Nov 2016

د.یوسف گۆران: ده‌بێ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری، ئه‌ندازیاری خاوه‌ن پرۆژه‌ و بیرۆكه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ر پێبگه‌یه‌نن

وۆركشۆپی ئه‌ندازیاری

به‌دروشمی (ئه‌ندازیار كۆڵه‌گه‌ی بنیاتنانی وڵاته) وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وۆركشۆپی (پێداچونه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی پڕۆگرامی خوێندنی ئه‌ندازیاری له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان) ده‌ستپێكرد.

 

لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كان

ئه‌و وۆركشۆپه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (17/9/2018) به‌چاودێری و ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ستیپێكرد، ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، سه‌رۆكی زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و، ڕاگری كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری و، سه‌ندیكای ئه‌ندازیاران و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پسپۆڕانی بواره‌كه‌ ئاماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند.

 

له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردودا گۆڕانكاری زۆر له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن كراوه‌

د. یوسف گۆران، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوان، ده‌ستخۆشی له‌ لێژنه‌كه‌ كرد، كه‌  ماوه‌ی زیاتره‌ له‌ ساڵێكه‌ به‌دڵسۆزیه‌وه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجامداوه‌، وتیشی ئه‌مڕۆ ئه‌م وۆركشۆپه‌ كه‌ به‌ناونیشانی (ئه‌ندازیار كۆڵه‌گه‌ی بنیاتنانی وڵاته) ئه‌نجامده‌ده‌ین  هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ستراتیژی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بۆ گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ زۆڕیك له‌ به‌شه‌كان و، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردودا گۆڕانكاری زۆرمان له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی (یاسا، شه‌ریعه‌، كۆمه‌ڵناسی، كشتوكاڵ و زانسته‌ سیاسیه‌كان...هتد) كردوه‌.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هانی زانكۆكان ده‌دات بۆ ئاوێته‌بون له‌گه‌ڵ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونمان له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م ئه‌كشن پلانمان دانا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی جیهان و پێداویستیه‌كانی بازار و هه‌لی كار بۆ ده‌رچوان بڕه‌خسێنێ، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ده‌رگه‌ی به‌ڕوی زانكۆكان كرده‌وه‌ بۆ هاندان و فێربون و ئاوێته‌بون به‌سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ كاریگه‌ره‌كان.

 

ده‌بێ خوێندنی ئه‌ندازیاری له‌گه‌ڵ كۆنتێكیسته‌كانی جیهان یه‌كانگیر بێ

بۆ گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری د.یوسف گۆران به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌و بواره‌ كرد و وتی: خوێندنی ئه‌ندازیاری بوارێكه‌ زۆر گرنگه بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌،‌ چونكه‌ ئه‌و بواره‌ تایبه‌تمه‌ندی ‌خۆی هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ندازیار و ئه‌ندازیاران ئه‌ركی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه، بۆیه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگ و گه‌وره‌یه‌ له‌‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن ڕه‌نگبداته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ خوێندنی ئه‌ندازیاریدا هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ده‌بێ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆنتێكیسته‌كانی جیهان یه‌كانگیر بێ.

 

زانستی ئه‌ندازیاری له‌به‌رده‌م تحدیات و چانسێكی گه‌وره‌ن

له‌ به‌شیكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌و گۆڕانكارییانه‌ كرد كه‌ له‌ جیهان ڕوده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: جیهان له‌ گۆڕانكاری به‌رده‌وامدایه‌ و ئه‌ندازیاران له‌ پشتی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌وه‌ن، وتیشی گۆڕانكارییه‌كانی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیا كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌، بواری ئه‌ندازیاریش به‌ده‌ر نیه‌ له‌و كاریگه‌رییه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: زانستی ئه‌ندازیاری به‌هه‌موو به‌شه‌كانیانه‌وه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری و چانسێكی گه‌وره‌ن، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان ده‌یبین ئه‌ندازیاران پشكی شیریان هه‌بوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌  ئه‌ندازیار ده‌بێ ڕه‌خنه‌گر و بونیادنه‌ر و داهێنه‌ر بێ.

 

گرنگه‌ ئه‌ندازیاران خاوه‌ن بیرۆكه‌ و داهێنان و وه‌به‌رهێنان بن

د.یوسف گۆران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا باسی له‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بواری ئه‌ندازیاری كرد و وتی: له‌ ڕاستیدا كێشه‌ی ئه‌وه‌مان نیه‌ ئایا له‌ چ بوارێكی ئه‌ندازیاری پسپۆڕیمان هه‌بێ (شارستانی، كاره‌با، میكانیك، كیمیا، نه‌وت، ته‌لارسازی یان هه‌ر پسپۆڕییه‌كی دیكه‌)، به‌ڵكو گرنگه‌ ئه‌ندازیاره‌كانمان بیرۆكه‌یان هه‌بێت و، له‌هه‌مان كاتدا بتوانن ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بگۆڕن بۆ ریالیتی و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جیبه‌جێیان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا به‌به‌گه‌ڕخستنی توانای ئێوه‌ی به‌ڕێز هه‌یه ‌له‌ دانانی پرۆگرامه‌كان و گرنگی ته‌واو بده‌ن به‌بابه‌ته‌ زانستیه‌كان و ماتماتیك، چونكه‌ ئێستا به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ كه‌رتی تایبه‌ت ڕۆڵی گه‌وره‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نیشتیمان هه‌یه‌ و، ئه‌ركی ئه‌ندازیارانه‌ بتوانن  جۆریك له‌ ئه‌ندازیاری له‌ هه‌مو بواره‌كان پێبگه‌یه‌نن، كه‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ و بیرۆكه‌ و وه‌به‌رهێنان بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و بواره‌ به‌رێوه‌ببه‌ن كه‌ پسۆڕییان لێ ده‌بێ، بێگومان ئه‌وه‌ش پێویستی به‌توانای ئێوه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌.

 

دونیا به‌ره‌وه‌ گۆرانكاری مه‌ڵتیدیسپلینه‌

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: به‌پێیی دواین ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌ی (STEM)ی جیهانی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دیراسه‌ت و توێژینه‌وه‌ له‌ بواره‌كانی ئه‌ندازیاری و زانست و ته‌كنه‌لۆجیا و ماتماتیك، له‌ ڕاپۆرته‌كانیاندا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌موكوڕ زۆر هه‌یه‌ له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندنی ئه‌ندازیاری، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆر جار بابه‌تی گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندنی ئه‌ندازیاری جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌بی ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندی بابه‌ته‌كان، بۆ نمونه‌ له ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مریكا تا شه‌ری جیهانی یه‌كه‌م له‌ خوێندنی ئه‌ندازیاریدا فۆكس ده‌خرایه‌ سه‌ر لایه‌نی ڕاهێنان و پراكتیك، نه‌ك بواری تیۆری و ماتماتیك، به‌ڵام له دوای ‌شه‌ری جیهانی یه‌كه‌م گۆرانكاری تێدا كرا، ئه‌وه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌پسپۆڕانی ئه‌وروپی بوو، كه‌ كه‌لتوری زانستی ماتماتیكیان هێنایه‌ ناو ئه‌م زانسته‌ و، له‌گه‌ڵ كه‌لتوری ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و بواره‌وه‌ چاكسازییان تێدا كرد، هه‌ربۆیه‌  له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌م پڕۆگرامه‌كانی ئه‌ندازیاری زیاتر ڕویان له‌ بواری شیكاری كرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی پسپۆڕانی بواری فیزیا به‌دیهات، بۆیه‌ ئێستا دونیا به‌ره‌وه‌ گۆڕانكاری مه‌ڵتیدیسپلینه‌، گۆڕانكاری له‌هه‌ر بوارێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر بواره‌كانی دیكه‌ ده‌بێ، ئه‌وه‌ش پێویست ده‌كات له‌ كاتی هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ده‌بێ ئاگاداری گۆڕانكاری بواره‌كانی دیكه‌ش بین، ئه‌و پرنسیپه‌‌ بۆ بواری ئه‌ندازیاریش هه‌ر راسته‌.

 

بۆلۆنیا پرۆسێس به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كات

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد و له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: له‌ ساڵی (2015) و دوای تێپه‌ڕبونی ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونمان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین سمینارێكمان به‌ناونیشانی (جێبه‌جێكردنی ڕیفۆرمی جۆری سیستمی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان و بۆلۆنیا پرۆسێس) به‌ناونیشانی (پلان و دیدگای نوێ بۆ ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان) پێشكه‌شكرد، له‌وێدا به‌ویستێكی به‌هێزه‌وه‌ باسمان له‌و گۆڕانكاریانه‌ كرد كه‌ به‌نیازین ئه‌نجامیانبدین و، وتمان ده‌مانه‌وێ بۆلۆنیا پرۆسێس جێبه‌جێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆرێك له‌ كێشه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ بۆلۆنیا پرۆسێس پڕۆژه‌یه‌كی زانستی پر بایه‌خه‌ له‌ خوێندنی باڵادا و پێوه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و له‌ ئیستادا ئه‌و‌ سیستمی خوێندنه‌ له‌ 48 وڵاتی جیهان جیبه‌جی ده‌كرێ و زانكۆكانیان په‌یڕه‌وی ئه‌و سیستمه‌ ده‌كه‌ن، چه‌ند لایه‌نێكی فراوان ده‌گرێته‌وه،‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌و پرۆسیسه‌‌ جیبه‌جێ بكه‌ین به‌شێكی زۆر له‌ گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌بێ، له‌وانه‌ یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان، هه‌ژماركردنی یه‌كه‌كان و سه‌عاته‌كانی خوێندن و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ندێك له‌ زانكۆكان ئێستا به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و، به‌شێكی دیكه‌شیان له‌ هه‌نگاوه‌كانیان به‌رده‌وامن، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌وڵبده‌ین ئه‌و سیستمه‌ له‌ بواری ئه‌ندازیاری و له‌ كۆلێژه‌كانی جێبه‌جێی بكه‌ین.

 

ده‌بێ ئه‌م وۆركشۆپه‌ ببێته‌ وێستگه‌یه‌كی گرنگ بۆ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی ئه‌ندازیاری

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ده‌بێ ئه‌م وۆركشۆپه‌ ببێته‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی ئه‌ندازیاران ده‌بێته‌وه، له‌هه‌مان كاتدا ببێته‌ وێستگه‌یه‌ك ‌بۆ په‌ره‌پێدان به‌خوێندنی ئه‌ندازیاری له‌ كوردستان، وتیشی ئێستا له‌ بواری پێداگۆجی‌ له‌گه‌ڵ فنلاندا هه‌نگاوی گرنگ چوینه‌ته‌ پێشه‌وه، له‌هه‌مان كاتدا‌ له‌ دانانی نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ بواری خوێندنی ئه‌ندازیاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی هه‌نگاوه‌كان ده‌ستیان پێكردوه‌، به‌وه‌ش ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئامانجی باڵا، وتیشی یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی ئێستا هه‌مانه‌ بایه‌خ نه‌دانه‌ به‌ پڕۆژه‌ی ده‌رچوانی كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری، چونكه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین كه‌ بیرۆكه‌ جیهانیه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندوه‌ شتی گه‌وره‌ له‌ بچوكه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

 

ده‌بێ خوێندكارانی كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری به‌شداربن له‌ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هیوای خواست هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ نێوان كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری و یه‌كێتیی و سه‌ندیكاكانی ئه‌ندازیاری هه‌بێ، چونكه‌ كێشه‌یه‌كی زۆرمان هه‌یه‌ و ده‌رچوان راسته‌وخۆ ڕێگه‌یان ناده‌ن به‌شداری له‌ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی بكه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ دوای ده‌رچون خویندكاران به‌سود وه‌رگرتن له‌ و بواره‌ تواناكانیان زۆر به‌هێز بكه‌ن، چونكه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانمان لاوازی سكیڵی ده‌رچوانمانه، بۆیه‌ هیوام وایه‌ ئه‌و په‌یپه‌ر و پێشنیازانه‌ی لێره‌ ده‌خرێته‌ڕو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی خۆمان بێ، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ كاری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌م وۆركشۆپه‌ ده‌درێن.

 

بواری ئه‌ندازیاری له‌ كوردستان به‌ژماره‌

پاشان د.داود سلێمان ئه‌تروشی سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری وتارێكی پیشكه‌ش كرد، له‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌هه‌نگاوه‌كانی پێداچونه‌وه‌ به‌پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری كرد و ڕایگه‌یاند: له‌ ناوه‌راستی ساڵی(2017)‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بڕیاریدا به‌ پێداچونه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی خوێندنی ئه‌ندازیاری له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستا، و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی باڵای له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت پێكها،. بۆ گفتۆگۆی پوخته‌ی ئه‌م كارانه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێك ئه‌نجام دراون، هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ژماره‌ی كۆلێژ و به‌شه‌كانی ئه‌ندازیاری كرد و ڕایگه‌یاند: له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان (11) كۆلێژی ئه‌ندازیاری و (42) به‌شی زانستی له‌ بواره‌ جیاكانی ئه‌ندازیاری هه‌یه‌، كه‌ (8723) خوێندكار له‌ خۆده‌گرن و، له‌لایه‌ن ستافێكی زانستی كه‌ ژماره‌یان (808) مامۆستایه‌ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌، هیواشی خواست له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژی وۆركشۆپه‌كه‌دا گفتوگۆی جدی له‌باری بابه‌ته‌ جیاكان و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری بكه‌ن.

 

كاركردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاوێكی گرنگه‌

هه‌ر له‌و  وۆركشۆپه‌دا، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری وتارێكی پێشكه‌شكرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی له‌ كارنامه‌ی ده‌زگاكه‌یان كرد و وتی: گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن یه‌كێكه‌ له‌و كار و پرۆژه‌ گرنگانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ش بۆ خوگونجاندنه‌ له‌گه‌ڵ بازاری كاری كوردستان و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ جیهان ڕوده‌ده‌ن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كاركردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یه‌كێكه‌ له‌و كار و هه‌نگاوه‌ گرنگانه‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌شه‌ زانستیه‌كان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری باسی له‌ كارنامه‌ی ده‌زگاكه‌ی كرد بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ كرد.

 

وۆركشۆپه‌كه‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ

هه‌ر له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌دا، كه‌ له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هۆتێل شیراتۆن به‌رێوه‌ده‌چێ، وتاری یه‌كێیتی و سه‌ندیكاكانی ئه‌ندازیاری كوردستان پێشكه‌شكرا، پاشانیش كارنامه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌ ده‌ستیپیكرد، كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی دوڕۆژدا له‌به‌ر رۆشنایی چه‌ند باسێكدا گفتوگۆی ورد له‌باره‌ی چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی پرۆگرامه‌كانی ئه‌ندازیاری له‌ زانكۆكانی كوردستان بكرێ و، چه‌ندین پێشنیاز گه‌ڵاڵه‌ بكرێ.