکۆکان دەتوانن هەموو پرۆسەکانی تر بەشێوەی ئەلکترۆنی دەستپێبکەنەوە وەک خوێندنی قوتابییان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا) ئەوانەی کە پێشتر دەستییان کردوە بە خوێندن بەپێی قۆناغەکانی خوێندنیان، وە هەروەها پرۆسە ئەکادیمییەکانی تر (کۆنفرانس و سیمینار و سیمپۆزیەم و گفتوگۆی تێزەکانی ماستەر و دکتۆرا و نازناوی زانستی و پێداگۆجی و ...هتد).
  9. هەر کاتێک ئاسایی بونەی ڕەوشی تەندروستی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا، ئەوا ئەو زانکۆیانەی دەستیانکردوە بە خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) ڕاستەوخۆ دەست دەکەنەوە بە خوێندنی نێوکامپەس بۆ تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن.
  10. زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش پێویستە پاپەند بن بەم بڕیارانەی سەرەوە.

جێگەى ئاماژە بۆ کردنە، بۆ دڵنیایی زیاتر لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە و هەڵسەنگاندنی میکانیزم و ئامادەکارییەکان زانکۆکان سەربەستن کە لە ئێستادا بە شێوازی ئەزموونی ئەم خوێندنە دەست پێبکەن.