Nov 2016

د.یوسف گۆران: لە ئه‌مڕۆ وە کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی جیهانی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی

په‌ره‌پێدان به‌زمانی ئینگلیزی

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: بەپێی ڕاپۆرتەکانی (English Proficiency Index) ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لەو وڵاتانەی کە زمانی یەکەمیان ئینگلیزی نییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان لەو وڵاتانە، ڕاشیگه‌یاند: لە ئه‌مڕۆ  بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردەی کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە ئەنجام دەدرێت.

ئه‌م وتانه‌ی (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی (22\4\2019) له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیدا هات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پڕۆژەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index) کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە لە سەر ئاستی جیهان به‌ریوه‌ ده‌چێت و تیایدا ڕاوێژكار و ژماریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌ت و نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون.

له‌ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و له‌میانی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كدا (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی هەردوو بەرێزان ڕۆڵاند و دانا دەکەم لە دامەزراوەی (Education First) کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی زومەوە ئەمڕۆ لەگەڵماندان. وتیشی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی (Education First) ڕادەگەیەنین.

د.یوسف گۆران ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌: دامەزراوەی دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزمونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدەن و خاوەنی ڕاپۆرتی بەناوبانگن، وتیشی: (English Proficiency Index) ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لە تەواوی وڵاتانی دونیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی  ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.

له‌باره‌ی گرنگی زمانی ئینگلیزی هه‌ر له‌ وته‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی بالا ڕایگه‌یاند: زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بزنس زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەکان.و زمانی پەیوەندی و هەماهەنگیە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئەکادیمی نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ك زمانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوەی زانستیە.

د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه‌: بەپێی ڕاپۆرتەکانی (English Proficiency Index) ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لەو وڵاتانەی کە زمانی یەکەمیان ئینگلیزی نییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی توانامرۆییەکان و داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان لەو وڵاتانە. له‌و چوارچێوه‌یشدا ڕایگه‌یاند: لەئه‌مڕۆ بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردەی کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە ئەنجام دەدرێت.

له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ ته‌كانیدا وتی: ئەم تاقیکردنەوەیە بێ بەرامبەرە و لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: هیوام وایە ئێوەی نوێنەرانی زانکۆکانی کوردستان هاوکاری سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بکەن، هەوڵ بدەن لە ڕووی لۆجیستی و ئامادەکارییە تەکنیکییەکانەوە دەرفەتی بەشداری زۆرینەی هەرەزۆری مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بڕەخسێنن، هەروەها هەوڵ بدەن بەشداربوان لە هەموو بەش و کۆلێج و باکگراوندە جیاجیاکانەوە ئەم تاقیکردنەوە ستانداردە ئەنجام بدەن.

د.یوسف گۆران داواشی لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان كرد کە بەشدار بن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: بەشداریکردن ئەم پرۆسەیە وەک تاقیکردنەوە سەیر نەکەن، دەرچون و دەرنەجوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نیە بەڵکو ئەم پرۆسەیە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشەو کەموکورتییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین و هاوکارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجی نیشتیمانی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی و چەسپاندنی وەک زمانی دووەم لە نێو دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی بالا وتی: دامەزراوەی (Education First) هاوکاریکی ستراتیجیمان دەبێت لەم پرۆسەیەو دوای کۆکردنەوەی داتاکانیش لەگەڵمان دەبن بۆ دانانی نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ (د.ئامانج سه‌عيد) ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ورده‌كاری ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان روون كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ماوه‌ی دیاری كراوی بۆ دوو هه‌فته‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌ر زانكۆیه‌ك سه‌نته‌ره‌كانی كۆمپیوته‌ر بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ته‌رخان بكات و كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت زۆرترین رێژه‌ی خوێندكار و قوتابی و مامۆستایان به‌شداری له‌و هه‌لسه‌نگاندنه‌ بكه‌ن.

پاشان له‌لایه‌ن نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆكان گفتوگۆ له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی پڕۆژه‌كه‌ و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ كرا و به‌پێی پێویست له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌.  

پڕۆژەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی بەرێوەچوو, ئه‌مه‌ش دواى ئەوەى لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بە جێبەجێکردنى پرۆژەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index) کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First) ەوە لە سەر ئاستی جیهان بەڕێوەدەچێت. کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرە و لە ڕێگه‌ی ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.