له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه، ڕێكه‌وتی (16/4/2019) وه‌فدی هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا، كه له خاتوو (تێریزیا بارەر) وەزیرى زانست و توێژینەوە و هونەر، خاتوو (تێریزا شۆپەر) وەزیرى دەوڵەت لە هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى هەرێمەکه پێكهاتوه سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیان كرد.
به‌گه‌یشتنی وه‌فدی هه‌رێمی (بادنڤوتمبێرگ)، له‌لایه‌ن د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی و، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌ت به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانه ده‌ربڕی، پاشان به‌گرنگیه‌وه باسی له پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی و گه‌لی ئاڵمانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و، له‌و باره‌یه‌وه وتی: له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردودا به‌تایبه‌ت له شه‌ڕی داعش ئا‌ڵمانیا هاوكاری جدی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بو، بۆیه هاوكارییه‌كانی ئه‌وان ڕۆڵی گه‌وره‌ی بۆ له‌ناوبردنی داعش له كوردستان و ئێراق هه‌بو، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران سوپاسی تایبه‌تی كردن، وتیشی سوپاس بۆ ئه‌و هاوكارییه مرۆیانه‌ی ئا‌ڵمانیا پێشكه‌شی ئێزدیه‌كانی كرد له به‌رامبه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌ی ڕوبه‌ڕویان بوه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش سه‌ركه‌وتنی سهربارزی بو، به‌ڵام سه‌ركه‌وته گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن ئه‌و كه‌لتور و یه‌كتر قبوڵنهكردنهی داعش بڵاویكردۆته‌وه له‌ناوی ببین، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: ئێمه له له‌كاتی شه‌ڕی داعش بایه‌خمان به‌وه‌دا، كه له كاتی شه‌ڕ و دوای شه‌ڕ چیبكه‌ین به‌تایبه‌ت له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان و پێگه‌یاندنیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا جگه له‌وه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیمان سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه گرێدا، له‌هه‌مان كاتدا و له پێناو خزمه‌تكردن به‌ژنان و كچانی ڕزگاربوی ده‌ستی داعش ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان گۆڕی و له زانكۆی دهۆك (په‌یمانگه‌ها چاره‌سه‌ریا ده‌روونی چاره‌سه‌ریا تراوما)مان كرده‌وه، كه هه‌ماهه‌نگ و هاوكارێكی باشی ئه‌و ژن و كچانه‌ی كرد، كه له‌ده‌ستی داعش ڕزگاربون بۆ ئه‌وه‌ی دوباره بێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگه، وتیشی گه له‌وه پڕۆگرامێكمان داڕشت بۆ چۆنیه‌تی هاوكاریكردنی ژنانی ڕزگاربوو، به‌تایبه‌ت له فێربونی پیشه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دواتر به‌هۆیه‌وه هاوكاری خێزان و منداڵه‌كانیان بكه‌ن، جگه له‌وه‌ش به‌رنامه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (سید) بۆ هاوكاریكردنی زیانمه‌ندانی دوای شه‌ڕی داعش له زانكۆی كۆیه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه پێشكه‌ش به وه‌فدی میوان كرد، له‌هه‌مان كاتدا كورته باسێكی له‌باره‌ی كۆی ئه‌و پڕۆژانه خسته‌ڕو، كه پێشكه‌شی پهناههندهكانی سوریا له كوردستان كراوه، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: هاوكاریكردنی منداڵان و گه‌نجانی په‌نابه‌ری سوریا و ئاواره ئێزدییه‌كان، كه زۆربه‌یان له كوردستان ده‌مێننه‌وه پێویستی به‌به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش داوایی كرد، هه‌ماهه‌نگ بن له داڕشتنی پڕۆگرامێكی تایبه‌ت به‌و بواره بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له زانكۆكان درێژه به‌خوێندن بده‌ن. پاشان د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی باسی له چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ده‌سته‌كه‌یان كرد و ڕایگه‌یاند: پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆیه‌كی ئاڵمانی- كوردستانی له كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش داوای هاوكاری له وه‌فدی میوان كرد، وڕویشیكردهوه كه پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ توێژینه‌وه‌كردن له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی جه‌نگ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه، به‌هه‌مان شێوه داوای له وه‌فدی میوان كرد، هه‌رێمه‌كه‌یان هاوكار بێ له ئه‌نجامدانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه.
هه‌ر له میانه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه دوای شهر كه پێویسته بخرێنه خزمه‌ت مرۆڤه‌وه ده‌كرێ هه‌ماهه‌نگ و هاوكاری یه‌كتربین، ئه‌وه‌ش به‌سود وه‌رگرتن له‌و په‌یوه‌ندییه توندوڵهی زانكۆكانی ئاڵمانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی.
له به‌رامبه‌ردا، خاتوو (تێریزیا بارەر) وەزیرى زانست و توێژینەوە و هونەر، به‌ناوی وه‌فدی میوان وتی: له دڵه‌وه سوپاستان ده‌كه‌ین، به‌هیواین بتوانین قوڵتر بیروڕاكان ئاڵوگۆڕ بكه‌ین، وتیشی به‌شێكی زۆری ئهندامانكانمان بۆ جاری یه‌كه‌میان سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان شاره‌زایی ڕاسته‌قینه‌ن، چونكه له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ماهه‌نگی كاریان كردوه، به‌تابه‌ت له پڕۆژه‌ی داڵده‌دان و ڕێنمایی ده‌رونی ژنانی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری زانست و توێژینه‌وه و هونه‌ر ستایشی كار و پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌تایبه‌ت له وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ر، وتیشی وه‌رگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌و و په‌نابه‌ر له كوردستان به‌راورد به هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه زۆره و مایه‌ی پێزانینه، ڕونیشكرده‌وه له میانه‌ی گفتوگۆكانیان له كوردستان ئاگاداری نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌و منداڵانه بوون، كه له كه‌مپه‌كان له ژێر فشار و شه‌ڕ و ئاشوب په‌روه‌رده بون، وتی ئه‌وان پێویستیان به‌پاڵپشتی و هاوكاری هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد بۆ بابه‌خدان به‌خوێندنی ته‌كنیكی له كوردستان، وتیشی له ئێستا خولێكی په‌ره‌پێدانمان له بواری پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ی ئه‌ندازیاری له وڵاتی فنلاند هه‌یه، هه‌روه‌ك ئاماده‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌شی پیشاندا بۆ هه‌ر جۆره هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ئا‌ڵمانیا له بواری ئه‌ندازیاری.
وه‌زیری زانست و توێژینه‌وه و هونه‌ری ئا‌ڵمانیا باسی له ئه‌زمونی وڵاته‌كه‌ی له بواری خوێندنی باڵا كرد به‌تایبه‌ت له چۆنیه‌تی به‌ستنه‌وه‌ی زانكۆكان به‌ناوه‌نده‌كانی بازار، له هه‌مان كاتدا باسی له نمونه‌یه‌كی خوێندنی زانكۆیی له وڵاته‌كه‌ی كرد، كه به‌هاوبه‌شی له نێوان زانكۆكان و كۆمپانیاكان كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش بانگهیشتی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمه‌كه‌یان ببن و ئاشنایی ئه‌و جۆره خوێندنی زانكۆ پیشه‌ییانه بن.
بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و بانگهێشته‌كه‌ی كرد، به‌گرنگیه‌وه له پێشنیازه‌كه‌ی ڕوانی و هیوای خواست پڕۆژه‌ی تایبه‌ت هه‌بێ بۆ كه‌سانی شاره‌زا له كوردستان بۆ سه‌ردانیكردنی ئه‌و وڵاته و سود وه‌رگرتن له‌و ئه‌زمونه تایبه‌ت له بواری خوێندنی پیشه‌یی.