د.ئارام محمد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتی دەکاتەوە بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى و بەهێزکردنى پێگەى زانستى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، بە پشتیوانى و هاوکارى دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێم پرۆژەى ستراتیژى لە کەرتى خوێندنى باڵا ئەنجام دەدەین.
ئەو دوپاتکردنەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە, ڕێکەوتى (٢٨/٧/٢٠١٩) لە میانەى پێشوازیکردنى لە هەریەک لە (نەوزاد هادى) پارێزگارى هەولێر و، (د. فەرهاد ئەتروشى) پارێزگارى دهۆک هات, کە بەمەبەستى پیرۆزبایکردن لە د.ئارام محمد وەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتیان کرد بوو.
لەو دیدارەدا کە جێگرى پارێزگارى هەولێر و یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاى دهۆک و راوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبوون، هەریەک لە (نەوزاد هادى) و (د. فەرهاد ئەتروشى)، ئاماژەیان بە گرنگى کارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک یەکێک لە وەزارەتە گرنگەکان کرد، کە پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى هەرێمەکەمانەوە هەیە، بۆ ئەمەش پاڵپشتى خۆیان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتکردەوەو ڕایانگەیاند: تەواوکەرى کارى یەکتر دەبین بۆ خزمەتکردنى زیاترى خەڵکى کوردستان هاوکار و پاڵپشتى سەرکەوتنى پرۆژەکانى وەزارەتەکەتان دەبین.
لەبەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان, سوپاسى سەردان و بەسەرکردنەوەکەیانى کرد و, ڕایگەیاند: بە پشتیوانى ئێوەو هەمولایەک، کارى جدى دەکەین بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەى گرنگ لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان. چونکە چاومان لەوەیە باشتر پەرە بەکار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەین و ببین بە جێگەى متمانەى خەڵکى کوردستان.
هەروەک وتیشى: میللەتانى دونیا بۆ گەیشتن بە ماف و داخوازییەکانیان ئازارو مەینەتى زۆریان چەشتوە، تا گەیشتون بە بوژانەوەو پێشکەوتن، گەلى ئێمەش لەڕابردوو قوربانى زۆرى داوە و بەناو تونێلى ئاوارەیى و دەردەسەرى زۆر گوزەرى کردوە، بۆیە پێویستە بەباشترین شێوە خزمەت بکرێن و ئایندەیەکى باش بۆ نەوەکانمان رۆشن بکەین کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دونیاى مۆدێرن، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گەورانەش پێویستە دەست لەناو دەست هاوکارى یەکبین بۆ گەیشتن بە ژیانێکى شایتسە بۆ کۆمەڵانى خەلکى کوردستان.
لە کۆتاى دیدارەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى پشتیگرى و هاوکارى هەریەک لە پارێزگارى هەولێر و دهۆکى کردو، بەڵێنى خزمەتکردن و پێشخستنى ئاستى زانستى هەرێمەکەمانى دوپاتکردەوە.