Nov 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا: ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ زانکۆکانى ئێران زیاتر پەرەپێدەدەین

كۆبونه‌وه‌ وه‌زیری له‌گه‌ڵ سه‌ركونسڵی ئیران

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى ئێران لە ئاستێکى باشدایەو دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و گۆرینەوەى ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى زیاتر پەرەپێبدەین.

ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ پێنجشەممە  ڕێکەوتى (٢٢/٨/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە نصراللە رشنودى سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر و وەفدێکى کونسوڵخانە.

لەو دیدارەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ و پڕ بایەخەکان و وەک کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ ئەم وەزارەتە. وتیشى: لەڕابردوو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە، بەڵام دەمانەوێت ئەم بەرەو پێشچون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆرى زیاترى مامۆستاو خوێندکار و راهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەین.

سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر دوپاتیشیکردەوە هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەولەویەتەو دەمانەوێت لەڕووى زانستى و ئەکادیمیشەوە هەماهەنگیەکان فراوانتر بکەین، چونکە سنورێکى بەرفراوان و کلتورێکى هاوبەش لەنێوانماندایە.

لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند کۆمارى ئیسلامى ئێران لە زۆر ڕەهەندەوە گرنگى و بایەخى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە، سەبارەت بە پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان هەردوولاش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بەهەمان گڕوتین و هاوکارى پێشوو ئەو پەیوەندیانە بەرز ڕادەگرین و بەردەوامى پێدەدەین. وتیشى: دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانستى و گۆرینەوەى ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و خوێندکارو مامۆستاکانمان لەگەڵ ئێران بەتایبەت بۆ گەشەپێدانى بوارە تەکنیکیەکان زیاتر پەرە پێبدەین.

لە بەشێکى ترى کۆبونەوەکەدا سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر بانگهێشتنامەیەکى فەرمى  ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ سەردانى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى تاران و پەرەپێدانى پەیوەندیە ئەکادیمیەکان.