Nov 2016

لە مەراسیمێکدا د.یوسف گۆران ڕێزى لە (١٦٧)پڕۆفیسۆر گرت، کە لە زانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر دەوام دەکەن

Marsimi Rizlinan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەو هەموو گەمارۆ سیاسى و ئابورى و دەرونیەى، کە کرایە سەرمان چ لەسەرەتاى ساڵى نەوەدەکان و چ ئێستا نەیانتوانى ببنە هۆکارى ئەوەى گەمارۆى زانستیمان بخرێتەسەر، ئەوەى کەنەشیهێشت گەمارۆى زانستی بخرێتەسەر هەرێمەکەمان و گەنجان و قوتابیان و خوێندکارانمانن ئێوە بوون، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئێوە سەرمەشقى ئەو قافڵەیە بوون کەنەتانهێشت پڕۆسەى خوێندن و لاوازکردنى کوردستان لەڕووى زانستییەوە سەربگرێت.

ئەو وتانەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى مەراسیمى ڕێزلێنان بۆ هەڵگرانى پلەى زانستى پڕۆفیسۆر، کە لەئێستادا لەزانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر خزمەت دەکەن هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (27/6/2018) لەهۆڵى سێنتەرى ڕۆشەنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین  بە ئامادەبون و چاودێرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک زانکۆ و نوێنەرى سەرۆک زانکۆکان یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى کۆلێژەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکیدا د.یوسف گۆران وتى: پێخۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێکى دیکە لەبۆنەیەکى تایبەت و ڕێزلێنان لەئێوەى قەدرگران لەگەڵتاندابم، پێموایە کەمترین شت کە ئێمە بتوانین لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا کە دەیان ساڵى تەمەنى خۆتان بۆ خزمەت کردنى زانست و قوتابیان و خوێندکارانى ئەم وڵاتە تەرخان کرد کەوا ئێمە ئەمڕۆ بێین ساتێکى خۆمان بۆ ئێوە تەرخان بکەین و ئەو دیدارەتان بۆ ڕێک بخەین.

هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: ئەوەى کە ئەمرۆ دەیکەین تەنها شتێکى سیمبولیە، تەقدیر و وەفاى ئێوە بەهیچ شێوەیەک و بەهیچ موناسەبەک ناکرێت، وتیشى: ئێمە ئەزانین لە چ دۆخێکدا مامۆستایان هاتن و ئەرکى زانستى و کارگێڕى خۆیان جێبەجێ کرد، د.یوسف گۆران ڕوونیشى کردەوە کە لەسەرەتاى پرۆسەى خوێندن لەکوردستان 157 مامۆستامان هەبوە لەیەک زانکۆ، بەڵام ئێستا نزیکەى 170 پڕۆفیسۆر ڕێزلێنانیان بۆ دەکرێت، ئەمە خۆى لەخۆیدا ئەوە پیشان دەدات کە کوردستان چ گەشەیەکى کردووە.

لەبەشیکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: چۆن لە ڕابردودا نەیانتوانى ڕەوتى زانستى ئێمە ڕابگرن، لە قۆناخى نوێشدا نەیانتوانى بەو هەموو گەمارۆ سیاسى و ئابورى و دەرونیەى کردیانە سەرمان چۆکمان پێ دادەن، ڕاشیگەیاند: ئەوەى کەنەیهێشت گەمارۆى زانستی بخرێتەسەر هەرێمەکەمان و گەنجان و قوتابیان و خوێندکارانمان ئێوە بوون، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئێوە سەرمەشقى ئەو قافڵەیە بوون کەنەتانهێشت پڕۆسەى خوێندن و لاوازکردنى کوردستان لەڕووى زانستییەوە سەربگرێت.

هەر لەوتارەکەیدا د.یوسف گۆران وتى: ئێمە سوپاستان ئەکەین و دەستى ماندوبونتان ئەگوشین و پێمان وایە کارى ئێوە تەواو نابێت و ئێمە لە چەندین بۆنەى جیاوازدا بەردەوام لە کۆنفرانسەکان و ئەو ئەنجومەنە تازانە کە دروستمان کردوون بۆ توێژینەوە لە رانکینگەکاندا لەهەموو بۆنەکاندا لەگۆڤارانەى کە دەردەچێت ئێوە دەستى باڵاتان هەیە، ئەوەشى ئاشکراکرد: بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئێمە خاوەنى مامۆستاى وەکو ئێوە و پڕۆفیسۆر و زانکۆى باش بین هیچ دوژمنێک ناتوانێت زەفەرمان پێببات، چونکە سەرەتاى دروستکردن و ڕوخاندنى وڵات لەخوێندن دەست پێدەکات ، سەرەتاى خوێندنى باش لەبوونى مامۆستاى باش و دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەست پێدەکات.

لەکۆتایى وتارەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپڕۆفیسۆرانى ئامادەبووى مەراسیمەکەى ڕایگەیاند: سوپاستان دەکەین ئێوە ئەو شەرەفەتاندا، کە ئێمە ئەمڕۆ بتوانین بۆ کەمێکیش ئەو قەرزە بدەینەوە ولەسەرشانمانە و هەستى پێدەکەین، سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەدین و لیژنەى ئامادەکارى ڕێزلێنانەکە لە وەزارەت دەکەین.

هەر لەو مەراسیمەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڕحەدین لەوتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەمرۆ رۆژێکى پیرۆز و خۆشە لاى ئێمە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیارى ئەوەى داوە لەخزمەتى ئێوەدا بێت و ڕێزلێنان و خەڵات بۆ ئێوە ئەنجامدا، هەرچى بکرێت بۆ ئێوە هەر کەمە چونکە ئێوە زیاتر لە ٣٠ ساڵى تەمەنى خۆتان بەخشیوە بەزانست .د.ئەحمەد دزەیى وتیشى: لەپاش راپەرینەوە تەنها یەک زانکۆمان هەبوو لەگەڵ ١٥٧ مامۆستا، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٠ زانکۆى حکومى و تایبەت و زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستامان هەیە و، زیاتر لە 130 پرۆفیسۆرمان تەنها لەزانکۆى سەڵاحەدین هەیە.

هەر لەمەراسیمەکەدا پ.د.ئازاد فەیزوڵڵا بەنوێنەرایەتى پڕۆفیسۆرانى زانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و  بەناوى ئامادبووانەوە دواى ئەوەى سوپاس و پێزانینى ئاراستەى وەزارەت كرد بۆ ئەو ڕێزلێنانە وتى: ئەم بۆنەیە هاندەرێکى مەعنەوى گرنگە بۆ ئێمە، ئەوەشى ڕاگەیاند ئەو مامۆستایانەى کە ئەمڕۆ ڕیزلێنان و خەڵاتەیان پێشکەش کرد، کە جێگايان لەپڕۆسەى زانست و فێرکردندا دیارە، چونکە ئێوە لە دژوارترین ساتەکانى ئەو میللەتە کۆڵتانن نەدا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند:ئەمە هاندەرە بۆ بەردەوامى.

هەر لە مەراسیمى ڕێزلێنان بۆ هەڵگرانى پلەى زانستى پڕۆفیسۆر، کە لەئێستادا لەزانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر خزمەت دەکەن و، ژمارەکەیان 167 پرۆفیسۆر بوو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەڵات و ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانینى وەزارەتى لەبەرامبەر ئەو خزمەتى چەند ساڵەى ڕابردوو کە پێشکەشى پڕۆسەى خوێندن و بەرەو پێشبردنى زانست لەکوردستان بردوو، پێشکەش کردن.