Nov 2016

پیرۆزبایی د. یوسف گۆران بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

وه‌زیری خوێندنی باڵا2

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان...

دوای سڵاوی زانست و پەروەردە و خەباتی مەدەنیانە، بە بۆنەی (٥٧)-یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەکەتان، پیرۆزبایی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و ستافی وەزارەتەکەمانتان لێدەکەم، خۆم بە بەختەوەر دەزانم لە بۆنەیەکی وەھا شایستەدا ھاوشانی مامۆستایان پیرۆزبایی و خۆشحاڵی خۆمتان لەگەڵ بەش بکەم.

مامۆستایانی بەڕێز...

بۆ ئێمە ١٥-ی ئایار ڕۆژێکی پڕشنگدار و بایەخدارە، لەم ڕۆژەدا مامۆستایانی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش یادی دامەزراندنی یەکێک لە چالاکترین و گرینگترین یەکێتی و کۆمەڵەی پیشەیی دەکەینەوە، چونکە ھەموومان ھەست بە گەورەیی پێگەو ڕۆڵ و کارەکانی مامۆستایان دەکەین، کە دوایی ئەرکی دایک و باوک بەرپرسیارترین کەسن بۆ تاکەکان، ھەڵبەت گەشی ئاکار و بیری دروستی کۆمەڵ بۆ پەروەردەی مامۆستایان دەگەڕێتەوە.

مامۆستایانی خۆشەویست، لەم ڕۆژەدا دەبێ زیاتر ھەست بە شانازی ئەرکی پیشەیی و پەروردەیی خۆتان بکەن، چونکە ئێوە لە ڕۆژانی سەختی خەبات لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی نەتەوەیی و پەروەردەیی بوون، لە شۆڕشەکانی کوردستان ژیلەمۆی پڕیشکی نەسرەوتنەکان بوون، لە ناو پۆلەکانیش بە ئاونگی ھەنگوینی ڕۆشنگەری، بیر و ئەندێشەی تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواریتان لە نەزانین پاراست و بەرەو ڕووناکیتان برد.

ئێمە لە وەزارەتەکەمانەوە بایەخی تەواومان بە ماف و ئیمتیازی مامۆستایان داوە، پێمان وایە دەبێ ژیان و گوزەرانی مامۆستایان ھاوتای ماندوو بوون و خۆتەرخان کردن و قوربانی و ئەرکەکانیان بێت، لێرەوە وەک پێزانین ڕۆڵی یەکێتی مامۆستایان بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەخەینەڕوو، کە ھەمیشە یەکێتیەکەتان لە ماوەی چوار ساڵی قەیرانی دارایی لە خۆبردووانە، ھەموو ھەوڵێکتاندا لە لایەک بۆ دەستەبەرکردنی مافی مامۆستایان و لە لایەکیتر ھۆشیاریتاندا بە مامۆستایانی ئازیزی کوردستان کە سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا پەکی نەکەوێت، ئەمە دەرخەری زیندوویی ویژدانی ئێوەیە، کە لە مێژووی دوور و نزیک و لە ھەموو کاتێکدا مامۆستایان نەیانھێشتووە، نەزانین و تاریکی بەسەر ویست و ھێزی مەعریفەی ڕەسەن سەر بکەوێت.

پەروەردەکاران و مامۆستایانی زانکۆی بەڕێز، ئومێد دەكەم وەك ھەمیشە بە یەكەوە لە خزمەت کوردستانیان بین، ھیواخوازیشم یەکێتیەکەتان بە میکانیزمی سەردەمیانەی دونیای مۆدێرن و پەروەردەیانەی ڕۆشن، بەردەوام بێت لە داکۆیکردنتان لە خەون و خولیا و خواستی مامۆستایانی ئازیزی کوردستان، ھەر شاد و سەرفراز و سەرکەوتوو بن.

د. یوسف گۆران

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی