Nov 2016

ساڵى نوێى خوێندن لە زانکۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆیی دەستپێکرد

گه‌شه‌پێدانی مرۆیی

وەک پێشتر رایگەیاندبوو زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى دەوامى فەرمى خوێندکارانى بۆ ساڵى نوێى خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) لە ڕێكه‌وتی (٢/9)  دەستپێکرد.

بە ئامادەبوونی خوێندكارانی بەش و قۆناغەكانی سیستەمی بۆڵۆنیا، سەعات ٩ی بەیانی رۆژی یەكشەممە (٢ی ئەیلولی ٢٠١٨) یەكەمین وانەی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) له‌ زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەستی پێكرد.

بۆ سەرخستنى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان (حکومى و تایبەتەکان)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە لەسەر دانانى ساڵنامەى یەکگرتوو بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی سیستمی خوێندنی کرێدیتی ئەوروپی (ECTS) ناسراو بە پرۆسەی بۆڵۆنیا پیادە دەکات، هەر بۆیە هاوشێوه‌ی پارساڵ سەرۆكایەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی رۆژى (2/9/2018)ی وەک یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی (2018-2019) راگەیاندو، بۆ ئەم مەبەستەش دەوامى فەرمى زانکۆ لەسەرجەم بەشەکان دەستى پێکرد.

ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌كاتی خوێدا كارئاسانی ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان و، سود وه‌رگرتن له‌ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خوێندن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زانكۆكان ده‌توانن زوتر ئه‌كریده‌یتشن وه‌ربگرن، هەروەک لەلایەکى دیکەشەوە ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌كاتی خوێدا وادەکات پرۆگرامەکانى خوێندن لەزانکۆ لەکاتى دیاریکراودا تەواوبکرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەخت دەکاتەوە لەسەر دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنى خوێندکاران لە زانکۆکان لە کاتى دیاریکراوی خۆیدا.

جێگەى ئاماژەیە زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی بۆ ساڵی دووه‌مه‌ 2/9 دەستدەکات بەپرۆسەى خوێندن ئەویش له‌چوار چێوه‌ی پیاده‌كردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس و خوێندن به‌شێوازی سیستمی كرێدیتی ئه‌وروپی ناسراو به‌ (ECTS)، سمیسته‌ره‌كانی خوێندنی وا رێكخستووه‌ كه‌ هاوشێوەی زۆربەی زانکۆکانی جیهان بكەوێتە سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول.